
* نەوژین
کچە سیاسەتوانێکی کوردی دانیشتوی سلۆڤاکیا، بە ناوی بێریڤان ئەسلان، بوە سەرۆکی شارەوانی شاری ترێنسین و وەک یەکێک لە گەنجترین سەرۆک شارەوانییەکانی ئەو وڵاتە دەستبەکاربو.
دوای ئەوەی سەرۆکی پێشوی شارەوانیی ترێنسین دەستی لەکار کێشایەوە، ئەنجومەنی شارەوانی بە فەرمی بێریڤان ئەسلانی تەمەن ٢٣ ساڵ، کە پێشتر پۆستی جێگری سەرۆکی شارەوانیی بەڕێوە دەبرد، وەک شوێنگرەوەی یاسایی و سەرۆکی نوێی شارەکە ناساند.
بێریڤان، کە بە رەچەڵەک خەڵکی شارۆچکەی کۆزلوکی پارێزگای باتمانە لە باکوری کوردستان، بەهۆی لێهاتویی و کارامەیی لە پۆستی جێگری سەرۆکی شارەوانیدا، توانی متمانەی ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی بەدەستبهێنێت بۆ ئەوەی تا هەڵبژاردنی داهاتو، ئەرکی بەڕێوەبردنی شارەکە بگرێتە ئەستۆ.
تۆماس هاکۆ، ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی ترێنسین، لەبارەی بێریڤانەوە دەڵێت: بێریڤان کەسایەتییەکی ناوازە و پڕ لە وزەیە، هەمیشە هەوڵی بۆ باشترین داوە و پڕۆژەی نوێی پێشنیار کردوە، دانانی وەک سەرۆکی شارەوانی هەنگاوێکی سروشتی بو، چونکە ئایندەیەکی گەشی هەیە و دەتوانێت لە داهاتودا وڵاتەکەمان بە باشی بەڕێوەببات.