* نەوژین
لە قەزای شارەزور، حزبەکان هیچ ژنێکیان بۆ هەڵبژاردنی پارلەمانی کوردستان کاندید نەکردوە، تەنها یەک کاندیدی ژن لەسنورەکە بونی هەیە، ئەویش بەشێوەی سەربەخۆ خۆی کاندیدکردوە.
بەپێی بەدواداچونێکی نەوژین، لە قەزای شارەزور (١٣) کەس لەلایەن حزبە جیاوازەکانەوە بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پارلەمانی کوردستان کاندیدکراون، بەڵام لەو ژمارەیە هیچ ژنێک بونی نییە. تەنها یەک ژن لە سنورەکە کاندیدە ئەویش بەشێوەی سەربەخۆ خۆی کاندید کردوە.
لە ناوچەکە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان سێ کاندید و هەریەک لە پارتی دیموکراتی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕانیش دو کاندیدیان هەیە، هەروەها یەکگرتو، کۆمەڵی دادگەری، هاوپەیمانی نیشتیمانی، بەرەی گەل و لیستی هاوپەیمانی هەرێمی کوردستان یەکە و یەک کاندیدیان هەیە و سەرجەمیان پیاون.
قەزای شارەزور، ژمارەی دانیشتوانی بە نزیکەیی ١٠٠ هەزار کەسە، کاندیدانی ناوچەکە لەسەر بازنەی سلێمانیین. بەگشتی لە بازنەی سلێمانی (١٧١) ژن لەسەر ئاستی حزبەکان و بەشێوەی سەربەخۆ خۆیان کاندیدکردوە، ئەمەش لەکۆی ٥٠١ کاندید، واتا رێژەی (٣٤%)ـی کاندیدەکانی سنورەکە ژنن.
بڕیارە رۆژی (٢٠ـی مانگی داهاتو) هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی پارلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت، لە هەرێمی کوردستان ٣٦٨ ژن کاندیدن و کێبڕکێ بۆ گەیشتن بە پارلەمانی کوردستان دەکەن، ئەمەش لەکۆی ١١٩١ کاندید.