
* نەوژین، هاوژین محەمەد
لە شاری رانیە نوسینگەی 'ئاسا' وەڵامی پێویستییەکی لەمێژینەی ژنانی داوەتەوە و بوەتە ناونیشانێکی دیار بۆ فێربونی شۆفێری. ئاسا تەنها شوێنێک نییە بۆ فێربون، بەڵکو مۆدێلێکی پێشەنگە؛ شوێنێک کە لە بەڕێوەبەر و راهێنەرەوە تا دەگاتە فێرخوازەکانی، بە تەواوی ژنانەیە و کەشێکی پڕ لە ئارامی و متمانەی بۆ خانمان دروست کردوە.
شۆخان محەمەد، خاوەن و دامەزرێنەری نوسینگەی ئاسا، چیرۆکی دەستپێکردنی پڕۆژەکە بۆ نەوژین دەگێڕێتەوە. ئەو دەڵێت: خێزانەکەمان زیاتر لە ٢٠ ساڵ بو نوسینگەی فێرکردنی شۆفێرییان هەبو، بەڵام هەمو راهێنەرەکان پیاو بون. هەرچەندە لە شارەکانی تر راهێنەری ژن هەبون، بەڵام لەگەڵ پیاواندا تێکەڵاو بون. ئێمە هەستمان بەو بۆشاییە دەکرد کە ژنان پێویستیان بە شوێنێکی تایبەتە، چونکە مرۆڤ هەمیشە لەگەڵ هاوڕەگەزی خۆیدا ئاسودەترە.
ئەم بیرۆکەیە بوە پاڵنەرێک بۆ شۆخان و چەند هاوڕێیەکی کە بچنە خولی تایبەت و بڕوانامەی راهێنەری بەدەست بهێنن. دوای تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان، لە نێوان ساڵانی (٢٠٢٠-٢٠٢١)ـدا، توانییان دەرگای نوسینگەی ئاسا بە روی ژنان دا بکەنەوە.
"ئاسا وەک ماڵی خۆمان وایە"
کەشە ئارام و تایبەتەکەی یەکێک لە نهێنییەکانی سەرکەوتنی نوسینگەکەیە. سۆزی محەمەد سلیم، کە وەک فەرمانبەر لە نوسینگەکە کار دەکات و دەرچوی بەشی ژمێریارییە، لەمبارەیەوە دەڵێت: بە بڕوای من، ژنان پێویستیان بەوەیە لە کەشێکی ئارام و لەگەڵ هەمان رەگەزی خۆیان فێری شۆفێری بن. خۆشبەختانە، لە فێرخوازەکانمانەوە گوێبیستی ئەوە دەبینەوە کە سودێکی زۆرمان پێگەیاندون، هەم لەڕوی فێربون و هەم لەڕوی ئاسودەیی دەروونییەوە.
سۆزی جەخت دەکاتەوە، کە بونی ستافێکی تەواو ژنانە وایکردوە فێرخوازان "وەکو ماڵی خۆیان سەیری نوسینگەکەمان دەکەن”، ئەمەش ئەو ژینگەیە دروست دەکات کە ژنان تێیدا بەبێ هیچ دودڵییەک، تەنها سەرنجیان لەسەر فێربونی لێهاتوییەکانیان بێت.
لە پاڵپشتیی سنوردارەوە بۆ هێزێکی گەورە
وەک هەر کارێکی نوێ، سەرەتاکە بێ ئاستەنگ نەبوە. شۆخان باس لەوە دەکات: لە سەرەتادا تەنها هاوسەرەکەم و کەسوکارمان پاڵپشتیان کردین، بەڵام سەرکەوتنی پڕۆژەکە و ئەو پێشوازییە گەرمەی کە لەلایەن ژنانەوە لێی کرا، بوە گەورەترین هاندەر.
ئێستا لە نوسینگەی ئاسا، شەش ژن کار دەکەن کە بەشێوەیەکی زانستی و یاسایی، ژنان بۆ بوو بە شۆفێرێکی لێهاتو ئامادە دەکەن. شۆخان دەڵێت، "ئێمە هەوڵ دەدەین شۆفێرێکی باش بخەینە سەر شەقامەکان، کە ئەمەش خزمەتێکی گەورەیە."
خەونی گەورەتر لە ئاسۆدایە
تیمی ئاسا تەنها بەم سەرکەوتنەوە ناوەستن. شۆخان ئاماژە بەوە دەکات: لە داهاتودا پڕۆژەی دیکەمان هەیە کە تایبەت دەبن بە ژنان.
لە کۆتاییدا، سۆزی پەیامێکی هەیە و دەڵێت: "هیوای سەرکەوتن بۆ هەمو خانمان دەخوازم، بەتایبەتیش خانمانی دەڤەرەکەمان." چیرۆکی "ئاسا" نمونەی زیندوی ئەو باوەڕەیە کە کاتێک ژنان دەرفەتیان پێ دەدرێت و پشتگیری دەکرێن، دەتوانن نەک تەنها ژیانی خۆیان، بەڵکو کۆمەڵگەکەشیان بگۆڕن.