ژنان سەرۆكایەتی ٤١ رێكخراوی ژینگەیی هەرێمی کوردستان دەكەن

2024/09/12    1557 جار بینراوە


* نەوژین

ژنانی هەرێم سەرۆكایەتی ٤١ رێكخراوی ژینگەیی دەکەن، ئەمەش لەکۆی ٢٦٠ رێکخراوی تایبەت بە پرسەکە، ژنێک کە سەرۆکی رێکخراوێکی ژینگەییە دەڵێت: ژنان لەم لەبواری ژینگە گرنگە پێشەنگبن، چونکە ئەوان زیاتر لێی تێدەگەن.

لە تەواوی هەرێمی كوردستان ٢٦٠ رێكخراوی تایبەت بە پرسی ژینگە هەن، لە نێویاندا ٤١ رێكخراویان ژنان سەرۆكایەتی دەكەن، ئەوەش بەپێی ئامارێکی فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومیەکانی هەرێم. دەیان رێكخراوی ژینگەییش ژنان تیایدا رۆڵ و لێپرسراوێتیان هەیە.

شیلان ئەحمەد، خانمێکی دانیشتوی شاری سلێمانییە، حەوت ساڵە وەكو سەرۆكی رێكخراوی (شەماڵی کوردستان) كار لە بواری پاراستنی ژینگەدا دەكات، هۆشیاریی ژینگەیی بڵاودەكاتەوە و هانی خەڵك دەدات بۆ پاراستنی ژینگەی كوردستان.

لەسەر پرسی كاركردنی ژنان لە بواری ژینگەدا، دەڵێت: تاوەكو هەمومان پێکەوە بڕیاری پاکڕاگرتنی ژینگە نەدەین، ناتوانین ببینە خاوەنی ژینگەیەکی تەندروست، ژنان لەم کارە گرنگە پێشەنگبن، چونکە ئەوان زیاتر لە ژینگە تێدەگەن.

لەهەر شوێنێك بێت شیلان (42ساڵ)، بیرێكی لای پاكڕاگرتنی ژینگە و پاراستنی ژینگەیە، چ وەك ژیانی ئاسایی خۆی، یان لە چوارچێوەی كاری رێكخراوەكەیدا كە تایبەتە بە پرسی ژینگە. دەڵێت: ئامانجی رێكخراوەكەم خزمەتکردنی ژینگە و خاكی كوردستانە، ستافێكی شەش كەسیمان هەیە و چالاكیی ژینگەیی دەكەین.

پێیوایە ژنان هاوشێوەی پیاوان لە بوارەکە چالاکن، وتیشی: ژنانێکی زۆر لەبواری ژینگە کاردەکەن، ئەوان هاوشێوەی پیاوان بەردەوام لە چالاکییە ژینگەییەکان بونیان هەیە.
 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,723,318     ژمارەی میوان 512

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە