* نەوژین
کچێکی دانیشتوی قەزای کەلار، ئاشكراى دهكات لەکاتی کارکردن لەنێو کارگەیەک دو پەنجەی دەستی لەدەست داوە، بهوتهى خۆیشی سهرباری ئهوهش لە کارەکەی دورخراوهتهوه، بهرپرسی راگهیاندنى كارگهكهش ئۆباڵی روداوهكه دهخاته ئهستۆی كرێكارهكه.
پەیمان ئیحسان، دەرچوی کۆلێژی پەروەردەی زانکۆی گەرمیان، بە وتەی خۆی ماوەی زیاتر لە شەش ساڵە لە کارگەیەکی شیرەمەنی لە کەلار کاردەکات، ساڵی رابردو و لەکاتی کارکردن دا دو پەنجەی دەستی راستی لەدەست داوە، کەچی وەکخۆی دەڵێت:کارگەکە ئامادە نیین هیچ قەرەبویەکی بکەنەوە.
لەبارەی روداوەکەوە، پەیمان بە نەوژینی وت: روداوەکە مانگی ئەیلولی ساڵی رابردو رویدا، لەنێو (صالە)ـی کارگەکە (نەیویست ناوی کارگەکە ئاشکرا بکرێت) لەکاتی کارکردن دا وام لێبەسەرهات.
وتیشی: چونکە بەهۆی نەبونی مەرجی سەلامەتی نێو کارگەکە وام لێهاتبو، سکاڵام دژی کارگەکە تۆمارکرد، بەڵام ئەوان پێیان وتم، سکاڵاکەت بکشێنەوە ئێمە لای خۆمان وەرتدەگرینەوە و کاربکە، کەچی دوای سێ مانگ و لەمانگی (کانونی یەکەم)ـی ساڵی رابردو دوریان خستمەوە.
لەبەرامبەردا، شیروان رەمەزان، بەرپرسی راگەیاندنی کارگەکە (نەیویست ناوی کارگەکە ئاشکرابکرێت)، بە نەوژینی وت: ئێمە لەنێو کارگە مەرجی سەلامەتی پێویستمان هەیە، هۆکاری روداوەکە، کەمتەرخەمی خودی کارمەندەکە بو، ئێمە ئەوەمان بە بەڵگەی ڤیدیۆی لایە کە لەکاتی روداوەکەدا پەیمان ئیهمالە و ئاگای لە دەستی خۆی نیە، بۆیە وای بەسەرهاتوە.
هاوکات پەیمان باس لەوەدەکات گەر مەرجی سەلامەتی هەبوایە، هیچ کات بەو شێوە خراپە دەستی بریندار نەدەبو.
وتی: دەستم بۆ ماوەی چەند خولەکێک لەنێو ئامێرەکە مایەوە بۆیە بەوشێوەیە بە خراپی بڕدرا، گەر مەرجی سەلامەتی هەبوایە و ئامێرەکە بەشێوەی ئۆتماتیک کوژابایەتەوە دەستمی هێندە بەخراپی نەدەبڕی.
لەبارەی هۆکاری دورخستنەوەی پەیمان دوبارە هەردولای قسەی جیاواز دەکەن.
بەرپرسی راگەیاندنی کارگەکە دەڵێت: هۆکاری دورخستنەوەی بەهۆی ئەوە بو کە پابەندی بەڵێنامەی کارگەکە نەبو.
لەبەرامبەردا پەیمان قسەکانی بەرپرسی راگەیاندنی کارگەکەی رەد کردەوە و وتی: ئەوان لەکاتی دورخستنەوەم پێیان وتم: "تۆ بۆ ناو کۆمەڵگە نابیت و کێشە دروستدەکەیت، ئێمە پێویستمان بەتۆ نیە و تۆ زیادەیت لێرە، هیچ پێیان نەوتم کێشەت هەیە“.
ئێستا دوای چوار مانگ لە دورخستنەوەی دوبارە پەیمان سکاڵای دژ بە کارگەکە تۆمارکردوەتەوە و دەڵێت: ئەم جارە بەهیچ شێوەیەک سکاڵاکەم ناکشێنمەوە، تاوەکو قەرەبوی ماددی نەکرێمەوە، چونکە ئەوان خاوەن بەڵێنی خۆیان نەبون، نەک تەنها ئەوە قسەی ناخۆشی زۆریشیان پێ وتم.
لەبەرامبەردا بەرپرسی راگەیاندنی کارگەکە وتی: وەک کارگە ئەوەی لەسەر ئێمە بوە وەک قەرەبو کە بریتبو لە : تێچوی چارەسەر و هاوکاری ماددی کردومانە و کێشەمان نابێت گەر سکاڵا تۆماربکاتەوە.