کوردستان: توندوتیژی دژ بەژنان نەبوە بە پرسێكی نیشتیمانی

2020/11/25    1147 جار بینراوە
 
* نه‌وژین
 
ژنان لە هەرێمی کوردستان، بەهۆی بەردەوامی توندوتیژیەکان بەرامبەریان توشی ترس و دڵەراوکێی بون، بە گوێرەی ئامارە فەرمیەکانی حکومەت لە ماوەی دە ساڵی رابردودا لە هەرێمی کوردستان (١٠٣٧) ژن بە کوشتن کۆتایی بە ژیانیان هاتوە، لەگەڵ ئەوەشدا پرسی ژن نەبوە بە پرسێکی نیشتیمانی، هەروەک بەرپرسی سەنتەرێکی راوێژکاری خێزانیش دەڵێت: کۆرۆنا بوە بە بەهانە و رێگەیەکی دیکە بۆ توندوتیژی دژ بە ژنان.
 
”توندوتیژی ژنانی توشی ترس و دڵەڕاوکی کردوە“
 
لە فەرهەنگی کۆمەڵگای کوردستان و عێراق، تا ئەمڕۆ و رەنگدانەوەی بیری تاکەکانی خێزان و و یاساکان جیاوازی جێندەری تێدا دەبینرێت، ژن لە ناوخێزان لە شوێنە گشتیەکان لە شوێنی کار توندوتیژی جیاوازیان روبەڕودەبێتەوە.
 
لەمیعە محەمەد، بەڕێوبەری بەشی پۆلیسی کۆمەڵگەی گەرمیان، ماستەر نامەکەی تایبەت کردوە بە توندوتیژیەکانی دژ بەژنان و گرفتەیاسایەکان، لەو بارەیەوە وەکخۆی دەڵێت: لە لێکۆڵینەوەکەی دا گەشتوە بەوەی ژنان لە کوردستان و عێراق بون بە قوربانی ترس و هەڕەشە و ئەمەش وایکردوە بەردەوام لە دڵەڕاوکێ دا بن.
 
پارێزەرێکیش باس لەوە دەکات دۆسیەی توندوتیژی هەیە کە دێتە لایان توشی شۆکیان دەکات، کەچی لەبەر ئەوەی قوربانیەکە ژنە دەبێت بێدەنگ بێت.
 
بەناز ئەحمەد، پارێزەر، لەسەر ئەم خاڵە وتی: رۆژانە دۆسیەی وادێتەلامان کە توندوتیژی بەرامبەر ژن کراوە باوەڕپێکردنی ئەستەمە، بەنمونە کەیسم لایە ژن هەیە هاوسەرەکەی ناچاری بە کاری لەشفرۆشی دەکات و بەوهۆیەوە توندوتیژی بەرامبەر دەکات، ئەم کەیسانە کپ دەکرێن لە کۆمەڵگا لەبەر ئەوەی قوربانیەکە ژنە و دەبێت بە حه‌یاوە دابنیشێت.
 
ئاماره‌كانى توندوتیژی ترسناكن
 
لێوار ئیبراهیم، لێپرسراوی سەنتەری راوێژکاری خێزانی لە گەرمیان، دەڵێت: تەواوی جۆرەکانی توندوتیژی بەرامبەر ژنان بەردەوامی هەیە، وەک: توندوتیژی جەستەیی(لێدان)، توندوتیژی دەورونیی(هەڕەشەلێکردن، قسەپێوتن، جنێوپێدان، سەرکۆنەکردن...هتد).
 
بە گوێری ئامارەکانی ١٠ ساڵی رابردوش لە هەرێمی کوردستان، گۆڕانکاری ئەوتۆ نابینرێت لە باشبون و بەرەوپێشچونی تاوانەکانی توندوتیژی بەرامبەر ژنان.
 
 
خشتەی ئامارەکانی تاوان دژ بەژنان لە ماوەی ١٠ ساڵدا لە هەرێمی کوردستان
 
 
"ئەو کەسانەی کە توندوتیژی دەکەن بەرامبەر بە ژن لەماڵ دوردەخرێنەوە"
 
پارێزەر: بەناز ئەحمەد، دەڵێت: ئەو کەسەی سکاڵا دەکات لەدژی کەسێک کە توندوتیژی بەرامبەر دەکات، دادگا بڕیاری دورخستنەوەی دەدات بۆ ماوەیەک کە کاتەکەی بە پێی جۆری مەترسیەکە دیاریدەکرێت.
 
لە یاسای ژمارە (8)ی ساڵی 2011ى بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانی لە هەرێمی كوردستان – عێراق، لەمادەی سێیەم و چوارەم دەڵێت:(رێگا نادرێت بەسكاڵالێكراو بۆ چونە ناوماڵی خێزانی بە بڕیاری دادگا لە حاڵەتی بونی مەترسی لەسەر سكاڵالێكراو، لە کاتی پێشێلكردنی سەرپێچی كار سزا دەدرێت بە حه‌پسكردن ماوەیەك لە(48) كاتژمێر زیاتر نەبێت یان بە بژاردن لە (300,000) سێسەد هەزار دینار كەمتر نەبێت).
 
 
کۆرۆنا بەهانەیەکی دیکەی توندوتیژی دژ بەژنان
 
بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریگەری جیاوازی لەسەر توندتیژیەکان لەسەر خێزان و بەتایبەت ژنان دروستکرد، هەندێک لە پیاوان بەهۆی مانەوەیان لە ماڵەوە توڕەیی و شڵەژانی دەرونیان بە لێدان لە ژنەکانیان خاڵی کردوەتەوە.
 
لێوار ئیبراهیم، لێپرسراوی سەنتەری راوێژکاری خێزانی گەرمیان، لە گفتوگۆیەكی نەوژین، تیشکی خستەسەر چەند چیرۆکێکی رۆژانی مانگەکانی کۆرۆنا، وتی: "ژن هەبوە هاتوەتە سەنتەرەکەمان دەیوت یان ئەم پیاوە واز لە تەداخولی کاری ماڵە و بۆڵەبۆڵ دەهێنێت، یان جیادەبمەوە".
 
ژنان باجی ئەوەشیان داوە کە بەهۆی جێبەجێکردنی رێنمایە تەندروستیەکانی تایبەت بە ڤایرۆسەکە، توشی کێشە بونەته‌وە، دواجار لەو هۆکارەوە کێشەکان سەری کێشاوە بۆ ئاژاوه‌ و دەمەقاڵێ و توندوتیژی کردن بەرامبەر ژن.
 
چەندین نمونە لەم جۆرە کەیسە روی لە سەنتەری راوێژکاری خێزانی کردوە، لێوار ئیبراهیم، دەڵێت: پیاوێک هاتە لای ئێمە لەسەر ئەوەی توشی کۆرۆنا بوە لە ژورێک کەرەنتینەیان کردوە، دەیوت بۆ بەتەنها کچێکم خزمەتم دەکات؟ من گڵاوم؟ گەڕیم گرتوە وا ژنەکەم هەواڵ ناپرسێت؟!، بەوەش لەماوەڵەوە دەستی کردبو بەکێشە و ئاژاوە. کێشەمان لایە لەسەر ئەوەی ژنەکە رێنمایەکانی خۆپارێزی جێبەجێ کردوە و بە هاوسەرەکەی وتوە کە هاتیەوە دەستەکانت بشۆ و جلوبەرگی دەرەوەت بگۆڕە و دەمامک بەکاربهێنە، کەچی پیاوەکە توڕەبوە و کردویەتی بەشەڕ و ئاژاوە لەگەڵیدا".
 
زۆربەی توندوتیژیەکان لە مانگەکانی کۆرۆنا بە وتەی لێپرسروای سەنتەری راوێژکاری گەرمیان، هۆکارەکەی خراپی باری ئابوری بوە لەگەڵ نەبونی زانیاری پێویست لەسەر نەخۆشیەکە.
 
 
"پێویستە ئەو توندوتیژیانەی لەناو خێزان دەکرێت بە تاوان هەژمار بکرێت"
 
"هەتاوەکو توندوتیژیە خێزانیەکان وەک تاوانی زەق نەناسێندرێن و یەکسانی جێندەری لە کۆمەڵگا و یاسا و سێکتەرە جیاجیاکان رەنگنەداتەوە، توندوتیژی بەردەوامی دەبێت". لەمیعە محەمەد، دەڵێت لە دەرئەنجامی توێژینەوەکەى گەشتوه‌ بەم بڕوایە.
 
دەشڵێت: پێویستە یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی لە كه‌سه‌وه‌ بکرێت بە کێشەی کۆمەڵگا، هەروەک دەبێت هەمو رێگایەکی پێویست بگیرێتەبەر بۆ هاوکاری ئەو دەزگایانەی کە کار لەسەر کەمکردنەوەی توندوتیژیەکان دەکەن، لەگەڵ لایەنە ئاینی و مەزهەبیەکان گفتوگۆ و بەرنامەی تایبەت هەبێت لە بارەی توندوتیژی و کوشتنی ژنانەوە.
 
لێوار ئیبراهیم، بەگرنگی دەزانێت لیژنەی ئاشتەوایی لە دادگا زیاتر گرنگی پێبدرێت، بەوهۆیەی زۆرجار گرفتەکان و توندوتیژیەکان لەیەکتێنەگەیشتن دەیانهێنێتە ئاراوە، پێویستە هەمو کەیسەکان سەرەتا پێش سکاڵا لەوێ کاری لەسەر بکرێت.
 
* ئەم راپۆرتە لە ئەنجامی مێزگردێکی میدیایی (نەوژین) تایبەت بە 25ى نۆڤەمبەر ئامادەکراوە، بەشداربوانی مێزگردەکە پێکهاتبون لە:(لەمیعە محەمەد، بەڕێوبەری پۆلیسی کۆمەڵگەی گەرمیان)، (لێوار ئیبراهیم، لێپرسراوی سەنتەری راوێژکاری خێزانی لە گەرمیان)، (بەناز ئەحمەد، پارێزەر)، (شیلان قادر، چالاکوان)،(پەرژین کامەران، رۆژنامەنوس)، (هاوژین مەهدی، رۆژنامەنوس) و(سروە کەریم، رۆژنامەنوس).
 

 

 

 

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,306,627     ژمارەی میوان 1056

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە