تەنها پێنج ژنە کاندید بە دەنگی خۆیان کورسی پارلەمانیان مسۆگەرکردوە

2024/10/30    2636 جار بینراوە


* نەوژین

تەنها پێنج ژنە کاندید، لەکۆی (٣٠) ژنە کاندیدی سەرکەوتو بۆ خولی شەشەمی پارلەمانی کوردستان، بە دەنگی خۆیان کورسی پارلەمانیان مسۆگەرکردوە.

بەپێی دەرەنجامە راگەیەنراوەکەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لەکۆی (٣١) ژنە کاندیدی دەرچو بۆ خولی شەشەمی پارلەمانی کوردستان، تەنها (٥)ـیان بە دەنگی خۆیان دەرچون.

لەو پێنج کاندیدە سێیان لە بازنەی سلێمانین، یەکێکیان لە بازنەی هەولێر و ئەوەکەی دیکەش لە بازنەی دهۆکە.

لە بازنەی سلێمانی هەردو ژنە کاندیدی لیستی نەوەی نوێ هێشوی غەریب بە (٤١٠٨) دەنگ و خۆشی فەرەیدون بە (٢٥٢٩) دەنگ، بەبێ پێویستی کۆتا، کورسی پارلەمانیان مسۆگەر کردوە. هەروەها لاوێن مەحمود، لەسەر لیستی یەکێتی بە (٦١١٣) دەنگ، بەبێ پێویستی کۆتا، کورسی مسۆگەرکردوە. 

لە بازنەی هەولێریش ڤالا فەرید، ژنە کاندید لەسەر لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە (١٣٦٠٩) دەنگ، بەبێ پێویستی کۆتا، کورسی مسۆگەرکردوە.

لە بازنەی دهۆکیش، ڤەژین دیوالی، ژنە کاندید لەسەر لیستی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە (٢٥١٣) دەنگ، بێ پێویستبون بە کۆتا کورسی مسۆگەرکردوە. هەروەک زۆرترین دەنگی نێو کاندیدانی حزبەکەی لە بازنەی دهۆک بەدەستهێناوە و تاکە کاندیدی دەرچوی یەکێتیە لە بازنەی دهۆک.

ئەمڕۆ چوارشەممە، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی فەرمی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پارلەمانی کوردستانی راگەیاند، کە رۆژی (٢٠ـی ئەم مانگە) هەڵبژاردن بەڕێوەچو.



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,816,521     ژمارەی میوان 1357

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە