دلڤین لەڕێگەی کتێبێکەوە خەڵک بە مێژوی ژنانی کورد ئاشنا دەکات
کلتور
2025/08/14 , بینین : 60


* نەوژین

خانمە نوسەر؛ دلڤین خەلەف، نوێترین کتێبی بە ناونیشانی (ئافرەت و دیرۆک) بە هەردو زمانی کوردی-کرمانجی و عەرەبی بڵاوکردەوە، کە تێیدا باس لە مێژوی ژنانی کورد دەکات.

کتێبەکە، وەک نوسەر ئاماژەی پێکرد: بە وردی تیشک دەخاتە سەر رەوشی ژن لە کۆمەڵگەی کوردی دا. کتێبەکە بەرهەمی چەندین ساڵ کاری نوسین و بەدواداچونیەتی، وەک خۆی دەڵێت: ئامانجی سەرەکیم پاڵپشتی و پشتگیریکردنی ژنانە لە هەمو بوارەکان دا.

کتێبەکە لە پێنج تەوەری جیاواز پێکدێت کە هەر یەکێکیان لایەنێکی جیاوازی ژیانی ژنانی کورد رون دەکاتەوە، وەک نوسەر ئاماژەی پێدا، لە بەشی یەکەمی دا، باس لە بابەتی ژنی ئێزدی و ئەو ئازار و نەهامەتیانەی بەسەریان دا هاتوە دەکەم، لە بەشی دوەم دا؛ باس لە ژن و چەمکی پێکەوەژیان دەکەم لەنێو کۆمەڵگەی کوردی دا، لە بەشی سێیەم دا رۆڵی ژن لە گۆڕەپانی سیاسەتی کوردستان دا دەخەمەڕو، هەرچی بەشی چواریشە لە شیکارییەکی ورد بۆ بابەتی توندوتیژی دژ بە ژنان دەکەم و لە بەشی کۆتاییشدا پێگەی ژن لە بواری رۆشنبیری دا تاوتوێ دەکەم.

دلڤین کە هاوکات وەک چالاکێکی ژنانیش کاردەکات، لەبارەی ئامانجی لە نوسینی کتێبەکەی بە نەوژینی وت: بە پێویستم زانی بە هەمو شێوەیەک پاڵپشتی و پشتگیریی ژنان لە وڵاتەکەمان دا لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە بکرێت، من لەڕێگەی نوسینەکانمەوە دەنگی ژنان دەگەیەنم بە ئەوان. هەروەها ئامانجێکی دیکەم داواکردنی ئازادی و رێزگرتنە لە کەسایەتیی ژن، پێموایە وەک تاکێکی ژن، جگە لەخۆم ئەرکمە کە بەرگری لە مافی ژنانی دیکەش بکەم.

یەکەم بەرهەمی چاپکراو و بەردەوامی لە نوسین

"ئافرەت و دیرۆک" یەکەم بەرهەمی چاپکراوی دلڤین خەلەفە، کتێبەکە بە دو زمان، کوردی (١٩٤ لاپەڕە) و عەرەبی (١٥٠ لاپەڕە)، لە چاپخانەی "چەنگەل" لە تاران چاپکراوە و ئێستا لە کتێبخانەی خانێ لە دهۆک بەردەستە.

ئەو دەڵێت: بەردەوام دەبم لەسەر نوسین و چاپکردن لەبارەی ئازادیی ژنی کوردستان.

 

زۆرترین بینراوەکان