
* نەوژین
لە روداوێکدا کە نمونەی ئەو پێشێلکاری و مەترسیانە دەخاتەڕو کە روبەڕوی ژنانی چالاک لە عێراق دەبێتەوە، ژنە چالاکێکی مەدەنی دەکەوێتە بەر هێرشی گروپێکی چەکداری، دوای دەستبەسەرکردن و هەڕەشەکردن لێی بۆ تۆمارکردنی دانپێدانان، بەهۆی ملکەچ نەبونی، وێنە و نامە تایبەتییەکانی نێو مۆبایلەکەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاودەکەنەوە.
بەپێی وتەی زەینەب جەواد، کە ژنە چالاکەکەیە: چیرۆکەکە لە ئێوارەی (٢٨ـی حوزەیرانی ٢٠٢٥) دەستیپێکردوە، کاتێک زەینەب، لە هەولێرەوە گەڕاوەتەوە بۆ بەغداد، لە خاڵی پشکنینی "شەعب"، کەسانی چەکدار بەبێ بونی هیچ بڕیارێکی دادوەر، دەستیان بەسەر مۆبایل و لاپتۆپەکەیدا گرتوە و بۆ بارەگایەکی ئەمنی سەر بە حەشدی شەعبی بردویانە.
دەشڵێت: لەوێ، لەلایەن چەند کەسێکەوە کە روخساریان داپۆشراو بوە، بۆ ماوەی شەش کاتژمێر لێکۆڵینەوەی چڕی لەگەڵدا کراوە پرسیارەکان زیاتر سیاسی بون و پەیوەست بون بە چالاکییەکانییەوە،
بەپێی زانیارییەکانی میدیا عێراقیەکان: پرسیارەکان کەلێی کراون بریتیبون لە: تۆ کچی مەزهەبەکەمانِی، بۆ لەسەر لیستی ئێمە خۆت کاندید نەکرد؟، بۆ چویتە لای مەدەنییەکان؟، بۆ دژی موقاوەمەی؟، بۆ لە بەرنامەکەی ئەحمەد ئەلبەشیر قسەت پێ وتین و بۆ بەشداری خۆپیشاندانەکانی تشرینت کرد؟.
دوای شەش کاتژمێر، زەینەب ئازاد کراوە، بەڵام دەست بەسەر مۆبایلەکانیدا گیراوە.
میدیا عێراقیەکان دەڵێن: چیرۆکەکە بەمە کۆتایی نەهاتوە، دوای چەند رۆژێک، کەسایەتییەکی ناسراوی ناو حەشدی شەعبی پەیوەندی بە زەینەبەوە کردوە و داوای لێکردوە ڤیدیۆیەک تۆمار بکات و تێیدا داوای لێبوردن لە "موقاوەمەی عێراقی و لوبنانی و سوری و فەڵەستینی" بکات، ئەگەرنا "خێر نابینێت".
کاتێک زەینەب ئەم داواکارییەی رەدکردوەتەوە، لە شەوی ٢٧ـی تەمموزدا، لاپەڕە نافەرمی و سێبەرەکانی سەر بە حەشدی شەعبی، دەستیانکردوە بە بڵاوکردنەوەی نامە تایبەتییەکانی نێوان زەینەب و هاوڕێکانی و چەند وێنەیەکی تایبەت نێو مۆبایلەکەی، لەگەڵ بەردەوامبوونی هەڕەشەکان لەسەری.
زەینەب کە هاوکات پارێزەریشە، دوای ئەم روداوانە دەڵێت: ناترسم، لە شوێنی خۆم دەمێنمەوە و بەردەوام دەبم.