هەندێک ئامۆژگاری بۆ پارێزگاریکردنی مناڵ لە دەستدرێژی سێکسی

2023/04/20    801 جار بینراوە

 

د. دیلمان ئازاد، پسپۆڕی پزیشکی دادوەری

١. لە تەمەنی بچوکەوە مناڵەکەت فێری ناوی راستەقینەی ئەندامە هەستیارەکانی جەستە بکە.

٢. دوای ئەوەی مناڵەکەت ناوی ئەو شوێنە هەستیارانەی زانی، ئینجا فێری بکە کە (ئەو شوێنە پیشانی کەس مەدە وە کەس بۆی نییە دەستکاری بکات و کەس بۆی نییە وێنەی شوێنە هەستیارەکانت بگرێت، چونکە ئەوە تایبەتە بەخۆت).

٣. فێری مناڵەکەت بکە کە دەست لێدانی خراپ چۆنە و چییە و دەست لێدانی باش چۆنە و چییە، بۆ نمونە دەست لێدانی دایک بۆ مناڵەکەی جیگای دڵنیاییە، یان  پێی بڵێ (کە نەخۆش دەکەويت ئەگەر دایکت لەگەڵ بو پزیشک دەتوانێت دەستت لێبدات و پشکنینت بۆ بکات)، لێرە مەرج بۆ  مناڵەکەت دادەنێی کە دایک یان باوکی لەگەڵ بێت.

٤. فێری مناڵەکەت بکە ئەگەر کەسێکی گەورەتر لە تەمەنی خۆی یان هەر تەمەنێکی هەبێت ئەگەر بێت و کارێکی ناشرین بەرامبەر جەستەی مناڵەکات بکات ئەوا مناڵەکات دەبێت  بڵێت (نەخێر) و ئەو شوێنە بەجێ بهێڵێت، بۆیە فێرکردنی وشەی (نا) پێویستە.

٥. بە مناڵەکەت بڵێ کە دەبێت هەمو نهێنیەکت پێ بڵێت و تۆش وەک دایک یان باوک هەرگیز لێی توڕە نابیت. ئەگەر شتێکی هەڵەشی بۆ باس کردی خۆت توڕە مەکە، بەڵکو ئامۆژگاری بکە.

٦. دابینکردنی ژینگەیەکی پارێزراو بۆ مناڵەکەت ئەرکی تۆیە وەک دایک و باوک، بۆ نمونە ئەو مناڵە دەچێتە چ شوێنێک ئەوا دەبێت تۆی دایک یان باوک بزانیت کوێیە ئەو شوێنە و سەردانی بکەی بزانی ئایا بۆ مناڵەکەت گونجاوە؟ یان مامۆستای مناڵەکەت کێیە؟ زو زو سەردانی قوتابخانە بکە و لەگەڵ مامۆستاکانی گفتۆگۆ بکە، هەروەها راهێنەری وەرزشی مناڵەکەت کێیە؟

بەهەمان شێوە دابینکردنی ژینگەیەکی پارێزراو بە چاودێریکردنی ئەو سۆشیاڵ میدیایەی دەستی مناڵەکەتە، ئەرکی تۆیە وەک دایک و باوک بزانیت مناڵەکەت چی بەکاردەهێنێت و تەماشای چی دەکات، لەوانەیە سەرچاوەی دەستدرێژی بۆ سەر مناڵەکەت لە سۆشیال میدیاوە روبدات.

٧. کە مناڵەکەت لە قوتابخانە دێتەوە، هەمو رۆژ بیدوێنە و قسەی لەگەڵ بکە، بزانە چی رویداوە لەقوتابخانە و چی هەیە.

٨. مناڵەکەت فێر بکە کە دەستدرێژی سێکسی چییە و پێی بڵی کە ئەوە تاوانە و دەبێت تاوانبار سزا بدرێت، چونکە کەسێکی هەڵەیە.

٩. هەمیشە خۆت وەک دایک و باوک سەرچاوەی زانیاری بە بۆ مناڵەکەت و شەرم لە مناڵەکەت مەکە، چونکە ئەگەر زانیاری لە تۆی دایک و باوک وەرنەگرێت ئەوا لە دەرەوە وەریدەگرێت و لێرەوە  کارەسات رودەدات، چونکە تۆ نازانیت کە سەرچاوەی زانیاری مناڵەکەت کێیە و چییە.
 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,305,906     ژمارەی میوان 683

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە