* نەوژین
ژیانی پڕ ئازاری کچێکی کورد کە بە نەوجەوانی بە شو دەدرێت و لە تەمەنێکی زۆر کەم دەبێتە دایک، لە وڵاتی فینلاند کراوە بە بەڵگەفیلم و نمایشدەکرێت.
“دەنگی نەسرین” ناوی بەڵگەفیلمەکەیە، کە تێیدا باس لە ژیانی نەسرین دەکات، کە کچێکی کوردە، لە بەڵگەفیلەمەکەدا پیشاندەدرێت کە چۆن نەسرین لە تەمەنی نەوجەوانی بە شو دەدرێت و پاشان لە ماوەی پێنج ساڵ دا دەبێتە دایکی سێ مناڵ.
لە دەستپێکی بەڵگە فیلمەکەدا نەسرین تەمەنی تەنها ١٣ ساڵە و لەو تەمەنەدا لە یۆنان دایک و باوکی بەبێ ویستی خۆی دەیدەن بە قاچاخچیەک کە ١٣ ساڵ لەخۆی گەورەترە و لە تەمەنی ١٤ ساڵیش دەبێت بە دایک، پاشان لە تەمەنی ١٦ ساڵی بۆ جاری دوەم و لە ١٩ ساڵی بۆجاری سێیەم دەبێتەوە بە دایک، ئەمەش سەرباری ئەوەی هاوسەرەکەی لەگەڵی خراپە و بەردەوام ئازاری دەدات.
لە نیوەی بەڵگەفیلمەکەدا، نەسرین لە هاوسەرەکەی جیادەبێتەوە، بەڵام هەر لە رۆژی جیابونەوەی هاوسەرەکەی مناڵەکان دەڕفێنێت و تاوەکو ماوەیەکی زۆر نەسرین ناتوانێت بیاندۆزێتەوە. لەکۆتاییش دا، هاوسەری نەسرین بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە دەستگیردەکرێت و مناڵەکان بۆ وڵاتی فینلاند دەگەڕێندرێنەوە.
بەڵگەفیلمەکە دوای پەخشکردنی لە کەناڵی یەکی فینلاند، ئێستا لە ماڵپەڕی کەناڵەکە بەردەستە.