
* نەوژین
تۆمەتباری روداوی کوشتنی دایک و کچەکەی هەڵەبجە دەستگیرکرا؛ پۆلیسی شارەکەش دەڵێت: بەپێی ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عێراقی لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت.
کاتژمێر ۷:۲۰ خولەکی ئێوارەی دوێنێ شەممە، لە گەڕەگی باخی میر لە شاری هەڵەبجە، دایکێک و کچەکەی بە گوللە کۆتایی بە ژیانیان هێندرا، لەبارەیە درەنگانی شەو، ئاسایشی سلێمانی بڵاویکردەوە: دوای دو کاتژمێر لە روداوەکە لەلایەن ئاسایشی شارەزورەوە تۆمەتبار دەستگیرکراوە کە هاوسەری ژنەکەیە. ئاشکرایکرد: لەکاتی دەستگیرکردن دا تۆمەتبار هەوڵی خۆکوشتنی دابو.
بە وتەی ئاسایش، روداوەکە لەسەر کێشەی کۆمەڵایەتی بوە، بەبێ ئەوەی رونیبکاتەوە کێشەکە چی بوە.
ئاکام قوتبەدین، وتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە، بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە (٧ـی ئەیلول)، بە نەوژینی راگەیاند: چونکە لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیرکراوە، ئەوان لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکەن و ئێمە هێشتا لەبارەی هۆکارەکەیەوە نازانین، بەڵام ئاشکرایکرد: بەپێی ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عێراقی کە تایبەت بە کوشتنی بە ئەنقەست و پلان بۆ داڕێژراوە لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت.
لەبارەی جۆری ئەو چەکەی لە روداوەکە بەکارهاتوە، ئاکام قوتبەدین، وتی: بە چەکی جۆری دەمانچە ئەنجامدراوە، ئێمە لێکۆڵینەوەمان لەگەڵ نەکردوە بۆیە نازانین بۆچی ئەو چەکەی لەلابوە، لەکاتێکدا تۆمەتبار سەر بە هێزەکانی ناوخۆ نییە.
خێزانەکە تەنها ئەو سێ کەسە بون، دایک و کچ کوژران و باوکیش لە بنکەی شارەزوری ئاسایش راگیراوە، هەربۆیە تاوەکو بەیانی ئەمڕۆ تەرمی دایک و کچەکە لە پزیشک داد ماوەتەوە، وتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە وتی: ئەم بەیانیەوە، تەرمەکان وەرگیراونەتەوە.
دایکەکە بەناوی ( ج .ف. س)، تەمەنی ٥٤ساڵ بوە و کچەکەش بەناوی (ه .ه .ع) تەمەنی ۱۷ ساڵ بوە.