ئه‌و كه‌سه‌ى خۆی كردبو به‌ پزیشكێكى ژن سزا درا

2020/11/01    706 جار بینراوە
 
* نه‌وژین
 
دادگای هەولێر سزای ساڵێک زیندانی بۆ ئەو کەسە دەرکرد کە لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە خۆی كردبو به‌ ژنه‌ پزیشكێك و به‌وهۆیه‌وه‌ چه‌ندین ژنى له‌ خشته‌بردبو و هه‌ڕه‌شه‌ى بڵاوكردنه‌وه‌ى وێنه‌كانى كردبون.
 
د. نگین جەعفەر، پزیشکی پسپۆڕی ژنان لە هه‌ولێر، له‌ پەڕەی فەرمی خۆی لە فەیسبوک رایگەیاند، ئەمڕۆ دادگای ھەولێر سزای ساڵێک زیندانی بەسەر ئەو کەسەدا سەپاند کە ئەکاونتی فەیکی بەناوی منەوە (دکتۆرە نگین) کردبوه‌وە. 
 
وتیشی: ئەو کەسە بەناوی منەوە ئامادەیی راوێژی بۆ خەڵکی بەیانکردوە و ئەوانیش باسی گرفتە تەندروستییەکانی خۆیانیان بۆ ناردوون بەبێ ئەوەی بزانن کە من نیم!، ئەویش دوای وەرگرتنی وێنە و ناوەکانیان ھەڕەشەی بڵاوکردنەوە و ناوزڕاندنیانی کردوە.
 
له‌ ماده‌ى (2)ى  یاسای ‌(قەدەغەكردنی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردنی لە هەرێمی كوردستان)ی ژمارە(6)ی ساڵی 2008ی دەركرد كە ئێستا لە هەرێمی كوردستان بەركارە، هاتوە: "هەر كەسێك ئەگەر بەخراپی هەر ئامێرێكی پەیوەندیكردن یاخود ئەنتەرنێت بە مەبەستی هەڕەشەكردن یان تۆمەت هەڵبەستن به‌كاربێنێت، ئەوا بۆ ماوەیەك بەند (حبس) دەكرێت كە لەشەش مانگ كەمتر نەبێت‌ و لە پێنج ساڵیش زیاتر نەبێت‌ و بە غه‌رامەیەكیش سزا دەدرێت كە لە یەك ملیۆن دینار كەمتر نەبێت و لە پێنج ملیۆن دیناریش زیاتر نەبێت سزا دەدرێت یان بە یەكێك لەو دو سزایە".
 
د. نگین جەعفەر، ئاماژەی بەوەشکردوە: ئەمە ھەنگاوێکی زۆر ئەرێنی و باشە بۆ رێکخستنەوەی ئەو گرفت و نالەباریانەی بەھۆی خەڵکانێکی نابەرپرسەوە کە خراپ سۆشیال مێدیا بەکاردەھێنن و کێشە بۆ تاک و خێزانەکان دروست دەکەن.
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,358,452     ژمارەی میوان 638

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە