بەرپرسێکی بەرەنگابونەوەی توندوتیژی: هاوسەرگیری کچە ١٣ ساڵ و پیاوە ٤٠ ساڵەکە راستە

2020/11/29    846 جار بینراوە
 
* نەوژین
 
لێپرسراوی نوسینگەی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی ئافرەتان و خێزان لە قەزای شەقلاوە دەڵێت: هاوسەرگیری ئەو پیاوە تەمەن سەرو ٤٠ ساڵەی کە بڵاوکرایەوە لەگەڵ کچێکی تەمەن ١٣ ساڵ، راستە و وەک ژنی چوارەمی پرۆسەی مارەکردنیان ئەنجامداوە.
 
ماوەی چەند رۆژێکە وێنەی هاوسەرگیری پیاوێکی بەتەمەن کە ئێستا دانیشتوی هەولێرە لەگەڵ کچێکی تەمەن ١٣ ساڵ کاردانەوەی بەداوی خۆیدا هێناوە، بەشێوەیەک کار گەشتوەتە گردبونەوە دەرکردنی بەیاننامە دژ بەو هاوسەرگیریە و هاوشێوەکانی، بەڵام ئەو کەسە شەوی رابردو لە لێدوانێکدا رەتی کردوە هاوسەرگیریی کردبێت و وتی: ئەو کچە باوکی بانگێشتی هاوسەرگیریەکەی کردوم.
 
لەبەرامبەردا، سەفین تاهیر، لێپرسراوی نوسینگەی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان و خێزان لە شەقڵاوە، لە لێدوانێکیدا بۆ نەوژین دەڵێت: بۆ ئەو حاڵەتە بەوردی بەدواداچونم کردوە، ئەو کەسە سێ ژنی هێناوە، ئەمە ژنی چوارەمیەتی، ماوەی دو ساڵە لەهەریرەوە چوەتە هەولێر لەوێ نیشتەجێیە.
 
سەفین تاهیر، باسی لەوەشکرد کە پەیوەندی بەو کەسەوەکردوە و قسەی لەگەڵ کردوە، وەڵامەکی بەمشێوەیە بوە: "بەڵێ من هاوسەرگیریم لەگەڵ ئەو کچەکردوە، بەڵام تەنها پرۆسەی مارەکردنمان ئەنجامداوە، خیزانی کچەکە خەڵکی پارێزگای موسڵن و لە نەتەوەی عەرەبن، باوکی هاوڕێمە و پێی وتم کچەکەی خۆمت پێدەدەم ئەگەر یەکتان بەدڵ بو، دواتر یەکمان بینی بەدڵم بو و هاوسەرگیریمان کرد".
 
لێپرسراوی نوسینەگەی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان و خێزان لە شەقڵاوە، جەختیشکردەوە ئەگەر کەیسێکی لەو شێوەیە لە سنوری کارەکانیان هەبێت رێکاری یاسایی دژی دەگرنە بەر.
 
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,305,499     ژمارەی میوان 361

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە