فیدراسیۆنی رێکخراوەکان: ئێمە پرۆژە یاسایی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژیمان نەداوەتە پارلەمان
ھەواڵ
2022/09/27 , بینین : 523
 
* نەوژین
 
فیدراسیۆنی رێکخراوە مەدەنیەکان رەتی دەکەنەوە بەشداربن لە هەموارکردنەوەی یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانی و دەڵێن: حزبەکان خۆیان هەمواریان کردوەتەوە، بەڵام ئێستە خۆیانی لێ بێبەری دەکەن.
 
ئەمرۆ(٢٧ـی ئەیلول) لە کۆنگرەی رۆژنامەنوسی دا فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی بەیاننامەیەکیان خوێندەوە و تیایدا هاتوە: هەمو ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەینەوە کە دەڵێن ئەم پرۆژە یاسایە لەلایەن رێکخراوەکانەوە پێشکەشکراوە، بەڵکو حزبەکان کردویانە بەڵام ئێستە خۆیانی لێبێبەری دەکەن. 
 
وتیشی: ئێمە تەنانەت ئاگادار نەبوین کاتێک لە (٢٣ـی کانونی یەکەمـی ٢٠٢١) خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژە یاساکە کرا، دواتریش ئێمە پرۆژە یاساکەمان رەتکردەوە و وتمان لەگەڵیدا نیین.
 
ئاماژەیان بەوەشداوە: پێشوتر لە کۆبونەوەیەکدا لەگەڵ لیژنەی ژنان و یاسایی لە پارلەمان، نیگەرانی خۆمان دەربری و ئاگادارمان کردنەوە کەوا هەندێک لە گۆرانکاریەکانی نێو یاساکە لەگەڵ کۆمەڵگایی کوردیدا ناگونجێت، بەڵام  هیچ گوێیان لێنەگرتین و بە قسەیان نەکردنین.
 
ئەم قسانەی رێکخراوە مەدەنیەکان لەکاتێکدایە، حزبەکان خۆیان لە هەمواری پرۆژە یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانی بێبەری دەکەن و دەڵێن:  لەگەڵ یاسایەکدا نین دژ بێت بە بنەماکانی ئاینی ئیسلام، هەروەک لە میدیاکانیشیانەوە بۆ پرسەکە لەبری بانگهێشتکردنی ئەندامانی پارلەمان بانگهێشتی ئەندامانی نێو رێکخراوەکانی ژنان دەکەن تاکو بەرگری لە یاساکە بکەن.
 
 
زۆرترین بینراوەکان