
* نەوژین
لە بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی هەڵەبجە تەنها چوار ژن هەن، سێ لەو ژنانەش بەرپرسیارێتیان پێ دراوە، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیەکە دەڵێت: هۆکاری کەمی کارمەندی ژن لە بەڕێوەبەرایەتیەکە نەبون یان کەمی ئەفسەری ژنە لە ناوچەکە.
لەنێو بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان و خێزانی هەڵەبجە، ١٨ ئەفسەر و کارمەند هەن، لەو ژمارەیە ٤ـیان ژنن، بورهان ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیەکە، بە نەوژینی راگەیاند: ئێمە لەساڵی رابردوەوە کە بەڕێوەبەرایەتیەکەمان کردەوە، ١٣ ئەفسەر و کارمەندبوین کە سەرجەم کارەکانمان بەڕێوەدەبرد، هیچ یەک لەمانەش ژن نەبون، بەڵام لە سەرەتای ئەم مانگە و دوای بڕیاری دامەزراندنی ٥٠٠ کەس لە سنوری هەڵەبجە بە گرێبەست، ٨ کارمەندی مەدەنی بۆ بەڕێوەبەرایەتیەکە نێردران کە پێنجیان دەستبەکاربون، لەمانەش ٤ـیان ژنن.
لەبارەی کەمی کارمەندە ژنەکان، بورهان ئەحمەد وتی: بەڕێوەبەرایەتیەکەی ئێمە پێویستی بە ئەفسەری سەربازی هەیە، چونکە لە شاری هەڵەبجەش ئەفسەری ژن بونی نییە یان زۆر کەمە، بۆیە کەمترین ژن لە بەڕێوەبەرایەتیەکە کاردەکەن، وەک چارەسەریش پێشنیاری کرد: لەڕێگەی کۆلێژە سەربازییەکان و کردنەوەی خولی تایبەت رێژەی ژنان لە ناوچەکە لەم بوارەوە زیاد بکرێت.
بەڕێوەبەری بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی هەڵەبجە، جەختیکردەوە: ئێمە کێشەی کەمی کارمەندمان هەیە لە بەڕێوەبەرایەتیەکە، بەشێوەیەک ئەفسەرمان هەیە بەشێک یان دو بەشی بەڕێوەبەرایەتیەکە بەڕێوەدەبات، بەڵام گەر کەمی ئەفسەر و کارمەند جارێک کێشە بێت، کەمی کارمەندی ژن بۆ بەڕێوەبەرایەتیەکی وەک ئێمە کە بەزۆری کار لەسەر کەیسی ژنان دەکەین دو جار کێشەیە.
رونیکردەوە: چونکە بەشێکی وەک؛ راوێژکاری خێزانی، زۆر گرنگە ژنی لێبێت تاوەکو یارمەتی ژنانی خاوەن کێشە بدات، بەهەمان شێوە لێکۆڵەری ژنیش بۆ بەڕێوەبەرایەتیەکە پێویستییە، باسیلەوەشکرد: لە رابردودا هەمیشە کاتێک داوای کارمەندمان کردوە، داوای ئەوەمان کردوە گرنگی بە رەگەزی مێ بدرێت.
خودی بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی هەڵەبجە لە (٨) بەش دا خۆی دەبینێتەوە (یاسا، ئامار و پلاندانان، کارگێریی و سەرچاوەمرۆییەکان، ژمێریاری، جوڵان و تاوان، میر و ئامێرسازیی، راگەیاندن و سەنتەری راوێژکاری)، هەروەها بەڕێوەبەرایەتیەکە ٢٨ هۆبەش لەخۆدەگرێت، بەشێوەیەک هەریەک لەو بەشانە بەلایەنی کەم لە سێ هۆبە پێکدێن.
سێ لەم بەشانە لەلایەن ژنانەوە بەڕێوەدەبرێن، کە ئەوانیش بەشەکانی؛ راگەیاندن، کارگێڕی و سەرچاوەمرۆییەکان و ژمێریاریین.