ئاسایشی هەولێر: بکوژی ژنەکەی گەڕەکی دریم سیتی هاوسەری پێشوی بوە
ھەواڵ
2025/06/02 , بینین : 190


* نەوژین

ئاسایشی هەولێر بكوژی ژنەکەی گەڕەكی (دریم ستی) دەستگیركرد و دەڵێت: بکوژ هاوسەری پێشوی ژنەکە بوە و بە چەکی بێمۆڵەت کارەکەی ئەنجامداوە.

رۆژی شەممە (٣١ـی ئایار)، لە گەڕەکی دریم سیتی لە شاری هەولێر، ژنێک لەدوای تەواوبونی دەوامی کە لە کۆمپانیایەک کاری دەکرد درایە بەر دەستڕێژی گوللە و بە ١٠ فیشەک کۆتایی بە ژیانی هێندرا.

لەبارەیەوە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر رایگەیاندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و تێیدا دەڵێت: هەر پاش چەند خولەکێک لە روداوەکە، تۆمەتباری روداوەکەمان دەسگیرکرد، کە هاسەری پێشوی ژنەکەیە و کارەکەی بە چەکی جۆری دەمانچەی ‘بێمۆڵەت’ ئەنجامدابو.  

بەپێی زانیارییەکانی نەوژین: ژنەکە تەمەنی بە نزیکەیی ٣٠ ساڵ. بوە، هەر دوای ساڵێک لە هاوسەرگیریان لە هاوسەرەکەی جیابوتەوە.

ئاسایش لەمیانی راگەیاندراوەکەدا رایشیگەیاند: پەڕاوی لێکۆڵینەوەمان بۆ دۆسیەکە کردوەتەوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵ تۆمەتبار بەردەوام دەبێت.

زۆرترین بینراوەکان