خەڵات و گوڵ و دیارییان پێشکەش مەکەن بە کرداری خزمەتیان بکەن

2024/03/10    240 جار بینراوە

 

كۆچەر عەزیز، رۆژنامەنوس

لە هەمو یاد و بۆنەکانی تایبەت بە کچان و ژنان دو رۆژ پێش وادەی یادەکە و ئەو رۆژەی یادەکەش هەندێک جار، هەفتەیەک پێش روداوەکانیش بابەتە رۆتین دوبارەکان وەک خەڵات و دیاری و دروشمی باق و بریق سۆشیاڵ میدیا و  تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دەتەنێت، دەڵێی ئەم ژینگەیەی تێیدا دەژین هەر ئەو روداوە و هەر ئەو یادەی تێیدایە بەڵام ئەمانە هەموی روکەشن و بۆ دەرخستنن.

یان دێن کۆنفرانس و کۆنگرە  دەبەستن و رۆڵی ژنان و کچان دەبەنە لوتکە و دەڵێن دنیایەک شت دەکەین، بەڵام بەداخەوە کە دێتە سەر جێبەجێکردن حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش تەنها قسە و بەڵێنەکانیان لەو رۆژەدایە و بۆ رۆژی دواتر بڕناکات.

نموونەیەکی بچوک دەهێنمەوە تا بزانن دۆخەکە چۆنە؟.

تاکە سەنتەرێکی دەستنیشانکردنی شێرپەنجە هەیە لە سلێمانی کە ژنان و کچان لە هەمو شارەکانی هەرێمی کوردستان و تەنانەت ناوەڕاست و باشوری عێراقیشەوە روی تێدەکەن بۆ دەستنیشانکردنی شێرپەنجە و پشکنینی  پێشوەختەی نەخۆشییەکانی مەمک، نزیکەی دو مانگە دو ئامێری مامۆگرافی هەیە شکاون، حکومەت و وەزارەتی تەندروستیشی لێ ئاگادارکراوەتەوە.  

دەبێت ئەوە بڵێم رەنگە چاککردنەوەی ئامێرەکان نزیکەی ١٠ هەزار دۆلاری بوێت کە رۆژانە دەتوانرێت بەهۆیەوە ٢٠ بۆ  ٢٥ ژن و کچ پشکنینیان بۆ بکرێت و لە رێگەیەوە بە کرداری خزمەتی ژنان و کچان بکرێت کە رەنگە دە ئەوەندەی دیارییەک کە گوڵێکە بە نرخ بێت بۆیان، بەڵام هەر دەستی دەستی پێدەکرێت و ئەم نوسراو بە ئەو دەسپێرێت و لەکۆڵ خۆیانی دەکەنەوە.

ئەمە نمونەیەکی بچوکە کە دەکرێت لە رێگەیەوە بە کرداری خزمەت بە ژنان و کچان بکرێت، دڵنیام ئێستاش چەندەها کێشە و گرفتی دیکەی ژنان و کچان هەیە ئەگەر رۆژانی دیکەش نەکرێت لە بۆنەکانی تایبەت بە ژنان و کچان دا دەتوانرێت ساڵانە گەر جارێکیش بێت پەی ببرێت و چارەسەر بکرێت.

بۆیە دەبێت لە کاتی یادەکاندا بەرپرسان لایەنە و پەیوەندیدارەکان دەست بخەنە سەر برینەکان و چارەسەریان بۆ بدۆزنەوە تا لە رێگەیەوە بە کرداری خزمەت بەهەمو ژنان و کچانی کۆمەڵگە بکەن بێ جیاوازی، نەک لە نوسینگەکانیانەوە بەپەیامێکی نووسراو پیرۆزباییان بۆ بنێرن.
 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,363,183     ژمارەی میوان 1257

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە