
* نەوژین، هۆزان فەریق
هەولێر پێشوازی لە پاڵەوانێتی جامی جیهانی تۆپی پێی بچوککراوەی خانمان دەکات، بەرپرسی راگەیاندنی پاڵەوانێتیەکە، دەڵێت: دەبێتە پاڵپشتێکی باش بۆ پێشخستنی وەرزشی خانمان لە هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ چوارشەممە (١٧ـی ئەیلول)، کاتژمێر ٦ـی ئێوارە، لە هەرێمی کوردستان دەستپێکی پاڵەوانێتی جامی جیهانی تۆپی پێی بچوککراوەی خانمان دەبێت، پاڵەوانیەتیەکە بە یاری نێوان هەڵبژاردەی کوردستان و ئوردن دەستپێدەکات.
لەوبارەیەوە هۆشەنگ عەبدوڵڵا، بەرپرسی راگەیاندنی پاڵەوانێتیەکە، بە نەوژینی راگەیاند: هەر دوای دامەزراندنی فیدراسیۆنەکە لە وڵاتی سعودیە، بڕیاردرا پاڵەوانێتی تۆپی پێی بچوککراوەی کوڕان لە قەتەر و هی خانمانیش لە هەولێر بەڕێوەبچێت، هۆکاری هەڵبژاردنی هەولێر بۆ دۆخی سەقامگیری ناوچەکە و کەشی جێگیری پلەکانی گەرما لەم ماوەیەدا گەڕایەوە.
جەختیکردەوە: ئەمە پاڵپشت و پشتگیری و پشتیوانییەکی باشە بۆ پێشخستنی بواری وەرزشی خانمان لە هەرێمی کوردستان، هەر بەشداریکردنی ئەوان لە پاڵەوانێتیەکەی لەمشێوەیە گرنگی خۆی هەیە بۆیان و دەبێتە ئەزمونی گەورە بۆ هەریەکەیان.
لە پاڵەوانیەتیەکەدا هەشت هەڵبژاردە بەشدارن و بەسەر دو گروپدا دابەشبون، لەهەر گروپێک دو تیپ بە یەکەم و دوەم سەردەکەون بۆ قۆناغی دواتر، پاشان لەچوارگۆشەی زێڕین یەکەمی هەر گروپێک لەگەڵ دوەمی گروپەکەیتر یاریدەکەن، هۆشەنگ عەبدوڵڵا، وتی: براوە دەبێتە خاوەن جام و مەدالیای پاڵەوانێتیەکە.
بۆ پاڵەوانێتیەکە یاریگای زانکۆی جیهان لە هەولێر دیاریکراوە و خشتەیەک تایبەت بە یاریەکان لەو یاریگایە بڵاوکراونەتەوە، بەپێی خشتەکە رۆژانی ١٧ تاوەکو ٢٠ـی ئەم مانگە قۆناغی یەکەمی پاڵەوانێتیەکە بەڕێوەدەچێت.
هەڵبژاردە بەشداربوەکان بریتین لە: کوردستان، ئوردن، بەرازیل، میسڕ، لوبنان، ئۆگەندا، پاکستان و هایتی.