ئاڵتون کتێبێک دەربارەی زانستی ژنان و مناڵبون دەنوسێت
رەنگاڵە
2024/02/16 , بینین : 1,089

 

* نەوژین 

کچە دەرچویەکی پەیمانگا، کتێبێک دەربارەی زانستی ژنان و مناڵبون دەنوسێت و بڵاویدەکاتەوە، دەڵێت: ئامانجم یارمەتیدانی فێرخوازان و پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە زانستیەیە کە لەبوارەکەدا هەیە.

ئاڵتون عەبدوڵڵا، ٢٢ ساڵ، دانیشتوی ناحیەی قەسرێیە لە سنوری باڵەکایەتی سەر بە پارێزگای هەولێر و دەرچوی پەیمانگەی پزیشکی هەولێر بەشی ژنان و مناڵبونە.

ئەو کتێبێکی بەناوی "زانستی ژنان و مناڵبونی ئاڵتون" نوسیوە و بڵاویکردوەتەوە، کە تێیدا باس لە زانستی ئەبستێتریک (زانستی ژنان و مناڵبون) دەکات.

زانستی ئەبستێتریک، بریتیە لە باسکردن لە هەر نەخۆشیەک کە لە کۆمەڵگە دا بونی هەبێت، لەڕوی: نیشانەکانی، هۆکارەکانی، چارەسەرەکانی و کاریگەری لەسەر دایک و کۆرپەلە.

لەبارەی هۆکاری نوسینی کتێبەکەیەوە، ئاڵتون بە نەوژینی وت: ئەو کاتەی کە سەرەتا لە پەیمانگە وەرگیرام و دەمخوێند، بۆ دەستکەوتنی زانیاری زۆر دەگەڕام، بەڵام دەستم نەدەکەوت، بۆیە بڕیارم دا خۆم بەو کارە هەستم و ئەو بۆشاییە زانستیە پڕ بکەمەوە و کتێبێک لەبارەی زانستی ژنان و مناڵبون بە زمانی کوردی بنوسم.

زیاتر وتی: ئامانجمە ئەو فێرخوازانەی دەڕۆنە ئەو بەشە لێی سودمەند بن، هەروەک کتێبەکە تەنها تایبەت بە فێرخوازان نییە، بەڵکو هەموان دەتوانن سودی لێببینن و بە خوێندنەوەی شارەزایی لە بوارەکە پەیدا بکەن.

کتێبەکە لە (٣٥١) لاپەڕە و ٤٥ بابەتی جیاواز پێکدێت و لە ئێستا دا لە شارەکانی هەولێر و دهۆک بەردەستە و بەم نزیکانە لە سلێمانی و سۆرانیش بەردەست دەبێت.

ئاڵتون، پلانی نوسینی کتێبی پزیشکیی دیکەی هەیە.

وەکخۆی باسی لێوەکرد: گەر بزانم نوسینی ئەم کتێبە سودی دەبێت، ئەوا بەردەوام دەبم لەنوسینی کتێبی هاوشێوە، تاوەکو زۆرترین سود بە گەنجان و ئەوانەی لەبوارەکە کاردەکەن بگەیەنم.

زۆرترین بینراوەکان