لە کۆڵانەکانی سلێمانیەوە بۆ کۆریا

2020/11/12    2328 جار بینراوە
 
* نه‌وژین، رێناس ساڵح
 
ماردین ئەو کچەیە کە ئەبێتە یەکێک لەو ١٦ کەسەی کە لە سەرتاسەری جیهان بانگێشتکران بۆ بەناوبانگترین زانکۆی وڵاتی کۆریا، ئەمە کۆتایی چیرۆکی خەونێکە کە لە تەمەنی ١٣ ساڵیەوە کچێک لە سلێمانیەوە کاتێک سەیری کەناڵێکی کۆری دەکرد، لەلای دروستبو.
 
ماردین نەجات، لە سلێمانی لە دایک بوە، بۆ ماوەی  ٧ ساڵ دەبێت لە شاری هەولێر نیشتەجێیە، بەشی ئاداب/ زمانی فەرەنسی لە زانکۆی سەڵاحەدین لە هەولێر تەواو کردوە، وەکخۆی دەڵێت: هەر لە مناڵیەوە خولیای فێربونی زمان و ئاشنابونم بە کلتوری جیاواز هەبوە.
 
کۆڵنەدان
 
سەرەتای ئاشنابونی ماردین بە زمانی كۆری لە تەمەنی ١٣ ساڵییەوە بوە لە رێگای کەناڵێکی تەلەفزیۆنی کۆری، لەبەر خۆشەویستی زۆری بۆ زمانەکە هەوڵێکی زۆریداوە بۆ فێربونی، ئەو ئێستا تا ئاستێکی باش قسەی پێدەکات، "گوێگرتن لە زمانی کۆری بۆ من وەکو گوێگرتنە لە میلۆدیەکی جوان و دڵڕفێن". ئەمە تێڕوانینی ماردینە بۆ زمانی کۆرى.
 
وتیشی: لە ساڵی (٢٠١٨)ـەوە وەکو مامۆستای زمانی کۆری کاردەکەم، بە یاریدەی کونسوڵخانەی کۆریا لە هەولێر، خولی فێربونی زمانی کۆریمان چەند جارێک کردوەتەوە، کە تیایدا چەندەها فێرخواز بەشداربون، ئەمساڵ بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە خولمان نەکردەوە، بەڵام پێشبڕكێیەکی ئۆنلاینمان ساز کرد، من وەکو رێکخەر و هەڵسەنگێنەری زمان بەشدار بوم.
 
 
لە خەونەوە بۆ راستی
 
ماردین، خەونێکی شیرینی بە بینی وڵاتی کۆریا لە دڵدا بوە، ئەمەش وزەپێدەری بوە بۆ ئەوەی یەکێک بێت لەو ١٦ کەسەی وڵاتی کۆریاى باشور هەڵیبژێرێت لە سەرتاسەری جیهان لە ساڵی ٢٠١٩ بۆ سه‌ردانى ئه‌و وڵاته‌.
 
ماردین، ئەوەی گێرایەوە "دوای چاوەڕوانیەکی زۆر ساڵی پار خۆشبەختانە خەونەکەم هاتەدی، ئەویش لە رێگەی بەدەستهێنانی سكۆڵەرشیپێکەوە بو بۆ زانکۆی (Ewha Womans University) کە یەکێکە لە باشترین زانکۆکانی وڵاتی کۆریاى باشور، کە تایبەت بو بە مامۆستایانی زمانی کۆری بیانی، کە لە هەمو جیهان تەنها ١٦ کەسیان پەسەند کرد".
 
ئەوەی لە وڵاتی کۆریا جێگەی سەرنجی ماردین بوە، دڵسۆزی و پەرۆشی خەڵکی وڵاته‌كه‌یه‌ بۆ کارەکانیان، لەگەڵ جۆری خواردنەکانیان. وتى: چونم بۆ ئەوێ ئەزمونێکی زۆر سودبەخش و خۆش بو، بەڕاستی زۆر سەرسام بوم بە دڵسۆزی و پەرۆشیان بۆکارەکانیان و بەرەوپێشبردنی وڵاتەکەیان.
 
"لە کلتورەکەیان لەگەڵ ئەوەی زۆر چڕوپڕ و دەوڵەمەند و جیاوازە، چەند خاڵێکی هاوبەشی هەیە لەگەڵ کلتوری خۆماندا، وەکو رێزگرتن و نزیکبونیان لە خێزانیانەوە".
 
 
به‌ هەگبەیەکی پڕەوە ده‌گەڕێته‌وه‌
 
ماردین نزیکەی مانگێک لەوێ بوە، بەڵام خواردنێکی دوبارەی نەخواردوە، ئەمە وایکرد بیرۆکەی دروستکردنی خواردنی کۆری لەلا گەڵاڵە بێت و بێتەوە لە کوردستان دەست بەدروستکردنی خواردنی ئەو وڵاتە بکات.
 
"خواردنی کۆری بە گشتی بێجگە لەوەی کە زۆر بەتامە، دیمەنێکی زۆر جوانی هەیە، ئەویش بە گونجاندن و هارمۆنیکردنی ڕەنگەکان، لەگەڵ ئەوەشدا زۆر تەندروستن، کۆریەکان لە زوەوە کاتێک هەر خواردنێکیان دروستکردبێت وەکو دەرمان سەیریان کردوە، زۆریان حەز لە خواردنی تیژە و بەراورد لەگەل خۆماندا زۆر کەم خواردنی چەور و ترش ئەخۆن".
 
ئیستا ماردین) دەستیداوەتە دروستکردنی خواردنی کۆری و بە رێگەی ئۆنلاین دەیانفرۆشێت، ئەویش لەڕێى دروستکردنی پەیجێک لە ئینستاگرام بەناوی هانشیک، كه‌ به‌ زمانى کۆری واتا (خواردنی کۆری).
 
 
بە پێکەنینەوە بەسەرهاتی دروستکردنی خواردنەکانی گێرایەوە و وتی: "سەره‌تا رەچەتەی خورادنەکانم پەیداکرد و دەستمکرد بە دروستکردنی خوردنەکان و خواردنەکانم لەسەر ماڵەوە تاقی دەکردەوە".
 
وتیشی: خۆشبەختانە دایک و باوکم و خوشک و براکەم خواردنەکانیان بەدڵ بو، ماوەیەکی زۆر کورتە دەستم پێکردوە، بەڵام خۆشبەختانە خواستێکی زۆری لەسەرە بە هۆی جیاوازی و خۆشی خواردنەکانەوە".
 
ئەو هاوڵاتیانەی خەڵکی کۆریان و لە عێراق و کوردستان تامی خورادنەکانی ماردینیان کردوە، پێیان وتوە: "تام و بۆنی خواردنەکەکان هەستی ئێمەی گەڕاندوه‌تەوە بۆ نیشتیمان".
 
 
 
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,358,124     ژمارەی میوان 311

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە