خانمانی میسڕ بونە پاڵەوانی جامی جیهانی
رەنگاڵە
2025/09/22 , بینین : 28


* نەوژین

پاڵەوانێتی جامی جیهانی تۆپی پێی بچوککراوەی خانمان کە لە شاری هەولێر بەڕێوەچو کۆتایی هات، میسڕ بوە پاڵەوان و خانمانی کوردستان چوارەم بون.

دوای شەش رۆژی پڕ لە رکابەری لەلایەن هەشت هەڵبژاردەوە بۆ بردنەوەی جامی جیهانی، ئەمڕۆ پاڵەوانێتیەکە کۆتایی هات، میسڕ و بەڕازیل یاری کۆتاییان ئەنجامدا و بە گۆڵێک یەکسان بون، دواتر بە لێدانی یەکلاکەرەوە میسڕ توانی براوەبێت و ببێتە پاڵەوان.

لە یاریکردن بۆ دیاریکردنی پلەی سێیەمیش، هەریەک لە هەڵبژاردەکانی کوردستان و لوبنان ئێوارەی ئەمڕۆ یاریانکرد، لوبنان توانی بە ٥ گۆڵی بێ وەڵام براوەبێت، بەو ئەنجامەش لوبنان بو بە سێیەمی پاڵەوانێتیەکە و کوردستانیش چوارەم بو.

پاڵەوانێتیەکە لە رۆژی ١٧ـی ئەم مانگە لە شاری هەولێر دەستیپێکرد، لەبارەیەوە ئەوکات هۆشەنگ عەبدوڵڵا، بەرپرسی راگەیاندنی پاڵەوانێتیەکە، بە نەوژینی راگەیاند: هەر دوای دامەزراندنی فیدراسیۆنەکە لە وڵاتی سعودیە، بڕیاردراوە پاڵەوانێتیەکە لە شاری هەولێر ئەنجامبدرێت، ئەمەش بەهۆی سەقامگیری ناوچەکە و جێگیری پلەکانی گەرما لەم ماوەیەدا.

وتیشی: ئەمە پاڵپشت و  پشتگیری و پشتیوانییەکی باشە بۆ پێشخستنی بواری وەرزشی خانمان لە هەرێمی کوردستان.

لە پاڵەوانیەتیەکەدا هەشت هەڵبژاردە بەشداربون و بەسەر دو گروپدا دابەشبون، یاریەکان سەرجەمیان لە یاریگای زانکۆی جیهان ئەنجامدران.

زۆرترین بینراوەکان