* نهوژین
کوشتنی سێ ژن لە ماوەی شەش رۆژ دا، رەنگی بارانی ئەم پایزەی خوێناوی کردوە، بەشێویەک دوان لەو ژنانە بە فیشهک پێکراون و سێهەمیش لە روداوێکی تەمومژاویدا لە ماڵەکەی خۆیدا بە هەڵواسراوی دەدۆزرێتەوە.
رۆژی هەینی(٦/١١/٢٠٢٠) مناڵەکانی (بەهار رەشید)، لە دەرهوە دەگەڕێنەوە بۆ ماڵەوە، دایکیان بە هەڵواسراوی دەبینن، ئەگەرچی هەوڵ دەدەن رزگاری بکەن، بەڵام زۆر درەنگتر بوە لەوەی ژیانی بۆ بگەڕێننەوە و هاوار دەبەنە ماڵە دراوسێکانیان.
بە پێی ئەو زانیاریانەی دەست نەوژین کەوتوە، بەهار کە خاوەنی سێ مناڵە، چەندینجار لهلایهن هاوسهرهكهیهوه بە دار و کەرهستەی دیکە لێی دراوه تهنانهت لە پێش چاوی مناڵەکانی، ئێستاش بە بڕیاری دادوەر هاوسەرەکەی لە بنکەی پۆلیس بە مەبەستی لێکۆڵینەوە راگیراوە.
بەهار، تەنیا نیە و لە روداوێکی تەمومژاوی دیکەدا لە گوندێکی گەرمیان، درەنگانێکی شەوی (٨/١١/٢٠٢٠) مەلی مەرگ بەسەر شانی کچێکی پازدە ساڵی گوندی قەڵاتەپەی سەر بە ناحیەی قۆرهتوهوه دەنیشێتەوە.
عەلی جەمال، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان، لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە،: "درەنگانێکی شەوی (٨/١١/٢٠٢٠)، لەگوندی قەڵاتەپەی سەر بەناحیەی قۆرەتوە، تەرمی ئافرەتێک بەناوی (شەونم عەزیز رۆستەم) لەدایکبوی 2005 هێنرایە بەشی فریاکەوتنی شەهید هەژار لەکەلار، کە بەهۆی بەرکەوتنی گوللەی تاپڕەوە گیانی لەدەستدابو".
وتەبێژەکەی پۆلیس ئەوەشی خستەڕو: بەبڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 405 له یاسای سزادانى عێراقی، باوک و برایەکی قوربانیهكه بەندکراون، پەڕاوی لێکۆڵینەوەش لەسەر چۆنێتی روداوەکە کراوەتەوە و پۆلیس دەستی بەلێکۆڵینەوە کردوە لەوەی ئایا كچهكه خۆی کوشتوە، یاخود کوژراوە.
لولەی تفەنگەکە لە گەرمیان سارد نەبوبوەوە، رۆژێك دواتر لە سلێمانی سێ فیشەک جهستهى گەرمی ژنێکی دیکەی سارد کردەوە.
وێنهى ههردو قوربانى: شۆخان عارف و بەهار رەشید
سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی، لە لێدوانێکیدا بۆ نەوژین وتی: لەسەر شەقامی مەلیک مەحمود، تەرمی ژنێک لەنێو ئۆتۆمبێلەکەیدا دۆزرایەوە کە ئاسەواری سێ گولـلە بە جەستەیەوە دیاربوە.
ئەو ژنە، شۆخان عارفی تەمەن ٣٠ ساڵە، کە فەرمانبەر بوە لە دادنوسی سلێمانی، لە هەمان شەوی روداوەکە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، شیلان عارف-ی خوشکی وتی: تائێستا هۆكارى تاوانهكه نەزانراوە و چاوەڕێی رونكردنەوەی هێزە ئەمنیەكان دەكەن.
"بە بڕیاری دادگا، پۆلیسی بەڵگەی تاوان بەردەوامە لە بەدواداچونەکانی و بهپێی زانیارییه سهرهتاییهكان کوشتنی ئەم کچە پەیوەندی بە خێزانەکەیەوە نیە و بە تەواوی وردەکاری کوشتنەکەمان دەستکەوتوە" وتەبێژەکەی پۆلیسی سلێمانی ئەمەی وت.
ئەمە لە کاتێکدایە بە گوێرەی ئامارەکانی ساڵی رابردو، ١١٠ ژن لە کوردستان بون بە قوربانی روداوەکانی کوشتن، لە نێویاندا ٤١ حاڵەتیان کوژراون.