نەوژین، لە گەرمیانەوە بۆ كوردستان

2020/11/02    1725 جار بینراوە
 
رێناس ساڵح
سه‌رنوسه‌رى (نه‌وژین)
 
نەوژین، لە کۆڵانێکی گەرمیانەوە ئەو دەرگایانەی کە بە کۆت و بەندی قسەکانی کۆمەڵگا داخرابو، کۆدی کرانەوەی بە نوسینی چیرۆکەکان و گێرانەوەی بۆ هاوڵاتیان، شكاند. بە پەڕەی کاغەزەکەی، زۆر دەرگای نەکراوەی کردەوە، له‌مڕۆشه‌وه‌ درێژە بە گەڕانەکەی دەدات و دەست دەکات بە کێشانی تابلۆیەکی گشتگیر تری میدیای مێینە لە کوردستان.
 
نه‌وژین، له‌ كۆتایی ساڵی 2016 دەستی پێکرد، بەشێوەی مانگنامه‌یه‌كى چاپكراو له‌ ئاستى ناوچه‌ى گه‌رمیان دا. پاش ده‌رچونى 45 ژماره، له مانگی ئه‌یلولی 2020 كۆتایی به وه‌شانى كاغه‌زیی خۆی هێنا و لە ئەمڕۆوە وه‌كو سه‌كۆیه‌كى ئیلیكترۆنى دەگاتە هەمو ناوچه‌ و شارێكى کوردستان و ته‌نانه‌ت جیهانیش.
 
 ئامانجمان به‌دیهێنانى ‌به‌ره‌وپێشه‌وه‌چونه له‌ دۆزی ژن دا
 
لێرەوە دەمانەوێت روماڵێكى بابه‌تیانه‌ و رۆژنامه‌وانیانه‌ى تەواوی ئەو پرس و بابەتانە بکەین کە پەیوەندیدارن بە رەگەزی مێ لە کوردستان، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش سه‌كۆكه‌مان به‌رفراوانه‌ و جیا له‌ وێبسایه‌كه‌مان، له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانیشه‌وه‌ به‌رهه‌مه‌كانمان بڵاوده‌كه‌ینه‌وه‌، بۆ ئەوەی بتوانین به‌شداربین له‌ پڕكردنه‌وه‌ى ئه‌و بۆشاییه‌ى كه‌ له‌ بواری میدیای ژنان دا هه‌یه‌، به‌ ئامانجى به‌دیهێنانى ‌به‌ره‌وپێشه‌وه‌چون له‌ دۆزی ژن دا.
 
ئەو رێگایەی (نەوژین) هەڵیبژاردوه‌، پێدا رۆشتنی ئاسان نەبو، چەندین رێگری جۆراوجۆری هاتوه‌تە پێشمان، بەڵام  ئێمه‌ بە بڕوا و کارەکانمان بازمان به‌سه‌ر رێگریه‌كان دا دا و لێنه‌گه‌ڕاین پرۆژه‌كه‌ خامۆش بێت‌.
 
 پێمانوایه‌ پرسی ژن تائێستا نەبوەتە پرسی خەڵک و لە چوارچێوەیه‌كى ته‌سك دا ماوه‌ته‌وه‌
 
 
لە چوار ساڵی کارکردنی دا، زیاتر گرنگیمان بە پرسی بەشداری سیاسی ژنان داوە، هاوشان لەگەڵ گرنگیەکی تایبەت بە لایەنی ئابوری ژن، سه‌رباری بایه‌خدان به‌ هه‌ر ده‌ستپێشخه‌ریی و ئاریشه‌ و ئاله‌نگاریی و به‌ره‌وپێشه‌وه‌چونێك كه‌ له‌ دۆزی ژن دا به‌دییهاتبێت. بۆ ئێستاش به‌رده‌وام ده‌بین له‌م رێچكه‌یه‌ و به‌و بواره‌ى كه‌ ته‌كنۆلۆژیا بۆمانى ده‌كاته‌وه‌، ده‌مانه‌وێت بره‌و به‌ كاره‌كانمان بده‌ین، دەمانەوێت ئەم سەکۆیە ببێتە ئەو پەنجەرەیه‌ کە ژنان پڕ بە دەنگیان لێیەوە بانگی ئازادی بدەن. 
 
پێمانوایه‌ پرسی ژن تائێستا نەبوەتە پرسی خەڵک و لە چوارچێوەیه‌كى ته‌سك دا ماوه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ ده‌مانه‌وێت لێرەوه‌ دەنگی کۆمەڵگە و دەنگی ژن بکەینە یەک تۆن، کە بە ژەنینى، دەنگی ژیان و یەکسانی و شكۆ‌، بده‌ینه‌ گوێی هه‌مو لا.
 
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,723,460     ژمارەی میوان 644

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە