
* نەوژین
خانمە رۆژنامەنوسێکی شاری دهۆک، بوە براوەی خەڵاتی یەکەمی تۆڕی ئۆزۆن بۆ پاراستنی ژینگە، کە لەسەر ئاستی عێراق پێشبڕکێکە کرا و زیاد لە ٢٠٠ کەس بۆی کاندید بون، ئەو دەڵێت: خۆم قوربانی پیسبونی ژینگەم، بۆیە بڕیامدا ببمە فریادڕەس.
سەجا ئیسماعیل، خانمە رۆژنامەنوسێکی شاری دهۆکە، ماوەی زیاد لە ١٠ ساڵە وەک رۆژنامەوان لە شارەکەی کاردەکات، بە وتەی خۆی، کارەکانی زیاتر لە بواری ژینگەی هەرێمی کوردستانن.
ئەو دوێنێ ١٦ـی ئەیلول، خەڵاتی باشترین رۆژنامەوانی ژینگەیی لەلایەن تۆڕی ئۆزۆن بۆ پاراستنی ژینگە؛ کە بریتییە لە کۆمەڵێک رێکخراوی ناحکومی لە عێراق کە کار بۆ پاراستنی ژینگە و روبەڕوبونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا دەکەن، پێ بەخشرا.
تۆڕی ئۆزۆن، لە زۆرینەی وڵاتە عەرەبیەکان ساڵانە لە رۆژی ١٦ـی ئەیلول، کە دەکاتە رۆژی جیهانی پاراستنی چینی ئۆزۆن، وەک بەبیرهێنانەوەیەک، مەراسیمی دابەشکردنی خەڵات ئەنجامدەدات، ئەمەش بە مەبەستی پاڵپشتی و هاندانی ئەو کەسانەی لەبواری پاراستنی ژینگە کار دەکەن، ئەمساڵ ساڵی یەکەم بو لە عێراق مەراسیمەکە ئەنجامبدرێت.
مەرجەکان بۆ کاندیدبون بۆ بەدەستهێنانی ئەم خەڵاتە بریتیبون لە؛ رۆژنامەنوسەکە خەڵکی عێراق بێت، لەماوەی ساڵانی ٢٠٢٤-٢٠٢٥ چەند راپۆرتێکی ژینگەیی بونیادنەری ئامادەکردبێت، هەروەک راپۆرتەکە کاریگەری ئەرێنی هەبوبێت.
سەجا ئیسماعیل، بە نەوژینی وت: لەو ماوەیەی کە دیارییان کردبو، من بە نزیکەیی ٢٢ راپۆرتم بۆ هەریەک لە ماڵپەڕی کەرکوک ناو و الکردستان عربیە، ئامادەکردبو، کە سەرجەمیان بەشێوازی راپۆرتی بونیادنەر بون، کە شێوازێکی رۆژنامەوانی نوێیە، تێیدا لەبری خستنەڕوی کێشەکان دەستپێشخەریەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان گرنگی پێدەدرێت.
زیاد لە ٢٠٠ رۆژنامەنوس و چالاکی ژینگەیی بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتەکە کاندید بون، چوار کەس لە چوار پارێزگای جیاوازی عێراق وەک براوە لەمیانی مەراسیمێک دا لە شاری هەولێر خەڵاتکران، کە سەجا پلەی یەکەمی بەدەستهێنا.
سەجا، توشبوی نەخۆشیەکی درێژخایەنە، کە بە وتەی خۆی پزیشکەکان پێیان راگەیاندوە: بەهۆی پیسی ژینگە و هەڵمژینی هەوای پیس توشی نەخۆشیەکە بوە، وتی: لەدوای زانینی ئەو هەواڵە، لەبری بێتاقەتبون و پەرێشانی، بڕیارم دا، ببمە ئومێد بۆ کەسانی دیکە، تاوەکو هاوشێوەی من نەبنە قوربانی، چونکە رۆژنامەنوس بوم، بوارەکەم کرد بە دەرفەت و چەندین راپۆرتی هۆشیاریم ئامادەکرد.
بەپێی راپۆرتی تەندروستی جیهانی، سەرباری ئەوەی پیسبونی ژینگە کاریگەرییەکی بەربڵاوی هەیە لەسەر هەمو کەسێک، بەڵام هەندێک کۆمەڵە، وەک مناڵ و ژنان بە گشتی و بە تایبەتی ژنانی دوگیان، زۆرترین کاریگەرییان لەسەرە، ئەمەش بەهۆی جیاوازیی بایۆلۆجی و کۆمەڵایەتییەوە.
ئەم خانمە رۆژنامەنوسە، هاوکات ئەندامی تۆڕی رۆژنامەنوسانی ژنە بۆ روماڵکردنی ژینگەیی لە عێراق، کە تۆڕەکە لە ١٨ ژنە رۆژنامەنوسی عێراقی پێکدێت و لەلایەن ماڵپەڕی کەرکوک ناوەوە پاڵپشتی دەکرێت، کاری سەرەکیان بەرهەمهێنانی راپۆرتی رۆژنامەوانییە لەبارەی ژینگە.