
* نەوژین
ئەمڕۆ، ١١ ساڵ بەسەر ئەو بەرەبەیانە رەشەدا تێدەپەڕێت کە رێکخراوی داعش پەلاماری شەنگالی دا و یەکێک لە تاریکترین لاپەڕەکانی مێژوی مرۆڤایەتی تۆمارکرد، ١١ ساڵە برینی جینۆسایدی ئێزدیەکان سارێژ نەبوە و هێشتا خوێنی لێدەتکێت، بەتایبەتی بۆ ژنان و کچانی ئێزدی کە قوربانی سەرەکی و ئامانجی راستەوخۆی ئەم تاوانە دڕندانەیە بون.
دوای زیاتر لە دەیەیەک، هێشتا چیرۆکەکان هەمانن؛ چیرۆکی چاوەڕوانی، ئازار و ئاوارەیی، ئامارە فەرمییەکان، کە لە نوسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش وەرگیراون، تەنیا ژمارە نین، بەڵکو گێڕانەوەی تراژیدیای هەزاران ژن و کچن کە بونە قوربانی سیاسەتێکی سیستماتیکی سڕینەوەی ناسنامە و کەرامەت.
ژن، ئامانجی سەرەکیی جینۆسایدەکە
لەکۆی (٦,٤١٧) هاوڵاتی ئێزدی کە لەلایەن داعشەوە رفێندران، ژمارەی ژنان و کچان بە شێوەیەکی بەرچاو زۆرتر بو، بەپێی ئامارەکان، (٢,٨٦٩) ژن راستەوخۆ رفێندران، ئەمە جگە لەو هەزاران کچە مناڵەی کە لەگەڵ خێزانەکانیان چارەنوسی نادیاریان بەسەردا هات، داعش ژنی وەک چەکێکی شەڕ بەکارهێنا؛ کڕین و فرۆشتنیان لە بازاڕەکانی کۆیلایەتی، دەستدرێژیی سێکسی سیستماتیک و بەکارهێنانیان وەک کەنیزەک، بەشێک بون لەو تاوانانەی کە بە مەبەستی شکاندنی کەرامەتی کۆمەڵگای ئێزدی ئەنجامدران.
سەرباری هەوڵەکانی نوسینگەی رزگارکردنی رفێندراوان، کە توانیویەتی (٣,٥٩٠) کەس رزگار بکات، لەنێویاندا (١,٢١١) ژن و (١,٠٧٦) کچی مناڵ، هێشتا چارەنوسی (١,٣٦١) ژن و کچی دیکە نادیارە، ١١ ساڵە دایکان چاوەڕێی گەڕانەوەی کچەکانیانن، خوشکان چاوەڕێی خوشکەکانیانن و مناڵان چاوەڕێی دایکە رفێندراوەکانیانن، ئەم چاوەڕوانییە خۆی لە خۆیدا جینۆسایدێکی بەردەوامە کە رۆژانە لە دەرگای هەمو ماڵێکی ئێزدی دەدات.
برینە ساڕێژنەبوەکانی ئاوارەیی
کارەساتەکە تەنیا بە رفاندن و کوشتن کۆتایی نەهات، نزیکەی ٣٢٥ هەزار ئێزدی هێشتا لە کەمپەکانی ئاوارەیی دا لە هەرێمی کوردستان ژیان بەسەر دەبەن، لێرەش دا ژنان باجی گەورەتر دەدەن، ئەوان وەک دایک، وەک بەڕێوەبەری خێزان، بەرپرسیارێتی پەروەردەکردنی نەوەیەکیان لە ئەستۆدایە کە لەنێو خێمە و لە دۆخێکی دەرونیی سەخت دا گەورە دەبن.
جیهان قەرزاری ژنانی ئێزدییە، قەرزاری ئەو ژنانەی کە لە دۆزەخی داعش رزگاریان بوە و ئێستا بە بوێرییەوە چیرۆکەکانیان دەگێڕنەوە، قەرزاری ئەو دایکانەی کە ١١ ساڵە فرمێسکیان بۆ ئازیزانیان نەسرەوتوە و قەرزاری ئەو کچانەی کە هێشتا لە چنگی توندڕەویدا ماون، تاوەکو دوا ژن و کچی ئێزدی ئازاد نەکرێت و شنگال ئاوەدان نەبێتەوە، ئەم برینە بە کراوەیی دەمێنێتەوە.