دهۆک: ٩٣%ـی حاڵەتەکانی مناڵبون لە نەخۆشخانە تایبەتیەکان بە نەشتەرگەری ئەنجامدەدرێن

2023/06/11    1449 جار بینراوە

 

* نەوژین، دێژین سدقی

ئالین شڤان، دایکی دو مناڵە و لە شاری دهۆک نیشتەجێیە، ئێستا دوگیانە و ماوەی مناڵبونی کەمی ماوە، یەکەم مناڵی بە سروشتی لەدایک بوە و دوەمی بە نەشتەرگەری، دەیەوێت مناڵی سێیەمیشی دوبارە بە نەشتەرگەری بیهێنێتە دونیاوە.

ئالین دەڵێت: هەرگیز ناهێڵم جارێکی دیکە مناڵم بە سروشتی ببێت، چونکە ئازارێکی زۆرم بۆ ماوەیەکی درێژ چەشت تاوەکو لەدایکبونی مناڵەکە، مناڵەکەشم ئێستا تەندروستی باش نیە، دکتۆرەکان دەڵێن هەر بەهۆی ئەوەیە.

مناڵبون به‌ نه‌شته‌رگه‌ریی بریتيه‌ له‌و نه‌شته‌رگه‌رییه‌ى كه‌ له‌ رێگه‌یه‌وه‌ مناڵ ده‌هێنرێته‌ ژیانه‌وه‌، بەشێکی ژنان بەشێوەیەکی سروشتی ناتوانن مناڵیان ببێت، ناچار ئەم رێگەیە هەڵدەبژێرن، بەشێکی دیکەشیان بە ویستی خۆیان رێگەی نەشتەرگەری هەڵدەبژێرن، ئەوەش لەکاتێکدایە نەشتەرگەری مناڵ بون کۆمەڵێک زیانی بۆ دایکەکە و هەندێکجار بۆ مناڵەکەش هەیە.

ئەو ژنانەی رۆژانە لەنێو هۆڵی مناڵبونی نەخۆشخانەی ژنان و مناڵبونی پارێزگای دهۆک دەبینرێن، بە زۆری ژنانی پەنابەری رۆژئاوای کوردستان و پەنابەرانی شەنگالن و بەشێکی زۆر کەمیان نیشتەجێی پارێزگای دهۆکن، لەبارەی هۆکارەکەیەوە خانمە پەرستارێکی نێو نەخۆشخانەکە ئاماژە بەوەدەکات ژنانی دهۆک رێگرن لە مناڵبون بە شێوەی سروشتی، بۆیە ناچار دەچنە نەخۆشخانە تایبەتیەکان.

شەیما نادر، پەرستار لەنێو نەخۆشخانەی ژنان و مناڵبونی دهۆک، وتی: ژنانی دهۆک زۆرینە بە نەشتەرگەری مناڵیان دەبێت، هەر لەبەر ئەوەش دەچنە نەخۆشخانە تایبەتیەکان و سەردانی نەخۆشخانە حکومیەکان ناکەن، چونکە لێرە گەر حاڵەتێکی تایبەت نەبێت رێگە بە نەشتەرگەری نادرێت.

لەبارەی هۆکاری رێگە نەدانیان بە مناڵبون بە نەشتەرگەری، هەمزە رەزیکی: به‌رپرسی راگه‌یاندنی ته‌ندروستی دهۆک وتی: چونکە نەشتەرگەری زیانی تەندروستی بۆ دایکەکە هەیە، بۆیە تاوەکو بتوانین هەوڵدەدەین لەنێو نەخۆشخانەکان دایکان بە سروشتی مناڵیان ببێت.

ئەو زیاتر وتی: ئێمە رێگە دەدەین بە دایکان مناڵیان بە نەشتەرگەری ببێت، گەر پێویست بێت، بۆ ئەوە لیژنەمان پێکهێناوە و سەیری حاڵەتەکان دەکەین، بەڵام ئەوان زۆرینە داوای نەشتەرگەری دەکەن و ئەوەش زیانیان پێدەگەیەنێت.

ژنان بەهۆکاری جیاواز پەنا دەبەنەبەر نەشتەرگەری مناڵبون، بەشێکیان پێیانوایە مناڵبون بە نەشتەرگەری ئازاری کەمترە، بەراورد بە سروشتی، بەشێکیش پێیانوایە نەشتەرگەری باشترە، چونکە بە ویستی خۆیان کاتی مناڵبونەکە دیاری دەکەن، بەشێکی تریش چاودێریکردنیان دوای لەدایکبونی مناڵەکە دەکەن بە بیانو و دەڵێن: پەرستارەکانی نێو نەخۆشخانە تایبەتیەکان زیاتر ئاگادارمانن و ئەوە باشترە لەوەی بڕۆینە ماڵەوە و دەوروبەر یارمەتیمان بدەن، بەشێکی دیکەشیان دەڵێن، نەشتەرگەری هەڵدەبژێرین تاوەکو دوای لەدایکبونەکە شێوەی جەستەمان تێکنەچێت، پەرستار: شەیما نادر، وای وت.

ئالین، هاوشێوە لەگەڵ سەدان دایکی دیکە بیانوی بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری مناڵبون خراپی خزمەتگوزاری نەخۆشخانە حکومیەکانە، دەڵێت: هۆکاری ئازاری زۆرم لەکاتی یەکەم مناڵم کەمتەرخەمی و ناشارەزایی دکتۆرەکانی نێو نەخۆشخانە حکومیەکە بو، بۆیە دەچمە نەخۆشخانەی تایبەت و نەشتەرگەری ئەنجامدەدەم.

ئامارەکان دەریدەخەن لە نەخۆشخانە تایبەتەکانی سنوری پارێزگای دهۆک نەشتەرگەری مناڵبون بەراورد بە نەخۆشخانە حکومیەکان زۆر زیاترە.

بەپێی ئامارێکی تایبەتی ژوری پلاندانانی بەرێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی دهۆک بۆ نەوژین، دەرکەوتوە لە ماوەی ساڵی رابردو (٢٠٢٢)ـدا لە سەرجەم نەخۆشخانە تایبەتەکانی سنورەکە (٩٣.٥%)ـی مناڵبونەکان بە نەشتەرگەری بوە، لەکاتێکدا لە نەخۆشخانە حکومیەکان رێژەکە (٣١.٧%)ـە.

بەرێوەبەری گشتی تەندروستی پارێزگای دهۆک، ئاماژە بەوەدەکات نیگەرانن لە بەرزی ئامارەکە و هەمو شت دەکەن تاوەکو ژنان دوربخەنەوە لە نەشتەرگەری مناڵبون. 

د. ئەفراسیاو موسا، بەرێوەبەری گشتی تەندروستی دهۆک، وتی: ساڵ لە دوای ساڵ ئامارەکانی نەشتەرگەری مناڵبون لە سنورەکە لە زیادبوندایە، نیگەرانین لەمە، چونکە زەنگێکی مەترسیدارە بۆ سەر ژیانی ژنان، هەمو شت دەکەین بۆ هاندانی ژنان و تێگەیاندنیان لە زیانەکانی مناڵبون بە نەشتەرگەری تاوەکو دوربکەونەوە لەو نەشتەرگەریە.

توشبون بە سەرئێشە و پشت ئێشەی هەمیشەیی لە حاڵه‌ته‌ دیارەکانن کە ئەگەر هەیە بەهۆی نەشتەرگەری مناڵبونەوە دایکان توشی ببن.

د.جینان نوری، پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە بواری ژنان و مناڵبون، لەبارەی زیانەکانی نەشتەرگەری مناڵ بون، وتی: کاریگەری خراپی زۆر زۆرە، یەکەم شت دەرزی سڕکردن زیانی هەیە گەر گشتی بێت، گەر نیوە سڕکردنیش بێت، زۆرکات ئەو دەرزییەی بۆ پشتی دایکەکە دادەنرێت، دایکەکە توشی سەر ئێشە و پشت ئێشەی هەمیشەی دەکات، هەندێک جاریش له کاتی نەشتەرگەری مناڵبون و بەکارهێنانی ئامێرەکانی تیژبڕی نەشتەرگەری، ریخۆڵە و میزڵدانی دایکەکە توشی بڕین دەکات، جگە لەوە ئەو خوێنەی لە کاتی مناڵبونی سروشتی دەڕوات ئەگەر 500 سیسی بێت، ئەوا لەکاتی نەشتەرگەری  1000 سیسی و زیاتر دەڕوات، کە ئەمەش هەندێکجار دایکەکە توشی نەزیف دەکات.

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,377,052     ژمارەی میوان 362

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە