نێرگز محەمەدی بە ٦ مانگی دیکەی زیندانیی سزادرا

2024/10/26    1658 جار بینراوە


نەوژین

دەسەڵاتدارانی ئێران حوکمی شەش مانگ زیندانیی دیکەی بۆ نێرگز محەمەدی، براوی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی و بەندکراوی ئێرانی دەرکرد.

هاوپەیمانی "ئازادیی نێرگز" لە بەیاننامەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەو بڕیارە لە ١٩ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ دژی محەمەدی دەرچوە.

هەر بەپێی بەیاننامەکە، محەمەدی دوای ئەوەی لە ٦ـی ئابدا ناڕەزایەتی دەربڕی بەرامبەر بە لەسێدارەدانی زیندانییەکی سیاسی دیکە لە بەشی ژنانی زیندانی ئیڤین کە خۆی تیایدا بەندە، تۆمەتبار کراوە بە یاخیبون لە بڕیارەکانی دادگا و روبەڕوبونەوەی.

نێرگز محەممەدی، نۆزدەهەمین ژنە کە خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی وەرگرتوە، هەروەها دوەم ژنی ئێرانییە کە پاش شیرین عەبادی ئەو خەڵاتە وەربگرێت.

نێرگزی تەمەن ٥٢ ساڵ، سەرەڕای دەستگیرکردنی چەندینجارەی، بەڵام بەردەوام بوە لە چالاکییەکانی کە بەتایبەتی خۆی لە پرسی ئازادیی ژنان و ئازادیی باڵاپۆشیی و قەدەغەکردنی سزای لەسێدارەدان و راگرتنی دەستدرێژی سێکسی بۆسەر ژنانی بەندکراو، دەبینێتەوە.
 
محەمەدی کە لەساڵی ٢٠٢٣ـدا خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی پێدرا، بە ٣٠ مانگ بەندکردن سزادرابو، لە مانگی یەکی ئەمساڵدا ١٥ مانگی دیکە سزای زیندانی بەسەردا سەپێندرا و لە ١٩ـی مانگیشەوە شەش مانگی دیکە بۆ سزاکەی زیادکرا.



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,816,526     ژمارەی میوان 1362

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە