١٨ ژنە رۆژنامەنوس روماڵی پرسە ژینگەییەکان دەگرنە ئەستۆ
2025/08/02 , بینین : 25


* نەوژین، سومەیە ساڵح

لە سەردەمێکدا کە گۆڕانکارییەکانی ئاو و هەوا وەک هەڕەشەیەکی جدی سەیری داهاتوی عێراق دەکات، گروپێک لە ژنانی رۆژنامەنوس بڕیاریانداوە چیتر بینەر نەبن، ئەوان لەڕێگەی قەڵەمەکانیانەوە بونەتە دەنگی ژینگە و لە چوارچێوەی ‘تۆڕی رۆژنامەنوسانی ژن بۆ روماڵکردنی ژینگەیی’، هەوڵی گۆڕینی هاوکێشەکە دەدەن.

تۆڕەکە، کە لە ١٨ ژنە رۆژنامەنوس عێراقی پێکدێت و زۆرینەیان کوردن، وەک دەستپێشخەرییەکی نوێ لەژێر چەتری ماڵپەڕی "کەرکوک ناو”ـدا دامەزراوە و بەشێکی تایبەتی ماڵپەڕەکەیان بە ناوی "لە ژینگەوە" بۆ تەرخانکراوە، ئەم ژنانە نەک هەر راپۆرتی رۆژنامەوانی ئامادە دەکەن، بەڵکو چیرۆکی ئەو ژن و مناڵانە دەگوازنەوە کە لە هەموان زیاتر باجی تێکچونی هاوسەنگیی ژینگە دەدەن.

لە بیرۆکەیەکەوە بۆ پڕۆژەیەکی نێودەوڵەتی

بیرۆکەی ئەم تۆڕە لەنێو قەیرانێکەوە سەریهەڵدا؛ عێراق لە پلەی پێنجەمی ئەو وڵاتانەدایە کە زۆرترین کاریگەریی گۆڕانی ئاوهەوا لەسەرە، ئەم ڕاستییە تاڵە وای لە ستافی "کەرکوک ناو" کرد کە بەدوای وەڵامێکی کاریگەردا بگەڕێن.

شۆڕش خالد، سەرنوسەری ماڵپەڕی "کەرکوک ناو"، باس لە سەرەتای کارەکەیان دەکات و دەڵێت: گۆڕانکارییە جدییەکانی ئاوهەوا وایکرد بیر لە کردنەوەی بەشێکی تایبەت بە ژینگە بکەینەوە، دواتر بیرۆکەکەمان پەرەپێسەند و پڕۆژەیەکمان پێشکەش بە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا کرد، ئەوانیش لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤ پەسەندیان کرد.

پڕۆژەکە بریتی بو لە چەند قۆناغێک: راهێنان؛ خولێکی ١٠ رۆژە لەبارەی “رۆژنامەوانیی بونیادنەر" بۆ ١٨ ژنە رۆژنامەنوس لە پارێزگا جیاوازەکانی عێراق، بەرهەمهێنان؛ ئامادەکردنی ٨٠ بابەتی رۆژنامەوانیی ژینگەیی لە ماوەی شەش مانگدا، دامەزراندن؛ لەکۆتایی دا راگەیاندنی فەرمیی ‘تۆڕی رۆژنامەنوسانی ژن بۆ روماڵکردنی ژینگەیی’ تاوەکو ئەندامەکان سەربەخۆیانە دەست بە کارەکانیان بکەن.

بەڵام بۆچی ژن؟ سەرنوسەری کەرکوک ناو لە وەڵامدا دەڵێت: ژن و ژینگەمان پێکەوە گرێدا، چونکە گۆڕانکارییەکانی ژینگە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ژن و مناڵ هەیە، ویستمان لە روانگەی ئەوانەوە سەیری بابەتەکان بکەین، جگە لەوەش ژنان زوتر بیرۆکەیان بۆ دێت و باشتر دەتوانن زانیاری لەم بوارەدا دەستبخەن.

لە چاوی ئەندامێکەوە؛ جەنگان بۆ بەدەستهێنانی خولیا

رۆژگار عەبدوڵڵا، یەکێک لە ئەندامەکانی تۆڕەکەیە، ئەو خولیای کاری رۆژنامەوانی لە بواری ژینگەدا هەمیشە لەگەڵیدا بوە، دەڵێت: دوای تەواوکردنی خوێندن، حەزم دەکرد لە بواری ژینگەدا کار بکەم، چونکە یەکێکە لە پرسە هەرە گرنگەکانی جیهان، من یەکێکم لەو ١٨ ژنەی لە پارێزگا جیاوازەکانی عێراقەوە تۆڕەکە بەڕێوەدەبەین.

ئەندامێتی لەم تۆڕەدا بۆ رۆژگار تەنها کارێک نییە، بەڵکو گۆڕانکارییەکی گەورەی لە تێڕوانینیدا دروست کردوە، "ئێستا بە چاوێکی ژینگەییانە لە بابەتەکان دەڕوانم. کارەکەم تێڕوانینی وردتر و قوڵتری پێ بەخشیوم”.

بەڵام کارکردن لەم بوارەدا، بەتایبەت بۆ ژنێک، بێ کێشە و گرفت نییە. رۆژگار باس لەو ئاستەنگانە دەکات کە روبەڕوی دەبنەوە، “بەشێک لە بەرپرسان و پسپۆڕان قسەمان بۆ ناکەن، یان لایان سەیرە کچێک کاری لەسەر ئەم پرسانە دەوێت، هەندێک جار شوێنی راپۆرتەکان دورەدەستن و پێویستە خۆمان لە نزیکەوە ئامادە بین، ئەمەش کاتێکی زۆری دەوێت، گەورەترین کێشەش، دەستنەکەوتنی سەرچاوەی باوەڕپێکراوە”.

سەرباری هەمو ئەمانە، رۆژگار بە هیواوە بۆ داهاتو دەڕوانێت و پەیامێکی بۆ کچان و ژنان هەیە: "بەردەوام دەبم. ئامانجم ئەوەیە ببمە رۆژنامەنوسێکی باش لە بواری ژینگەدا بە کچانیش دەڵێم، بجەنگن بۆ حەز و خولیاکانتان و هەرگیز کۆڵ مەدەن”.

بە رۆحێکی خۆبەخشانەوە بەرەو داهاتو

یەکێک لە خاڵە هەرە درەوشاوەکانی ئەم تۆڕە، رۆحی خۆبەخشی و پێکەوە کارکردنی ئەندامەکانیەتی، باران محەمەد، مامۆستای زانکۆ و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری تۆڕەکە، جەخت لەسەر ئەم لایەنە دەکاتەوە و دەڵێت: ئێستا سەرجەممان خۆبەخشانە کار دەکەین، ئەرکی ئێمە ئەوەیە نەهێڵین تۆڕەکە هەڵبوەشێتەوە و بەردەوامی پێ بدەین.

دەستەی بەڕێوەبەر مانگانە پلان دادەڕێژن، چالاکی بۆ ئەندامەکان رێک دەخەن و بەدوای سەرچاوەی دارایی (فەند)ـدا دەگەڕێن تاوەکو بتوانن پاڵپشتیی ماددیی ئەندامەکان بکەن، چونکە وەک سەرنوسەری کەرکوک ناو ئاماژەی پێدا، "کێشەی ماددی، کێشە گەورەکەی تۆڕەکەیە."

چالاکییەکانیان تەنها لە نوسینی راپۆرت قەتیس نەکراون، بەڵکو چالاکی وەک: ئەنجامدانی سیمینار بۆ ژنانی گوندە دورەدەستەکان، رێکخستنی وۆرکشۆپ و سیمینار بۆ فێرخوازانی قوتابخانە و زانکۆکان و راهێنانی ناوبەناو بۆ خودی ئەندامەکان ـیش ئەنجامدەدەن.

باران محەمەد باس لە ستراتیژی کارکردنیان دەکات: زیاتر تیشکمان لەسەر بابەتە ئەرێنییەکانە، بابەتە نەرێنییەکان زۆرن، بەڵام ئێمە دەمانەوێت خاڵە گەشەکان پیشانی خەڵک بدەین و هۆشیارییان لەسەر پرسە ژینگەییەکان بەرز بکەینەوە.

ئەو جۆش و خرۆشەی ئەندامەکانی تۆڕەکە هەیانە، سەرچاوەی سەرەکیی بەردەوامییانە، باران بە سەرسامیەوە دەڵێت:ئەندامەکان هێندە بە وردی و نوێگەرییەوە کار دەکەن، وەک ئەوەی بڕە پارەیەکی زۆر وەربگرن، لە کاتێکدا کارەکە خۆبەخشییە، ئەندامبون لەم تۆڕەدا بۆ هەریەکەمان خاڵێکی زۆر ئەرێنییە لە ژیانماندا.

تۆڕی رۆژنامەنوسانی ژن بۆ روماڵکردنی ژینگەیی، چیرۆکی سەرکەوتنی ١٨ ژنی بوێرە کە لەناو دڵی کێشەکاندا، بە قەڵەمەکانیان ورە و هیوا دەبەخشن، ئەوان نەک تەنها وەک ئەوەی خۆیان دەڵێن: “بوینەتە هۆی ئەوەی میدیاکانی دیکەش گرنگی بە ژینگە بدەن”، بەڵکو سەلماندویانە کە ژن دەتوانێت لە هەستیارترین بوارەکانیشدا پێشەنگ و کاریگەر بێت، ئێستا چاویان لەوەیە تۆڕەکەیان فراوانتر بکەن و دەنگیان بە هەمو عێراق بگەیەنن، بەڵام بۆ ئەم هەنگاوە گەورەیە، پێویستیان بە پاڵپشتییە.

 

 

 

زۆرترین بینراوەکان