ژنێکی کورد دەبێتە باڵیۆزی ئەمریکا لە میسر

2023/03/30    566 جار بینراوە

 

* نەوژین

سەرۆکی ئەمریکا (هێرۆ مستەفا)ـی دەستنیشانکرد بۆ وەرگرتنی پۆستی باڵیۆزی نوێی وڵاتەکەی لە میسر، ئەو کە لە هەولێر لەدایکبوە و ٨ زمان دەزانێت، پێش پەنجا ساڵ بە خێزانەوە ئاوارەی ئەمریکا بون.

بەپێی سەرچاوە رۆژنامەوانییەکان، هێرۆ مستەفا کە لەلایەن بایدنی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکاوە پاڵێوراوە وەکو باڵیۆزی ئەو وڵاتە لە کۆماری میسری عەرەبی، لەساڵی ١٩٧٣ لە هەولێر لەدایکبوە و لە تەمەنی ٢ ساڵی دا لەگەڵ خێزانەکەی دا کوردستانی بەجێهێشتوە و پاش دو ساڵ لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا گیرساونەتەوە.

ئەو بڕوانامەی ماستەری لەبواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دا هەیە، هەریەکە لە زمانەکانی: ئینگلیزی، کوردی، عەرەبی، فارسی، هیندی، یۆنانی، بولگاری و پورتوگالی دەزانێت.

هێرۆ چەندین ساڵە لە بواری سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا کاردەکات، لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ تا مارسی ٢٠٢٣ باڵیۆزی وڵاتەکەی بوە لە بولگاریا، پێشتریش جێگری باڵیۆز بوە لە پورتوگال و هەروەها راوێژکار بوە لە باڵیۆزخانەی نیودەلهی لە هیندستان، هەروەک چەندین ئەرک و بەرپرسیارێتی دیکەی هەبوە، لەوانە: کارمەند لە نوسینگەی جێگری سەرۆک، جێگری بەرپرسی نوسینگەی کاروباری ئەفغانستان، بەرپرسی دۆسیەی ئێران و ئیسرائیل و فەڵەستین لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا و … هتد.

لەساڵی ٢٠٢١ دا، لەلایەن دامەزراوەی 'کارنیگی'یەوە وەکو یەکێک لە گرنگترین ئەو کەسانەی بە پەناهەندەیی رویان لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا کردوە، خەڵات کراوە.

هێرۆ مستەفا، هاوسەرگیری لەگەڵ پیاوێکی بە رەگەز هیندی کردوە بەناوی رافنیش جارج و خاوەنی دو مناڵە بەناوەکانی: ئاریانا و ئاشنا.

 

فیلمێکی بەڵگەنامەیی کە تیایدا هێرۆ مستەفا باس لە سەربوردەی ژیانی خۆی و خێزانەکەی دەکات

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,356,061     ژمارەی میوان 620

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە