بەرپرسی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی رزگاری: هەوڵدەدەین حاڵەتەکانی توندوتیژی دژ بە ژنان کەم بکەینەوە

2023/04/06    716 جار بینراوە

 

* نەوژین

لە ناحیەی رزگاری سەر بە قەزاى كەلار، نوسینگەی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی کرایەوە، بەرپرسی نوسینگەکەش دەڵێت: لەڕێگەی نوسینگەکەوە هەوڵدەدەین حاڵەتەکانی توندوتیژی دژ بە ژنان کەم بکەینەوە.

ماوەی نۆ ساڵ بو لە ناحیەی رزگاری هۆبەی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان و خێزان هەبو، پاش تەواوبونی رێکارە ئیدارییەکانی، رۆژی یەکشەممە (٢ـی نیسان) هۆبەکە هاوشێوەی قەزاکان کرا بە نوسینگە. 

لەوبارەیەوە، عادل حەمەساڵح، بەرپرسی نوسینگەی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان و خێزانی رزگاری، بە نەوژینی وت: کردنەوەی نوسینگەکە سودی زۆری دەبێت بۆ ناوچەکە، چونکە ماوەی چەند ساڵێکە ئامارەکانى توندوتيذي رو لە زیادبونن، هەروەک ئێمە لەڕێگەی نوسینگەوە دەتوانین زیاتر خزمەت بکەین و هۆشیاری بڵاوبکەینەوە و هەوڵدەدەین حاڵەتەکانی توندوتیژی دژ بە ژنان کەمبکەینەوە. 

لە ناحیەکە و بەپێی ئامارەکان ساڵی رابردو بەراورد بە ساڵی ٢٠٢١ کەیسەکانی توندوتیژی دژ بە ژنان تێیدا کەمیکردوە، بەشێوەیەک: لە ساڵی ٢٠٢١ زیاتر لە (٢٣٠ بۆ ٢٤٠) کەیسی یاسایی تۆمارکراوە، بەڵام ساڵی ٢٠٢٢ کەمی کردوە بۆ (٢١٠) کەیس، هەروەک لەماوەی چوار مانگی رابردوشدا (٣٠ بۆ ٤٠) کەیسی توندوتیژی تۆمارکراوە.

لە تەواوی ئیدارەی گەرمیان یەک شەڵتەری تایبەت بە داڵدەدانی ژنانی لێقەوماو بونی هەیە، شەڵتەرەکە لە نێوەندی قەزای کەلار دایە و تەنها بۆ ماوەی ٧٢ کاتژمێر ژنان و کچانی لێقەوماو دەتوانن تێیدا بمێننەوە و دوای ئەوە دەنێردرێنە شەڵتەرەکانی سلێمانی.

بەرپرسەکەی نوسینگەی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی رزگاری، وتی: هەبونی شەڵتەر بۆ ناحیەکە پێویست نیە، بەڵام پێویستە ماوەی مانەوەی ژنان و کچان لە شەڵتەرەکەی کەلار زیادبکرێت لە سێ رۆژەوە بکرێت بە هەمیشەی، چونکە ئەو ماوەیە زۆر کەمە و ناردنی ژنان و کجانیش بۆ سلێمانی هەندێکجار گرفتمان بۆ دروستدەکات. 

وتیشی: گرفتێکی دیکەی ئێمە نەبونی بینایە، راستە هۆبەکە کراوە بە نوسینگە، بەڵام هێشتا لەنێو بینای ناحیەی رزگاری کارەکانمان دەکەین.

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,358,053     ژمارەی میوان 240

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە