
* نەوژین
لەنێو گۆڕانکارییەکانی پێکهاتەیی و هەموارکردنەوەی پەیڕەودا، کۆنگرەی پێنجەمی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، دیمەنێکی نوێی لە بەشداری سیاسی ژنان لەنێو حیزبە ئیسلامییەکاندا تۆمار کرد. سێ ژن توانیان بەبێ پشت بەستن بە سیستمی کۆتا و تەنها بە دەنگی ئەندامانی کۆنگرە، ببنە ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی، ئەمەش وایکردوە کە دەنگەکان بۆ پێداچونەوە بە خودی سیستمی کۆتا بەرز ببنەوە.
کۆنگرەی پێنجەمی کۆمەڵی دادگەری، لە رۆژانی (١٩ و ٢٠ـی ئەم مانگە) بە بەشداری ٩١٠ ئەندام کە نزیکەی ١٨٠ـیان ژن بون بەڕێوەچو. تێیدا جگە لە هەڵبژاردنەوەی سەرۆکی حیزب و ئەندامانی سەرکردایەتی، گۆڕانکاری لە چەند خاڵێکی پەیڕەوی ناوخۆی حیزبەکەشدا کرا.
"کۆتا بۆ ئێستا پێویست نییە"
قومری بەرزنجی، ئەندامی هەڵبژێردراوی سەرکردایەتی کۆمەڵی دادگەری، لە لێدوانێکدا بۆ نەوژین، وتی: کە لەم کۆنگرەیەدا سێ ژن توانیویانە بەبێ کۆتا و بە دەنگی خۆیان ببنە ئەندامی سەرکردایەتی و ژنێکی دیکەش وەک یەدەگ دیاریکراوە، ئەم ئەنجامە نیشانەی گەیشتنی ژنانی حیزبەکەیە بە ئاستێک لە توانایی و متمانە کە چیتر پێویستیان بە کۆتا نەبێت.
بە بڕوای ئەو: کۆتا بۆ لەمەودوا لەنێو کۆمەڵی دادگەری پێویست نییە، چونکە ئێمە سەلماندومانە کە بە دەنگی خۆمان دەردەچین.
ناوبراو هۆکاری ئەم سەرکەوتنەشی بۆ دو خاڵ گەڕاندەوە: هەم خۆمان ژنانی بەتواناین و جێگەی متمانەین، هەمیش حیزبەکە بڕوای بە تواناکانمان هەیە و جیاوازی لەنێوان ژن و پیاو دا ناکات.
بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی کۆمەڵی دادگەری، رێژەی ٢٠٪ـی کورسییەکانی سەرکردایەتی و ٢٥٪ـی ئۆرگانەکانی دیکەی حیزبەکە بۆ ژنان تەرخانکراوە، قومری پێیوایە مانەوەی ئەم سیستمە لەوانەیە کاریگەریی پێچەوانەی هەبێت، وتی: "کۆتا وادەکات زیاتر دەنگ بە پیاوەکان بدرێت."
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی دان بەوەدا دەنێت کە لە سەرەتای دامەزراندنی حیزبەکە و لە کۆنگرەکانی یەکەم و دوەمدا، کۆتا گرنگ و پێویست بوە چونکە ژنان نەیاندەتوانی بە توانای خۆیان دەربچن: "بەڵام بۆ ئێستا پێموایە دەبێت لایببەین، بەمە بەهێزتر دەبین و هەوڵی زیاتر دەدەین، کە ئەمەش لە سودی خۆمان و حیزبەکەشە".
گەنجان؛ پێچەوانەی پێشبینییەکان
یەکێک لە دیاردە بەرچاوەکانی دیکەی کۆنگرەکە، بەشداری کارای کچانی گەنج بو، قومری بەرزنجی ئاماژەی بەوە کرد کە پێچەوانەی ئەو بۆچونەی دەڵێت گەنجان حەزیان بە کاری سیاسی نییە، لە کۆنگرەی کۆمەڵدا کچانی گەنج بە رێژەیەکی بەرچاو ئامادەبون، خۆیان بۆ پۆستەکان کاندید کردبو و دەنگیشیان بەدەستهێنابو.
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە ٣١ـی ئایاری ٢٠٠١ دامەزراوە و هەر چوار ساڵ جارێک کۆنگرە دەبەستێت، لەم کۆنگرەیەدا میکانیزمی هەڵبژاردنی بەرپرسی مەڵبەندەکان گۆڕدراوە، بەجۆرێک کە ئەنجومەنی سەرکردایەتی کە لە ٢٩ ئەندامی هەڵبژێردراوی کۆنگرە پێکدێت، بەرپرسی مەڵبەندەکان دیاری دەکەن.