* نەوژین
هاوپەیمانی ژنانی کوردستان، پڕۆژە یاسایەک پێشکەش بە پارلەمانی کوردستان دەکەن و تێیدا داوای زیادکردنی کورسیەکانی کۆتای ژنان لە پارلەمان بۆ (٥٠٪) دەکەن، ئەندامێکی هاوپەیمانێتیەکەش دەڵێت: سەرۆکی پارلەمان پێی وتین: "پشتگیری پڕۆژە یاساکە دەکەم".
دوێنێ سێشەممە (٢ـی ئایار) هاوپەیمانی ژنانی کوردستان لەنێو بینای پارلەمانی کوردستان کۆبونەوەیەکی لەگەڵ سەرۆکی پارلەمانی کوردستان ئەنجامدا و تێیدا داوای بەرزکردنەوەی بەشداری سیاسی ژنانیان کرد.
ئاڤان جاف، ئەندام لە هاوپەیمانی ژنانی کوردستان، بە نەوژینی وت: ئێمە دوێنێ پڕۆژە یاسایەکمان پێشکەش بە سەرۆکایەتی پارلەمان کرد، تێیدا داوای هەمواری ماددەی چوار له یاسای هه‌مواركردنی چواره‌می یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردستان کرد، بەم شێوەیە: هه‌ر قه‌واره‌یه‌كی سیاسی له كوردستانی عێراق بۆی هه‌یه لیستێكی تایبه‌ت به خۆی پێشكه‌ش بكات كه ناوی پاڵێوراوه‌كانی له سه‌ر ئاستی كوردستان-عێراق تێدا بێت، به مه‌رجێک رێژه‌ی ژن له (٥٠%) كه‌متر نه‌بێت و زنجیره‌ی ناوه‌كان به جۆری رێك‌بخرێن ئه‌م رێژه‌یه‌ی ژنان ده‌سته‌به‌ر بكات.
وتیشی: بەو شێوەیە دەتوانرێت رێژەی کورسیەکانی کۆتای ژنان لە پارلەمان لە (٣٠%) بەرزبکرێنەوە بۆ (٥٠%).
لە پڕۆژە یاساکەی هاوپەیمانی ژنانی کوردستان، خاڵێکی دیکەش هەیە کە بریتیە لە تایبەتکردنی کۆتای ژنان تەنها بۆ ئەو ژنانەی ناتوانن دەنگی پێویست بۆ چونە پارلەمان بەدەستبهێنن.
لەو بارەیەوە ئەندامەکەی هاوپەیمانی ژنان وتی: پرۆژەکە خاڵێکی دیکەی تێیدایە، بەشێوەیەک هەر ژنێک کە دەنگی پێویست بۆ چونە پارلەمان بەدەستبهێنێت، ناوی لەنێو کۆتاکان بهێنرێتەوە دەرەوە و کۆتا تەنها بۆ ئەو ژنانە بێت کە ناتوانن دەنگی پێویست بەدەستبهێنن، بەوشێوەیە ژنانێکی زیاتر دەتوانن بچنە پارلەمان.
وتیشی: بۆ پڕۆژە یاساکە رێواز فایەق، سەرۆکی پارلەمانی کوردستان، پێی وتین بەهەمو شێوەیەک پشتگیری پڕۆژە یاساکە دەکەم، هەروەک پاڵپشتی هەر بابەتێکم کە بۆ بەرژەوەندی پرسەکانی ژنان بێت.
هاوپه‌یمانی ژنانی كوردستان، له كۆتایی ساڵی 2021 دامەزرێندراوە و پێكدێت له ئه‌ندامێتی زۆرینەی رێكخراوه‌كانی ژنان و چه‌ندین ژنی چالاکی هه‌رێمی كوردستان، هەروەک ئامانجی هاوپه‌یمانیەتیەکە بریتیه له هێنانه‌دی كۆمه‌ڵگەیه‌كی مه‌ده‌نی و دیموكراسی كه تێیدا دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی و یه‌كسانی فه‌راهه‌م بێت و زامنی نه‌هێشتنی جیاكاری و توندوتیژی دژ به ژنان بكات.