لەسەر لوتکەی دەسەڵات لە عێراق؛ جەخت لە پاراستنی مافی ژنان و کۆتاییهێنان بە توندوتیژی دەکرێتەوە
ھەواڵ
2025/07/26 , بینین : 109


* نەوژین

لە کاتێکدا توندوتیژی دژی ژنان وەک یەکێک لە قەیرانە قوڵەکانی کۆمەڵگەی عێراق ماوەتەوە، سەرۆک وەزیران و سەرۆک کۆماری عێراق لە دو وتاری جیادا لە بەغدا، جەختیان لەوە کردەوە کە هیچ کۆمەڵگەیەک بەبێ دابینکردنی مافەکانی ژنان ئارامی بەخۆیەوە نابینێت و پێویستە یاسای تایبەت بۆ پاراستنیان دەربکرێت.

ئەم لێدوانانە لە چوارچێوەی حەڤدەهەمین کۆنگرەی "رۆژی ئیسلامی بۆ روبەڕوبونەوەی توندوتیژی دژی ژنان”ـدا هاتن، کە تێیدا بەرپرسانی باڵای وڵات دان بە بونی مەترسییەکان لەسەر ژنان و پێکهاتەی خێزاندا دەنێن.

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، پەیامێکی رونی ئاراستەکرد و وتی: "ئەو کۆمەڵگایانەی کە مافەکانی ژنان پێشێل دەکەن، ئارامی تێدا نییە”.

هەروەها ئاماژەی بە هەنگاوەکانی حکومەتەکەی کرد بۆ باشترکردنی دۆخی ژنان و رایگەیاند: کارمان کردوە بۆ دەرکردنی یاسا و راسپاردە بۆ مافەکانی ژنان و حکومەت بەردەوام چاودێری جێبەجێکردنیان دەکات.

ناوبراو رۆڵی ژنانی بە "بناغەی یەکگرتوی کۆمەڵایەتی" لەقەڵەمدا و جەختی کردەوە کە لە کابینەکەیدا پانتاییەکی گرنگ بۆ بەشداریی ژنان لە هەمو ئاستەکاندا تەرخانکراوە، ئاشکرایکرد: زیاتر لە ٥٠ هەزار ژن لە کەرتی تایبەتدا کاردەکەن و حکومەت خانەکانی داڵدەدانی بۆ ژنانی بێ سەرپەنا کردوەتەوە.

لەلایەن خۆیەوە، د. لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عێراق، هۆشداریی دا لەبارەی پەرەسەندنی دیاردەی توندوتیژی و وتی: لە چەند ساڵی رابردودا، بەهۆی ململانێی سیاسی و تیرۆرەوە، توندوتیژی دژ بە ژنان پەرەی سەندوە و بەهۆی سۆشیال میدیاوە زیاتر دەرکەوتوە، ئەمەش مەترسی لەسەر یەکپارچەیی خێزانی عێراقی دروستکردوە.

سەرۆک کۆمار توندوتیژیی بە کارێکی "پێچەوانەی یاسا و ئایین" وەسفکرد و داوای کرد مافەکانی ژنان بە تەواوی دابین بکرێن.

ئەو ئاوڕی لە مێژوی پڕ لە ئازاری ژنانی عێراق دایەوە و وتی: ژنان بەدەست سیاسەتی رژێمە یەک لەدوای یەکەکانەوە روبەڕوی پەراوێزخستن بونەتەوە، بە بیانوی نەبونی ئەزمون، رۆڵیان سنوردار کراوە و توشی کاری نامرۆڤانە بون، وەک؛ هاوسەرگیریی زۆرەملێ و نەریتە کۆمەڵایەتییە قێزەونەکان.

لە کۆتاییدا، لەتیف رەشید داوایەکی ئاراستەی ئەنجومەنی نوێنەران کرد و وتی: داواکارین هەنگاوی جدی بنێن بەرەو دەرکردنی یاسایەکی دادپەروەرانە بۆ ژنان، ئاماژەی بە پرۆژەیاسای "ئەنجومەنی باڵای بەهێزکردنی ژنان" کرد کە ساڵی رابردو لەلایەن سەرۆکایەتیی کۆمارەوە پێشکەشکراوە و هیوای خواست ژنان وەک هاوبەشێکی سەرەکی لە ئاوەدانکردنەوەی وڵاتدا رۆڵی خۆیان ببینن.

زۆرترین بینراوەکان