ژنان لەنێوان بەرداشی نەشتەرگەری جوانکاری و ویستی پیاواندا
راپۆرت
2025/08/08 , بینین : 25


* نەوژین

"کاتێک هاوڕێکانم دەبینم نەشتەرگەرییان کردوە و باسی جوانی جەستەی خۆیانم بۆ دەکەن، من هەست بە کەمی دەکەم و دەمەوێت وەکو ئەوان جوان بم"، ئەمە وتەی کچێکی گەنجە کە وەک سەدان هاوشێوەی خۆی، لەژێر فشاری کۆمەڵایەتی و پێوەرە نوێیەکانی جوانیدا، بیر لە پەنابردن بۆ نەشتەرگەری جوانکاری دەکاتەوە، لەم سەردەمەدا، کە جوانی لەشولار بوەتە یەکێک لە پێوەرە سەرەکییەکانی سەرکەوتن و قبوڵکردنی کۆمەڵایەتی، ژنان خۆیان لەنێوان بەرداشی ویستی پیاوان و چاولێکردنی هاوڕێکانیاندا دەبیننەوە. ئەم هەوڵە بۆ گەیشتن بە لەشولارێکی "نمونەیی"، دەرگای بەڕوی جیهانێکی پڕ لە مەترسی تەندروستی و لێکەوتەی دەرونی و کۆمەڵایەتیدا کردوەتەوە.

پێش ئەوەی بچینە نێو چیرۆک و بۆچونی کەسەکانەوە، گرنگە بزانین نەشتەرگەری جوانکاری جەستە، کە لەم ساڵانەی دواییدا لەناو خانماندا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردوە، بەگشتی دو جۆری باوی هەیە: یەکەمیان دەرهێنانی چەوری؛ کە بریتییە لە بەکارهێنانی ئامێری تایبەت بۆ مژینی چەوریی زیادەی بەشێکی دیاریکراوی لەش وەک ورگ، رانەکان و قۆڵەکان.

جۆری دوەم؛ بڕینی پێستی ورگە؛ کە تێیدا پێستی زیادە و شۆڕبوی ورگ لادەبرێت، بەتایبەتی دوای دوگیانی یان دابەزاندنی کێشێکی زۆر.

نەشتەرگەری جوانکاری؛ رێگایەکی کورت بەڵام پڕ مەترسی

نەشتەرگەرییەکانی وەک دەرهێنانی چەوری و بڕینی پێستی ورگ، هەرچەندە رەنگە لە ماوەیەکی کەمدا ئەنجامێکی بەرچاو بەدەستەوە بدەن، بەڵام بێ مەترسی نین، دکتۆر لاڤین جەوهەر، پسپۆڕی نەشتەرگەری جوانکاری، لەبارەی نەشتەرگەری دەرهێنانی چەوری جەستە وتی: دەرهێنانی چەوری جێگرەوەی دابەزاندنی کێش نییە و تەنها بۆ ئەو چەورییانە بە کەڵک دێت کە بە وەرزش و رێجیم لانابرێت.

لەبارەی لێکەوتە و زیانە لاوەکییەکانی نەشتەرگەری دەرهێنانی چەوریش وتی: شینبونەوە و ئاوسانی کاتی لە شوێنی نەشتەرگەرییەکەدا، کۆبونەوەی ئاو لەژێر پێست؛ کە پێویستی بە چارەسەری پزیشکی هەیە، خوێنمەیین و مەترسیی خوێنبەربون، ئیلتیهاب و رەشبونەوەی شوێنی برین؛ کە ئەگەر زو چارەسەر نەکرێت مەترسی لەسەر تەواوی جەستە دروست دەکات و لە هەندێک حاڵەتدا کەسەکە بۆ چەندین مانگ پێویستی بە چاودێری چڕ دەبێت و قورسی دوگیانبوون و مەترسی لەبارچون دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکە دو زیانی دیکەی دەرهێنانی چەورین بە نەشتەرگەری.

"دەوروبەرم فشاریان بۆ دەهێنام"

زۆرێک لەو خانمانەی کە بڕیاری نەشتەرگەری جوانکاری دەدەن، لەژێر کاریگەریی ژینگەی کۆمەڵایەتی و هاوڕێکانیاندان؛ ئاشتی، ناوی خوازراوی کچێکی گەنجی تەمەن ٢٥ ساڵە، یەکێکە لەو کەسانەی کە بەهۆی ژینگەی کارکردن و بینینی هاوڕێکانییەوە کە نەشتەرگەرییان ئەنجامداوە، هەست دەکات کە پێویستە هەمان رێگە بگرێتەبەر.

بە نەوژینی وت: کاتێک هاوڕێکانم دەبینم نەشتەرگەرییان کردوە و باسی جوانی جەستەی خۆیانم بۆ دەکەن، منیش هەست بە کەمی دەکەم و دەمەوێت وەکو ئەوان جوان بم. هۆکارێکی دیکە کە پاڵنەرە بۆ ئاشتی تاوەکو بڕیاری نەشتەرگەری جوانکاری بدات “خواستی پیاوانە”، وتی: بەشێکی زۆری پیاوان ئەو جۆرە جەستەیان لا جوانە بۆیە دەمەوێت منیش وابم.

قوربانیەکی نەشتەرگەرییەکە چیرۆکی خۆی دەگێڕێتەوە

ئارەزو، نمونەی یەکێک لەو ژنانەیە لەپێناو بەدەستهێنانی لەشێکی رێک و جوان، پەنای بردوەتە بەر نەشتەرگەری دەرهێنانی چەوری، لەڕێگەی نەوژینەوە ئەزمونی تاڵی خۆی لەگەڵ نەشتەرگەرییەکە باسکرد: دوای نەشتەرگەرییەکە ئازارێکی هێندە زۆرم بۆ دروست بو بە رادەیەک پەشیمان بومەوە، سەرباری هەمو ئازارەکەی جوانیەکی کاتی بو و دوای ماوەیەک بەنزیکەیی وەک خۆم لێهاتەوە، بۆ ئێستاش کە ماوەیەکی زۆر تێپەڕیوە، بینینی شوێنی برین و تێکچونی شێوەی چەورییەکان، هەستێکی ناخۆشم پێدەبەخشێت.

وەرزش: رێگە دروست و تەندروستەکە

بەیان حەمەعەلی، راهێنەری وەرزشییە، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە وەرزش باشترین و تەندروستترین رێگایە بۆ گەیشتن بە لەشولارێکی جوان، وتی: راستە بە نەشتەرگەری بە کاتێکی کەم جەستەیەکی جوان بەدەستدەهێنی، بەڵام دەکرێت کێشەی تەندروستی زۆرت بۆ دروست ببێت.

وتیشی: وەرزش نەک تەنها یارمەتیدەرە بۆ دابەزاندنی کێش و جوانکردنی لەشولار، بەڵکو تەندروستییەکی گشتی باشتر بە مرۆڤ دەبەخشێت. ئەو کەسانەی کە نەشتەرگەرییان کردوە، ناتوانن بۆ ماوەیەکی زۆر وەرزش بکەن و ئەگەریش دەستیان پێکردەوە، دەبێت لەژێر چاودێری پزیشکدا بێت و ناتوانن وەک کەسێکی ئاسایی راهێنان بکەن.

دیدگای ئایینی ئیسلام لەسەر نەشتەرگەری جوانکاری

لە روانگەی شەرعی ئیسلامەوە، حوکمی نەشتەرگەری جوانکاری بەپێی مەبەست و جۆرەکەی دەگۆڕێت، عەبدوڵا شێرکاوەیی، وتەبێژی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان، رونی دەکاتەوە کە دو جۆر نەشتەرگەری جوانکاری هەیە، یەکێکیان رێگەپێدرا و ئەویتر رێگە پێنەدراوە؛

نەشتەرگەری پێویست: وەک راستکردنەوەی شکانی لوت یان چاککردنەوەی پێست بەهۆی سوتانەوە، ئەم جۆرە نەشتەرگەرییانە کە بۆ گەڕاندنەوەی ئەندامێک بۆ شێوەی ئاسایی خۆیەتی دروستە، هەروەها لابردنی چەوری ئەگەر لەبەر هۆکاری تەندروستی بێت وەک قەڵەوی زۆر کە ببێتە هۆی سەختی جوڵە یان هەناسەتەنگی، دروست و حەڵاڵە.

نەشتەرگەری نا پێویست: هەر جوانکارییەک کە تەنها بۆ زیادکردنی جوانی و چاولێکردن بێت و لەڕوی پزیشکییەوە پێویست نەبێت، وەک بەرزکردنەوەی برۆ، دانانی فیلەر و بۆتۆکس. ئەمانە بە حەرام دادەنرێن، چونکە بە دەستکاریکردنی دروستکراوی خودا و ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر قەدەر ئەژمار دەکرێن.

 

زۆرترین بینراوەکان