* نه‌وژین
ژنان بە رێژەی ١٤٪ پێکهێنەری بەڕێوبەری پۆستە حکومیەکانن لە گەرمیان، ئەگەرچی رێژەکە کەمە، به‌ڵام ژنانى به‌ڕێوبه‌رى دەڵێن: ئێمە سەلماندمان دەتوانین هاوشانى پیاوان، له ترۆپكی فه‌رمانگه‌كاندابین و به‌ڕێوه‌یان ببه‌ین.
ئەم رێژە بەشداریەی ژنان بە بەراورد بە رێژەی رەگەزی مێ لە سنوری گەرمیان زۆر کەمە، وەکخۆیان دەڵێن ژنان پێکهێنەری نیوەی کۆمەڵگان دەشبێت بەو رێژەیە بەشداربن لە بەڕێوبردن ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا باس له‌وه‌ده‌كه‌ن هه‌ست به‌وه ناکەن كه به‌هۆی لایه‌نى ره‌گه‌زییانه‌وه، کارەکانیان بە باشی بەڕێوە نەبەن.
شادیە حسێن عه‌باس، ماوەی چوار ساڵه بەڕێوەبەری گشتى کشتوکاڵی گەرمیانە، باس له‌وه‌ده‌كات له ئه‌زمو‌نى كارى خۆیه‌وه فێر بوه كه ره‌گه‌ز پێوانه نیه بۆ توانا.
"لە کارەکەمدا گرنگی زۆرم بە توانا داوا نەوەک رەگەز، جاری واهەبوە خۆم تاکە ئافرەت بومە لەنێو شەش پیاودا پڕۆژەیەکمان جێبه‌جێ كردوه و سه‌ربه‌رزانە پڕۆژەکەمان ئەنجام داوە". ئه‌شواق ئیبراهیم، به‌ڕێوبه‌رى كاره‌بای قەزای کفریە لە گەرمیان، ئەمەی وت وەک ژنێک لە پۆستێکی بەڕێوبەری.
ئه‌وه‌ى له به‌شداریی ژنانى گه‌رمیان له پۆسته حكومیه‌كان دا ده‌بینرێت، ئه‌وه‌یه كه روكه‌شانه نیه به‌وه‌ى له ده‌زگاى كه‌م چالاكیی و كه‌م گرنگیی دا بن، به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه ژنان بون به به‌ڕێوبه‌ر له‌هه‌ندێك فه‌رمانگه‌دا، كه ئه‌رك و كاریان زۆره. ئاریا ئەنوەر، ماوه‌ى 10 ساڵه به‌ڕێوبه‌رى بانكی كه‌لاره، كه یه‌كێكه له ده‌زگا هه‌ستیاره‌كان.
"له‌م ماوه‌یه‌دا روبه‌ڕوى زۆر ئاسته‌نگ و رێگریی بومەوە، به‌ڵام توانیم به‌سه‌ریاندا زاڵ ببم و تێیانپەڕینم". (ئاريا) واى وت.
بەپێی ئاماری ئیدارەی گه‌رمیان، نزیكه‌ى 10 پۆست له‌نێو سه‌روى 70 پۆستى حكومییدا له‌گه‌رمیان، له‌لایه‌ن ژنانه‌وه به‌ڕێوه‌ده‌برێن، ئه‌وانیش تیایاندایه له به‌ڕێوبه‌رى ناحیه‌وه هه‌تا ده‌گات به به‌ڕێوبه‌رى گشتى.
به‌رپرسێكى ئه‌و ئیداره‌یه‌ش، باس له‌وه‌ده‌كات كه تواناكانى ژنانى به‌ڕێوبه‌ر، به‌كه‌متر له هی پیاوان نازانن.
هەڤاڵ ئیبراهیم، به‌ڕێوبه‌رى راگه‌یاندن و په‌یوه‌ندیه‌كانى ئیدارەی گەرمیان، به (نه‌وژین)ى وت: بە پێی هێز و توانای کەسەکان لە ئیش‌کردن دا لەو پۆستانە دادەنرێن، ژن یاخود پیاو بەپێی پۆست و تواناکانیان ده‌خرێنه به‌ر به‌رپرسیارێتى.
پێیشیوایه "ژنەکان ئەگەر توانایان لە پیاوان زیاتر نەبێت کەمتر نیە".
ژنانى به‌ڕێوبه‌ر ئاماژه به‌وه‌ده‌كه‌ن كه جگه له ئه‌ركی پۆسته‌كه‌یان و ئه‌ركی خێزان و لایه‌نى كۆمه‌ڵایه‌تییش، زۆرجار ئه‌ركی پیشه‌یی دیكه‌شیان له ئه‌ستۆیه و توانیویانه سه‌ركه‌وتو بن تیایاندا.
د. بەناز جه‌لیل، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید شێرەی نەقیب بۆ ژنان و مناڵبون له كه‌لار، ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد كه ماوەی 6 ساڵە بەڕێوەبەرى ئه‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌یه، سەرەڕای ئەرکی بەڕێوەبەری، كارى پزیشكیش ئه‌نجام ده‌دات.
وتی: پێموایە ژنانیش هاوشێوه‌ى پیاوان ده‌توانن به‌رپرسیارێتى فه‌رمانگه حكومیه‌كان وه‌رگرن، بۆ ئه‌مه‌ش رێنمای ژنان دەکەم، له ئاسته‌نگه‌كان نه‌ترسن و سڵ نه‌كه‌نه‌وه، وتیشی: "دەبێت ژنان متمانەیان بەخۆیان هەبێت و روبەروی کێشەکان ببنەوە".