
نەوژین
لە هەنگاوێکی مێژویی دا لە عێراق، بۆ یەکەمجار حیزبێکی سیاسیی تایبەت بە ژنان بە ناوی "حزب المودة" واتا (حیزبی خۆشەویستی) دامەزرا، ئامانج لێی یەکخستنی هەوڵەکانی ژنانی سەرجەم پێکهاتە و تایفە جیاوازەکان و بەهێزکردنی رۆڵیانە لە کایەی سیاسیی وڵاتەکەدا.
دوێنێ یەکشەممە، لە شاری بەغدا، کۆنگرەی دامەزراندنی حیزبەکە بە بەشدارییەکی بەرفراوانی ژنان و پیاوان بەڕێوەچو، بەشداربوانی کۆنگرەکە جەختیان لەوە کردەوە؛ حزبی المودة" دەبێتە سەکۆیەک بۆ بەهێزکردنی تواناکانی ژنان و بەشدارپێکردنیان لە ناوەندەکانی بڕیار دروستکردن دا.
بەپێی قسەی دامەزرێنەرانی، بیرۆکەی حیزبەکە؛ بەرئەنجامی گفتوگۆی چڕ و وۆرکشۆپ و زنجیرەیەک کۆبونەوەی ژنانە، کە ماوەیەکی زۆرە کاری بۆ دەکەن، بە ئامانجی دۆزینەوەی جێگە و پێگەیەکی راستەقینە بۆ ژنان لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراقدا.
ئەوان پێیانوایە دامەزراندنی ئەم حیزبە دەستکەوتێکی گرنگە لە مێژوی ژنانی عێراقدا و وەڵامێکە بۆ پێویستییەکی هەنوکەیی تاوەکو هەمو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بەتایبەت ژنان، رۆڵی کاریگەری خۆیان لە بنیاتنانی داهاتوی عێراقدا ببینن.