
* نەوژین
پۆلیسی سلێمانی لەڕێگەی نەوژین ـەوە هۆکاری کوشتنی ئەو ژنە ئاشکرادەکات کە دوێنێ بەدەستی براکەی کوژرا، “تاوانەکە پەیوەندی بەو خانوە هەبو کە ژنەکە و دایکی تێیدا دەژیان”.
دوێنێ شەممە (٢ـی ئاب)، لە گەڕەکی شێخ عەبدولقادری چوێسە لە شاری سلێمانی ژنێک لەبەردەم ماڵەکەی بە دەستی براکەی بە گوللە کوژرا، لەبارەی وردەکاری روداوەکە، ئەمڕۆ سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، بە نەوژینی راگەیاند: تۆمەتبار (ت. س. ا)، دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و هۆکارەکەی بۆ کێشەیەکی کۆن لەسەر میراتی ئەو خانوە گەڕاندوەتەوە کە خوشکەکەی لەگەڵ دایکی دا تێیدا نیشتەجێ بون.
وتیشی: تاوانەکە بە چەکی جۆری دەمانچە ئەنجامدراوە، براکە کە بە تەمەن لە خوشکەکەی بچوکتر بوە، لەبەر دەرگای خانوە کێشە لەسەرەکە سێ گوللەی بە خوشکەکەیەوە ناوە و دەستبەجێ لەوێ گیانی لەدەستدا.
رونیشیکردەوە: ماوەیەکی زۆر بوە کێشەی میراتی خانوەکەیان هەبوە، تەنانەت بەو هۆکارە چەند ساڵێکە پێکەوە قسەیان نەبوە، بەڵام سەرباری ئەمانە پێشتر هیچ سکاڵایەکی یاساییان تۆمارنەکردبو.
نەوژین زانیویەتی، ژنەکە تەمەنی ٤٥ ساڵ بوە و هاوسەرگیری نەکردوە، فەرمانبەرێکی ئاسایی بوە لە بەڕێوەبەرایەتیەک، نەک کارمەندی هێزە ئەمنیەکان وەک ئەوەی دوێنێ لە میدیاکان بڵاوکرایەوە.
تۆمەتبار هەر دوێنێ دوای روداوەکە خۆی رادەستی هێزە ئەمنیەکانی سلێمانی کرد، سەرکەوت ئەحمەد، وتی: تۆمەتبار بەپێی ماددەی ٤٠٦ـی تایبەت بە کوشتنی بەئەنقەست لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە و دۆسیەی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە.