دهۆک: ماڵێک بۆ کچانی بێ سەرپەرشت کرایەوە
ھەواڵ
2024/11/28 , بینین : 1,334


* نەوژین

لە دهۆک باڵەخانەیەکی نوێی گەورە کرا بە ماڵی ئەو کچانەی بێ سەرپەرشتن، تێیدازیاد لە ١٠٠ کچ دەتوانن بمێننەوە و سەرجەم خزمەتگوزارییەکان بۆیان دابینکراوە.

لەبارەی باڵەخانەکە، ئەمڕۆ سێشەممە، شێرزاد عەبدوڵڵا، بەرێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی پارێزگای دهۆک بە نەوژینی راگەیاند: باڵەخانەکە لەلایەن خێرخوازێکەوە دابینکراوە، روبەری ١٤٠٠مەترە و لە ١٩ شوقە پێکدێت کە ١٠٧ تەخت لە خۆ دەگرێت.

زیاتر وتی: خانوەکە دەبێتە ماڵێکی ئارام بۆ ئەو کچانە و تێیدا دەحەسێنەوە، هەمو ئەو شوێن و شتانەی تێدایە کە پێویستیان دەبێت، خوێندنگە، کتێبخانە، خواردنگە، باخچە و یاریگا، بەشێک لەو خزمەتگوزارییانەن کە بۆیان دابینکراوە. 

تاوەکو ئێستا ناوی (٢٠) کچی بێسەرپەرشت بۆ ژیانکردن لەو باڵەخانەیە تۆمارکراوە، ئەوانەی دەتوانن سودمەند بن؛ ئەوانەن بێ دایک و باوک و جێگەیەکیان نییە بۆ مانەوە.

(م.ش) یەکێک لەو کچانەیە کە بڕیارە بۆ لەمەودوا لەو باڵەخانەیە بژی، دڵخۆشی خۆی بە چونی بۆ ماڵە نوێیەکی دەربڕی و وتی: ئەم خانوە دەبێتە ماڵی دڵخۆشیمان هەمو هیوا و ئاواتمان ماڵێکی ئاوا بو کە خەون و ئاواتەکانمان لە خۆی بگرێت.

زۆرترین بینراوەکان