نەرمین قادر؛ ئەو ژنەی بە پێکەنینەوە روبەڕوی تراژیدیا بوەوە
2025/08/05 , بینین : 35


* نەوژین

گۆڕەپانی هونەریی کوردی و بینەرانی شاشەی تەلەفزیۆن، ماڵئاوایی لە ژنە ئەکتەر و شانۆکاری دیار؛ نەرمین قادر دەکەن، ئەو ژنەی بە کارەکتەرە سادە و رەخنەگرەکەی لە ‘بەرنامەی بەرنامە’ ـدا بوە میوانی هەمیشەیی ماڵەکان، ئێوارەی ئەمڕۆ، ٥ـی ئابی ٢٠٢٥، دوای ململانێیەکی سەخت و درێژخایەن لەگەڵ نەخۆشیی شێرپەنجە، بۆ دواجار چاوەکانی لێکنا.

لە شانۆوە بۆ شاشە؛ گەشتێکی پڕ لە خۆڕاگری

نەرمین قادر لە ساڵی ١٩٦٢ لە شاری سلێمانی، چاوی بە دنیا هەڵهێنا، ژیانی هونەریی ئەو چیرۆکێکی درێژی خۆڕاگری و بەردەوامییە، لە ساڵی ١٩٧٥، کاتێک هێشتا کچێکی گەنج بو یەکەم هەنگاوی بەرەو دنیای شانۆ نا و بۆ ماوەی نزیکەی سێ دەیە وەک ئەکتەرێکی بەتوانا لەسەر تەختەی شانۆ خزمەتی کرد، ئەو بەشێک بو لەو نەوەیەی کە شانۆی وەک مینبەرێک بۆ دەربڕینی ئازار و خەونەکانی کۆمەڵگە بەکاردەهێنا.

ژنێک لەسەر تەختەی شانۆ: شکاندنی یەکەم بەربەستەکان

کاتێک نەرمین قادری گەنج بڕیاری دا ببێتە ئەکتەری شانۆ، ئەو تەنها هەنگاوی نەنایە ناو دنیای هونەرەوە، بەڵکو یەکەم بەربەستی کۆمەڵایەتی شکاند، لە سەردەمێکدا کە کاری هونەری، بەتایبەت بۆ ژن، پڕ بو لە ئاستەنگ و تێڕوانینی جیاوازی کۆمەڵگە، ئەو شانۆی هەڵبژارد، ئەمە خۆی لە خۆیدا یاخیبون بو لەو چوارچێوە نەریتییەی کە بۆ ژن کێشرابو، ئەو بە کردەوە سەلماندی کە شوێنی ژن تەنها ماڵەوە نییە، بەڵکو دەتوانێت لەسەر تەختەی شانۆش ببێتە دەنگ و رەنگی کۆمەڵگەکەی.

ژیانی تایبەتی نەرمین قادر پڕبو لە ئاڵەنگاری. لە ساڵی ١٩٩٤ـدا، هاوسەرەکەی کە ئەندامێکی حزبی شیوعی بو، گیانی لەدەستدا و ئەو بە تەنها بەرپرسیارێتی بەخێوکردنی مناڵەکانی کەوتە ئەستۆ، ئەم تراژیدیایە لەبری ئەوەی بیکوژێنێتەوە وای لێکرد ببێتە نمونەی ژنێکی بەهێز و خۆڕاگر کە لە سەختترین بارودۆخیش دا کۆڵنادات.

بەرنامەی بەرنامە؛ دەنگە رەخنەگرەکەی نێو ماڵەکان

هەرچەندە نەرمین قادر خاوەنی مێژویەکی دور و درێژ بو لە شانۆ، بەڵام ‘بەرنامەی بەرنامە’ بوە وێستگەی درەوشانەوەی و ناساندنی بە نەوەی نوێ و بینەرێکی بەرفراوانتر، لەم بەرنامەیەدا، لە کارەکتەری ژنێکی سادە و دڵپاکدا بە زمانێکی دور لە رواڵەت و نزیک لە خەڵک بوێرترین رەخنەی لە دیاردە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان دەگرت.

پێکەنینەکەی، شێوازی قسەکردنی و توانای لە گەیاندنی پەیامە قوڵەکان بە سادەترین شێوە، وایکرد ببێتە دەنگی ئەو ژنانەی کە لە ژیانی رۆژانەدا رەخنەیان هەیە، بەڵام دەرفەتی دەربڕینیان نییە. نەرمین لەڕێگەی هونەرەکەیەوە، کۆمیدیای کردە چەکێک بۆ بەرەنگاربونەوەی نادادی و گەندەڵی.

ململانێی کۆتایی؛ وانەیەک لە ئیرادە

لە ساڵانی کۆتایی تەمەنی دا، نەرمین قادر روبەڕوی سەختترین تاقیکردنەوەی ژیانی بوەوە؛ نەخۆشی شێرپەنجە؛ توشبونی بە گرێی شێرپەنجەیی لە مێشکی دا و ئەنجامدانی چەندین نەشتەرگەری قورس نەیتوانی ورەی بڕووخێنێت، ئەو وەک چۆن لە ژیانی تایبەتی و هونەریی دا ژنێکی خاوەن هەڵوێست بو، لە بەرەنگاربونەوەی نەخۆشییەکەشی دا نمونەی ئیرادە و هێز بو.

زۆرترین بینراوەکان