هەڵەبجە بۆ دوەمین ساڵ لەسەریەک میوانداری شیعری ژنان دەکات
کلتور
2025/09/18 , بینین : 32


* نەوژین

بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری هەڵەبجە، میوانداری دوەمین فیستیڤاڵی ئەدەبی شیعری ژنان دەکات؛ تێیدا هەشت ژنە شاعیر بە بەرهەمەکانیان بەشداری دەکەن و دو لێکۆڵینەوەی شیعریش پێشکەش دەکرێن.

بەڕێوەبەرایەتى گشتیى رۆشنبیرى و هونەرى هەڵەبجە بڵاویکردوەتەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە (١٨ـی ئەیلول)، لە کاتژمێر ١٠ـی سەرلەبەیانىەوە، لە هۆڵى پڕۆفیسۆر دکتۆر مستەفا زەڵمى، لەژێر دروشمى،" ژنان، تەنها بە قەڵەمى خۆیان رازەکانیان دەنوسنەوە"، دوەمین فیستیڤاڵى ئەدەبى شیعرى ژنان، دەستپێدەکات و تاوەکو ئێوارە بەردەوامی دەبێت، لەکۆتایی فیستیڤاڵەکەش ژنە شاعیرەکان خەڵاتدەکرێن.

لە فیستیڤاڵەکە دا هەشت ژنە شاعیر بە هەشت شیعرى جیاواز بەشداری دەکەن، هەروەک دو لێکۆڵینەوەی شیعریش پێشکەش دەکرێن.

لیستی ژنە شاعیرە بەشداربوەکان و بەرهەمەکانیان بەمشێوەیە: شەیدا مەعروف بە شیعری ‘ژنێکی کۆچەرم بەشدارە’، ژیان قەرەداغى بە ‘لەدایکبونی عیشق’ بەشدارە، کەتان خادیمى بە ‘ژنێک لە شۆڕش’ بەشدارە، رێزان قەساب، بە ‘سانا’ بەشدارە، شەرمین وەلى، بە شیعری ‘تۆ.. ئەوکاتەی من مەریەمم’ بەشدارە، سازیانى شەهید تالب، بە ‘شاییەکەی باوکم’ بەشدارە، رێبینى شیرین، بە ‘یادنامە’ بەشدارە و لەیلای رەزایی ـش بە ‘بەرزەخی ژنبون’ بەشدارە.

لێکۆڵینەوە شیعریەکان کە دواى کاتژمێر ٣ـى پاشنیوەڕۆ پێشکەشدەکرێن: ‘بونیادی زمان لە شیعری ژنانی کورد’، لەلایەن پەری خەیلانیەوە ئامادەکراوە و ژن و شیعر لەلایەن رەوەند ساڵحەوە ئامادەکراوە.

زۆرترین بینراوەکان