کونسوڵگەریی ئەمریکا لەسەر روداوەکەی کەلار هاتەدەنگ

2020/11/23    638 جار بینراوە
 
 
* نەوژین
 
کونسوڵگەریی گشتی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە هەولێر لەسەر روداوەکەی کەلار هاتە دەنگ و دەڵێت: ئەمجۆرە کوشتنانە هیچ شتێک لە خۆناگرێت جگە لە شەرمەزاری، دەبێت بڵێین نەخێر بۆ توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەری".
 
رۆب واڵەر، کۆنسوڵی گشتی ئەمریکا لە ھەولێر، لە بارەی کوشتنی ژنێک لە کەلار لە لایەن سێ برایەوە نوسویەتی: "من زۆر دڵتەنگ بوم بە خوێندنەوەی ھەواڵی کوشتنی تۆقێنەری کچێک لە کەلار، ئێمە دەبێت بڵێین نەخێر بۆ توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەری".
 
دەشڵێت: ئەم جۆرە کوشتنانە ھیچ شتێک لە خۆناگرێت جگە لە شەرمەزاری، بۆیە نابێت کاری لەم جۆرە قبوڵکراو بێت لە ھەرێمی_کوردستان کە شانازی دەکات بە ناوبانگییەکەی بۆ ھەمەڕەنگی و لێبوردەیی.
 
شەوی رابردو وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان، موقەدەم: عەلی جەمال، لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد: دوای ئەوەی ئێوارەی ڕۆژی هەینی (20\11\ 2020) ئاگادارکراینەوە لەبونی تەرمێک لەگەڕەکی شارەوانی دوی قەزای کەلار، دەستبەجێ مەفرەزەکانمان چونە شوێنی ناوبراو و دەرکەوت ئافرەتێک بەناوی (م - ا - م ) لەدایکبوی 1994 لەماڵەکەی خۆیدا لەلایەن سێ برایەوە لەگەڵ کەسێکی دیکە هەڵواسراوەو بەوهۆیەوە گیانی لەدەستداوە.
 
رونیشیکردەوە: دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵ تۆمەتباراندا دانیان ناوە بەتاوانەکەدا، لەئێستادا بەبڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 406 تۆمەتباران بەندکراون.
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,361,141     ژمارەی میوان 3011

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە