خەڵاتی کارین بەخشرایە پێنج ژنی لە ئەنفال بەجێماو

2023/04/17    776 جار بینراوە

 

* نەوژین

لە مەراسیمێک دا لە ناحیەی رزگاری/ کەلار، پێنجەمین خەڵاتی 'کارین' بەخشرایە پێنج ژنی لە ئەنفال بەجێماو، کە توانیویانە دوای پرۆسەی تاوانی ئەنفال و لەدەستدانی هاوسەر و ژمارەیەک لە کەسوکاریان، مناڵەکانیان بە باشی پەروەردە بکەن.

خەڵاتی ئاڵتونی کارین، پرۆژەیەکی ساڵانەی رێکخراوی هاوکاری ئەڵمانیە، کە ساڵانە مەدالیای زێڕ بە 5 لەژنانی ئەنفال دەبەخشێت، بەتایبەتی ئەو دایکانەی دوای تاوانی ئەنفال، مناڵەکانیان گەورە کردوە.

ئەمساڵ کە وەرزی پێنجەمی دابەشکردنی خەڵاتەکە بو، بە هەریەکە لە: (فانۆس ئەمین حەمەجان، هەنار رەزا محەمەد، بەفراو فەخرەدین محەمەد، سەدریە عوسمان محەمەد و پرشنگ محەمەد ساڵح) بەخشرا، کە پێنج ژنی بەجێماوی ئەنفالن لە پێنج گوند و ناوچەی جیاوازی گەرمیان و دوای ئەو پرۆسەیە و لەدەستدانی هاوسەر و بەشێک لە کەسوکاریان، توانیویانە مناڵەکانیان بەباشی پەروەردە و گەورە بکەن.

ئەم خەڵاتە بەسپۆنسەری مام پۆڵا، بەڕێوبەری رێکخراوی هاوکاری ئەڵمانی لە کوردستان و بە ناوی خاتو 'کارین'ـەوە دەبەخشرێت.

کارین ملۆدۆخ، ژنێکی بە رەگەز ئەڵمانیە، مامۆستای زانکۆی بەرلینە، دکتۆرای لەدەرونناسی دا هەیە و تێزی دکتۆراکەشی لەسەر ژنانی ئەنفالە بوە. ماوەی ۳٥ ساڵە لە گەرمیان کار دەکات بەتایبەت لەبواری ئەنفالدا و سەرپەرشتیاری گشتی رێکخراوی هاوکاری ئەڵمانییە، کە رێکخراوێکی چالاکی سنورەکەیە.



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,362,908     ژمارەی میوان 1223

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە