
* نەوژین، فاتیمە فاروق
دۆخی هەلیکار لە ئیدارەی راپەڕین بەتایبەتی بۆ ژنان، وێنەیەکی پڕ لە ناکۆکی دەخاتەڕو، لەلایەکەوە ژنانێکی زۆر خاوەن توانا و لێهاتوی و پەرۆشییەکی بێوێنەن بۆ کارکردن و خۆپێشخستن، لەلایەکی دیکەوە نەبونی دەرفەتی کاری گونجاو، کەمی موچە و بەربەستە کۆمەڵایەتییەکان بونەتە ئاستەنگێکی گەورە لەبەردەم بەشداری کارایان دا لە بازاڕی کار دا.
لەم راپۆرتەدا، 'نەوژین' لە روانگەی سێ خانمی دەڤەرەکەوە تیشک دەخاتە سەر ئەم پرسە؛ هێلین محەمەد، لێپرسراوی ناوەندی گەنجانی رانیە، دەریا زرار، گەنجێکی خاوەن ئەزمونی کارکردن و فەزیلە فاروق، خانمێکی گەنج کە بەهۆی کەمی موچە وازی لە کار هێناوە.
ژنان پەرۆشی کارن، بەڵام دابونەریت و نەبونی هەلیکار رێگرن
هێلین محەمەد، کە لەڕێگەی ناوەندەکەیانەوە لە نزیکەوە ئاگاداری دۆخی گەنجانە، جەخت لەوە دەکاتەوە: ژنان بەشێوەیەکی بەرچاو زیاتر لە پیاوان بەشداری لەو خول و راهێنانە پیشەییانەدا دەکەن کە ئامانجیان ئامادەکردنیانە بۆ بازاڕی کار، دەشڵێت: کاتێک هەر راهێنانێک رادەگەیەنین، ژنان زۆر زیاتر فۆڕمەکە پڕ دەکەنەوە وەک لە پیاوان، ئەمە دەریدەخات کە خانمانمان زۆر زیرەک و لێهاتون، بەڵام دەرفەتی کاریان کەم بۆ دەڕەخسێت.
بە بڕوای هێلین، سەرباری ئەم پەرۆشییە چەند هۆکارێکی دیکە رێژەی بێکاریان لەنێو ژنان دا لە ناوچەکە بەرز کردوەتەوە؛ لایەنی کۆمەڵایەتی و دابونەریت هۆکارێکی سەرەکییە کە ژنان کەمتر هەلی کاریان دەست دەکەوێت، هۆکارێکی دیکەش نەبونی کاری گونجاوە لەگەڵ پسپۆڕی و بڕوانامەکانیان دا، کە دەبێتە هۆی بەهەدەردانی توانایەکی زۆر.
بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخە، هێلین داوا لە ژنان دەکات کە تەنها چاوەڕێی دامەزراندنی حکومی نەبن، "با خۆمان بەدوای حەز و ئارەزوەکانی خۆمان بکەوین و بتوانین لەسەر پێی خۆمان بوەستین، ئێمەی ژانیش هیچمان کەمتر نییە لە رەگەزی بەرامبەر کە ئەوان بتوانن ببن بە خاوەن کار و داهاتی خۆیان، بێگومان ئێمەش دەتوانین.
هەندێک کات خێزان پاڵپشتە؛ کەمی موچە و قەیرانی ئابوری کێشەن
دەریا زرار، وەک گەنجێک کە ئەزمونی کارکردنی هەیە، وێنەیەکی واقعیانەتری دۆخەکە دەکێشێت، پێی وایە "بە گشتی هەلی کار لە دەڤەری راپەڕین لە ئاستێکی خراپدایە و نەبونی کۆمپانیای گەورە وایکردوە گەنجان، کە ئێستا ژنانیش دەگرێتەوە، بیر لە کۆچکردن بۆ شارە گەورەکان یان دەرەوەی وڵات بکەنەوە.
لەگەڵ ئەوەش دا، دەریا خاڵێکی ئەرێنی دەخاتەڕو و دەڵێت: ژینگەی دەوروبەری خەڵکی رانیە وای کردوە خانمان بە بوێرییەوە بێنە دەرەوە و هاوشانی براکانیان ئیشبکەن، ئەو ئاماژە بەوەش دەکات: زۆرجار خێزانەکان گەورەترین پاڵپشتن بۆ کارکردنی کچەکانیان، بەڵام ئەمە بەس نییە.
وەک دەریا باسی دەکات، دو کێشەی سەرەکی بونەتە ئاستەنگ؛ زۆرینەی خاوەن کارەکان مانگانە (موچە)ـیەکی زۆر کەم دەدەن لەبەرامبەر کارکردنی کارمەندەکانیان، قەیرانی ئابوری و خزمەتە دواخراوەکانی حکومەت وایکردوە کە بازاڕ سست بێت و بەشێک لەو خاوەنکارانەی پێشتر شاگردی ژنیان هەبوە، ئێستا بەهۆی نەبونی کارەوە دەریان کردون و خۆیان بەتەنها کارەکانیان دەکەن.
وازهێنان لە کار بەهۆی کەمی موچە
فەزیلە فاروق، وتی: راستە بەگشتی لە هەمو شارێک ژنان بەڕێژەیەکی کەمتر بەراورد بە پیاوان کار دەکەن، بەڵام لەم دەڤەرە رێژەی کارکردن زۆر کەمترە، ئەمەش بۆ چەند هۆکارێکی سەرەکی دەگەڕێتەوە، لەوانە دابونەریتی کۆمەڵایەتی، نەبونی هەلی کار و پشتگوێخستنی دەڤەرەکە لە هەمو رویەکەوە، لەسەروی هەمو ئەمانەشەوە پێدانی موچەی کەم.
رونیکردەوە: لە سنوری راپەڕین موچەی وەها کەم دابین دەکەن کە تەنها بەشی کرێی هاتوچۆیە بۆ شوێنی کارەکەت، خۆم وەک گەنجێک لەم سنورە، بەو هۆکارە دوای کارکردن لە چەندین بواری جیاواز، ئێستا وازم لە کارکردن هێناوە.
سەرباری هەمو ئەم ئاستەنگیانە، ویست و پەرۆشی ژنانی راپەڕین بۆ کارکردن هەر بەهێزە، ئەمە نیشانەیەکە کە ئەگەر دەرفەتی گونجاو بڕەخسێنرێت و پشتگیریی پێویست هەبێت، ژنانی ئەم دەڤەرە دەتوانن رۆڵێکی بەرچاو لە گەشەپێدانی ئابوری و کۆمەڵایەتیدا بگێڕن.