چۆن تێگەیشتم له دەستدرێژیکرانە سەر کچە ١٦ ساڵانەکە؟

2024/02/19    309 جار بینراوە

 

د. دیلمان ئازاد، پسپۆڕی پزیشکی دادوەری

دو رۆژە سۆشیاڵمیدیا بەباسی دەستدرێژیکردنەسەر کچێکی ١٦ ساڵان هەژاوە، بەڵام هەژانەکە هەر لە چوارچێوەی کاردانەوەی سۆزداریدایە و واپێدەچێت وەکو هەمو تاوانا قێزەونە هاوشێوەکان تەنیا شەپۆلێکی بۆڵەبۆڵ بێت و کۆتاییبێت، بۆیەش بەردەوام ئەم تاوانانە دوبارە دەبنەوە و ئەوەی وندەبێت دەستنیشان و چارەسەری زانستییانەیە بۆ تاوانەکە!

تاوانەسێکسییەکان تەنیا بریتینین لە دەستدرێژیی راستەوخۆی جەستەیی، بگرە هەر لە وشەی ناشرینی سێکسی دەرهەق بە رەگەزی بەرامبەر یان دەستلێدانێکی نەشیاو یان تەنانەت تەماشاکردنێکی نەشیاو، هەمو تاوانن، بەڵکو تاوانە هەرە بێزراوەکانن.

تاوانی سێکسی تەنیا لای ئێمە و لە کوردستان نین، بەڵکو لەهەمو وڵاتێک هەن، بەڵام جیاوازییەکە ئەوەیە لە وڵاتان بەرەنگاری دەبنەوە، لێیدەکۆڵنەوە و گفتوگۆی لەبارەوە دەکەن، هۆشداری دەدەنە مناڵ و گەورە، بگرە لە پرۆگرامی خوێندن چەسپێنراوە، ئەوە جگە لەو یاسایانەی بەسەر تاوانبار دا دەسەپێنرێن.

بەڵام لای خۆمان بیرکردنەوەکان تەسک و کورتبینانەن، دایکوباوک بە دڵنیاییش بزانن منداڵەکەیان دەستدرێژیکراوەتە سەری تەنیا پشکنینیکی پەردەی کچێنییەکەی بۆ دەکەن و بێ دو دڵی خۆیان بێدەنگ دەکەن! دەڵێن شەرمە با کەس نەزانێت و لەماڵەوەش هەمو خێزانەکە مامەڵەیان لەگەڵ کەسی دەستدرێژیلێکراو دەگۆڕن و بەچاوی تاوانبار تەماشایدەکەن!.

واتا ئەو مناڵە یان هەرزەکارە جگە لەو ستەمەی لێیکراوە، بینین و بیرکردنەوەی خێزانەکەشی دەبێت قبوڵ بێت کە خۆی لەخۆیدا روخاندنی دەرونە، تاوانباریش رێک وەک مرۆڤێکی ئاسایی دەسوڕێتەوە و ژیانی ئاسایی خۆی دەباتە سەر و خێزانەکەی دەڵێن با ژنێکی بۆ بهێنین چاکدەبێت و بگرە ئەگەر خێزانداریش بیت دەڵێن هەمو کەس هەڵەدەکات ئاساییە جارێک هەڵەی کرد دوبارەی ناکاتەوە و ئامۆژگاری هاوژینەکەی دەکەن دەڵێن زیاتر ئاگات لێی بێت.

کۆمەڵگەی ئێمە ئاوا دەکات، بۆیە دەستدرێژیکارەکان بەردەوامن لەسەر تاوانی سێکسی بەرامبەر چەندینی وەک کچە ١٦ ساڵانەکە!

لێرەوە دەڵێم لەبەر ئەوەی ماستەر نامەکەم لەسەر دەستدرێژیی سێکسی بو لەگەڵ پشکنینی پەردەی کچێنی، زۆر لیکۆڵینەوەم خوێندەوە و زۆر خولم بینی تایبەت بە تاوانە سێکسییەکان، ئەوەی فێری بوم و تکادەکەم ئێوەش ئاگاداری بن:

- هەرگیز بەچاوی تاوانبار تەماشای کەسی رزگاربو لە تاوانە سێکسییەکان مەکەن.

- دەبێت و ئەرکە بەرامبەر هاوڵاتی تر بیکەیت و بەرامبەر مناڵی خۆت بیکەی تاوانبار بدرێتە دادگا وسزای تاوانەکەی وەربگرێت.

- رزگاربوی دەستدرێژیی سێکسی مرۆڤە و پێویستی بەیارمەتی و پاڵپشت و چارەسەری دەرونی هەیە، لەبەرئەوەی کەسێک دور لە بەها ئەخلاقییەکان و دور لە سروشتی تەندروستی مرۆڤایەتی بێ پرس و بی رەزامەندی دەستی بردوە بۆ جەستەی مرۆڤێکی تر کە هەرگیز ئەو جەستەیە هی ئەو نییە و مافی نییە دەستکاریبکات.

- پەروەردەی سێکسی لە مناڵییەوە (٨٠%)ـی ئەگەری دەستدرێژیی سێکسی کەمدەکات، واتا پارێزەری مناڵە بە رێژەیەکی باش.



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,363,454     ژمارەی میوان 22

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە