بۆ بەهێزکردنی پێگەیان؛ ١٠٠ ژنی وەزارەتی ناوخۆ بەشداریی خولی سەرکردایەتی دەکەن
ھەواڵ
2025/07/02 , بینین : 156


* نەوژین

بە مەبەستی بەرزکردنەوەی توانای ژنان لە کەرتی گشتیدا، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان خولێکی تایبەتی بە ناونیشانی ‘خانمان لە سەرکردایەتیدا’ بۆ ١٠٠ ئەفسەر و کارمەند و فەرمانبەری ژنی سەر بە وەزارەتەکەی کردەوە.

خولەکە رۆژی یەکشەممە، ٢٩ـی حوزەیرانی ٢٠٢٥، لە شاری هەولێرەوە دەستیپێکرد کە پڕۆژەیەکی هاوبەشە لە نێوان ئەکادیمیای سەرکردایەتی و بەڕێوەبردنی وەزارەت (LMA) و سەنتەری تەکنەلۆجیا و راهێنانی ئەوروپی (ETTC).

پڕۆژەکە تەنها پایتەخت ناگرێتەوە، بەڵکو لە هەرچوار پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکەی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت، ئامانجی سەرەکیی پڕۆژەکە پەرەپێدانی تواناکانی ئەو ژنانەیە کە لە دامەزراوەکانی وەزارەتی ناوخۆدا رۆڵی سەرکردایەتی دەگێڕن و راستەوخۆ خزمەتی هاوڵاتیان دەکەن.

بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی ناوخۆ، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندایە بۆ بایەخدان بە رۆڵ و پێگەی ژنان لە کایەی گشتیدا. 

“هەروەها ئامانج لێی پڕچەککردنیانە بە زانست و میتۆدی سەردەمییانەی سەرکردایەتیکردن، تا بتوانن کاریگەرییەکی زیاتریان لە دامەزراوەکاندا هەبێت و ببنە بەشدارێکی کارا لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان لە کوردستان”.

زۆرترین بینراوەکان