
* نەوژین
شەوی رابردو، ٢٢ـی ئەیلول، لە فەرەنسا، رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتی باڵۆندۆری ئەمساڵ بەڕێوەچو و لە ئاستی خانمان پێنج کەس خەڵاتکران.
لە ئاهەنگەکەدا، ئایتانا بۆنماتی، یاریزانی ئیسپانی و یانەی بارسێلۆنا، بۆ سێیەمجار لەسەریەک خەڵاتی باڵۆندۆری خانمانی بەدەستهێنا، هاوکات باجۆر، هاوڕێی تیمی بۆنماتی لە بارسێلۆنا، خەڵاتی گێرد مۆلەری بۆ باشترین گۆڵکاری خانمان بردەوە.
لە بەشێکی دیکەی رێوڕەسمەکەدا، سارینا وایگمان، راهێنەری هەڵبژاردەی خانمانی ئینگلتەرا، وەک باشترین راهێنەری تیپی خانمان دەستنیشانکرا، خەڵاتی کۆپا بۆ باشترین یاریزانی لاوی ساڵی ٢٠٢٥ـیش بەخشرایە ڤیکی لۆپێز، یاریزانی لاوی بارسێلۆنا.
هەروەها ئەمساڵ بۆ یەکەمجار خەڵاتی یاشین ترۆفی کە دەدرێت بە باشترین گۆڵپارێز، لە ئاستی خانمانیش بەخشرا، براوەکە؛ هانا هامپتۆن، گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا و یانەی چێڵسی بو.
سەبارەت بە باشترین تیپەکان، تیپی خانمانی یانەی ئارسناڵ، کە براوەی چامپیۆنزلیگ بون، وەک باشترین تیپی خانمانی ساڵ هەڵبژێردران.