ئاسیا حسێن
کاتێک دو هاوسەر لەگەڵ یەک ناگونجێن و بڕیاری جیابونەوە دەدەن، (مناڵ) گفتوگۆی سەرەکی ئەوانە. بەردەوام دەپرسن: ئایا جیابونەوە چۆن کار لە مناڵەکەمان دەکات؟ چی بکەین بۆ کەمکردنەوەی ئەو کاریگەرییە نەرێنییانە؟
لەگەڵ زیادبونی ئەو دیاردەیەدا، هەردو کۆمەڵناسان و دەرونناسان لێکۆڵینەوەیان لە باسەکە کردوە و کاریگەریە نەرێنییەکانیان خستوهتەڕو. لەگەڵ ئەوەی بڕیارێکی هێندە قورس و دژوار ناکرێت کاریگەری نەرێنی لەسەر مناڵ دانەنێت، بەڵام ئهگەر چەند چارەسەرێک بگرێنە بەر، دەکرێت کاریگەرییەکان کەمتر بکرێنەوە.
لە کاتی جیابونەوەدا، تەنها خودی بڕیارەکە نییە کە کاریگەری لەسەر مناڵان دادەنێت، بەڵکو روداوە نەخوازراوەکانی دوای جیابونەوە زیاتر دەرونی مناڵ ئاڵۆز دەکەن. ئەوانەش وەکو: (مناڵان دەبێت لەگەڵ یەکێک لە بەخێوکەرەکان بژین و تا کۆتایی تەمەن ناتوانن لەگەڵ خێزانەکەی جارانیاندا کۆببنەوە، دەبێت شوێنی نیشتەجێ بون و قوتابخانەکانیان بگوزنەوە، ئەمەش سەرجەم بارودۆخی ژیانیان دەگۆڕێت).
پسپۆڕان پێیانوایە، بەلایەنی کەمەوە دو ساڵی پێویستە تاوەکو مناڵ بتوانێت لەگەڵ ئەم بارودۆخە نوێیەدا رابێت و پێی رازی بێت.
بۆ وەڵامی پرسیاری: کاردانەوەی مناڵ چی دەبێت بەرانبەر بڕیاری جیابونەوە؟ دەرونناسەکان پێیان وایە تەمەن و رەگەزی مناڵ رۆڵی سەرەکی دەبینێت لە کاردانەوە بۆ بڕیاری جیابونەوە.
سەبارەت بە تەمەن، مناڵانی خوارو 9 ساڵ بە گشتی و تەمەنی پێش چونە پڕۆسەی خوێندنەوە بەتایبەتی، خۆیان بە تاوانبار دەزانن بەرانبەر بڕیارەکە و پێیانوایە هەڵەیەکی ئەوان بوهتە هۆی لێکترازانی خێزانەکە. لەهەمان کاتدا، پێیانوایە ئەم جیابونەوە کاتییە و زۆر نابات دایک و باوکیان دەگەڕێنەوە بۆ لای یەک. ئەم باوەڕە، تەنانەت لە خەون و یاری کردنەکانیشیاندا ڕەنگ دەداتەوە.
”کوڕان، لەژێر کاریگەری جیابونەوەدا رەفتاریان توندتر دەبێت“
ههرچى مناڵانی سەرو تەمەن 9 ساڵه، کاردانەوەیەکی توندتریان دەبێت بەرانبەر بڕیارەکە. ئەوان لایان وایە لەلایەن دایک و باوکیانەوە خیانەتیان لێکراوە و چیتر ناتوانن پشت بە دایک و باوکیان ببەستن لە بڕیار و بژاردەکانی ژیانیاندا. رەنگە تا چەندین ساڵی داهاتوی تەمەنیان نەتوانن متمانە بە دایک و باوکیان بکەنەوە. مناڵانی ئەم تەمەنە، چیتر پشت بە خێزان نابەستن و هەرچی زوە رۆڵی دایک و باوکیان فەرامۆش دەکەن.
لەڕوی رەگەزیشەوە، کوڕان، لەژێر کاریگەری جیابونەوەدا رەفتاریان توندتر دەبێت و پێیانوایە بۆچونی ئەوان وەرنەگیراوە لەکاتی بڕیارەکەدا، بەڵام کچان، لە روی دەرونیەوە توشی شڵەژان و دڵتەنگی دەبن و هەندێكجار دەگۆڕێت بۆ حاڵەتی خەمۆکی کورت خایەن. ئهگەر لەلایەن دەوروبەریانەوە سەرنجیان نەدرێت، ئەوا توشی خەمۆکی درێژخایەن دەبن.
سەبارەت بە کاریگەرییەکانی جیابونەوە و چۆنێتی کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکان، دەرونناس Wallerstein"" لێکۆڵینەوەیەکی درێژخایەنی ئەنجامدا بە بەشداری 131 مناڵ کە خێزانەکانیان بە پرۆسەی جیابونەوەدا تێپەڕیون.
ناوبراو پێیوایە "لەژێر هەر بارودۆخێکدا بین، ناتوانین مناڵەکان لە کاریگەرییە نەرێنیەکانی جیابونەوە بپارێزین، بەڵام دەکرێت نەهێڵین ئەو کاریگەریانە داهاتوی مناڵەکان تێک بشێوێنن".
بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکان، دەرونناسەکە ئەم چارەسەرانە پێشنیار دەکات:
* ئەگەر بڕیاری جیابونەوەت داوە، ئەوا هەرچی زوە بە مناڵەکەت بڵێ و کەم کەم ئەو راستییەی بۆ رون بکەوە. راستە ئەم کردارە شڵەژانێکی زۆر بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بەڵام شاردنەوەی بڕیارەکە لە مناڵەکەت، تەنها شڵەژانەکە زیاتر دەکات.
* پێویستە دایک و باوک لەگەڵ مناڵەکەدا دانیشن و (بە زمانێکی گونجاو لەگەڵ تەمەنی مناڵەکەدا) باسەکەی بۆ رون بکەنەوە. دەبێت مناڵەکە دڵنیا بکەنەوە لەوەی ئەو لە دایک و باوکی بۆ هەمیشە دانابڕێت، بەڵکو هەرکات بیری کردن دەتوانێت بچێتە لایان.
* ئەگەر مناڵەکە لە هۆکاری جیابوەوەی پرسی، ئەوا یەکتر تاوانبار مەکەن، بەڵکو رونی بکەنەوە کە بەمشێوەیە ژیانیان سەلامەت ترە.
* هەروەها دەبێت بەڵێنی ئەوە بدەن کە هەمیشە ئامادەی یارمەتی و پاڵپشتی مناڵەکەن، تەنانەت ئهگەر لە یەک ماڵیشدا نەژین.
لەگەڵ جیابونەوەدا، مناڵان پێیان وایە هێلانەی پشو و خۆشبەختیان تێکچوە و دایک و باوکیان بە هۆکاری ئەوە دەزانن. بۆیە بە بارودۆخێکی کۆمەڵایەتی و جەستەیی و دەرونی سەختدا تێدەپەڕن و ناتوانن هەستەکانیان بۆ کەس دەرببڕن. ئەوان خەم و پەژارە و پرسیارەکانیان ئاڕاستەی کەس ناکەن و لەگەڵ خۆیاندا دەیپارێزن. ئەمەش مەترسیدارە.
”دوابەدوای جیابونەوە، مناڵان زیاتر بەلای کاری نەشیاودا دەچن“
دەبێت دایباب بە وریایی و هۆشیارییەوە لە پێداویستی روحی و جەستەیی مناڵەکانیان بپرسن و بەدەمیانەوە بچن. ئهگەر مناڵەکە لە تەمەنێکی کەمدایە، ئەوا بیبەنە پارک و ئەو شوێنانەی کە هەست بە ئاسودەیی دەکات تێیدا. ئهگەر تەمەنێکی گەورەتری هەیە، ئەوا بە گفتوگۆ و نەرم و نیانییەوە ئاسودەیی و دڵنیایی نوێیان پێ ببەخشن.
کۆمەڵناسەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دوابەدوای جیابونەوە، مناڵان زیاتر بەلای کاری نەشیاودا دەچن و رێڕەوی ئاسایی ژیانیان لەدەست دەدەن. هۆکاری ئەمەش دەگەڕێننەوە بۆ ئەوەی کە لە پرۆسەی جیابونەوەدا، دایک و باوک تەنها بیریان لەلای ناکۆکیەکانی خۆیانە. لەم نێوانەدا مناڵ فەرامۆش دەکرێت و زۆر نابات کاریگەری جیابونەوە لە قوتابخانە و وەرزش و چالاکیە رۆژانەکانی مناڵەکەدا رەنگ دەداتەوە.
لەمبارەیەوە کۆمەڵناسان ئاگاداری بە دایک و باوکان دەدەن بەوەی کە هەرگیز نەهێڵن پرۆسەی جیابونەوە ببێتە هۆی لەبیرچونی لایەنی تەندروستی و جەستەیی و دەرونی مناڵەکان. چونکە ئەگەر دایک و باوک بەدەم مناڵەوە نەچن، ئەوا مناڵ بە تەنیا ناتوانێت لەگەڵ ژینگە تازەکەیدا رابێت و ریتمی ژیانی بەتەواوی تێکدەچێت. ئەمەش داهاتوی مناڵەکە بە ئاراستەیەکی تردا دەبات.
هەروەها ئامۆژگاری دایباب دەکرێت بەوەی هەرگیز مەهێڵن کێشەکانی ئێوە ببێتە هۆی ئەوەی مناڵ رقی لە یەکێک لە بەخێوکەرەکانی هەستێت و بە هۆکاری سەرەکی جیابونەوە و شێواندنی خێزانەکەی بزانێت.
کاریگەری پرۆسەی جیابونەوە لەسەر مناڵ کاریگەرییەکی کاتی نییە. دەرونناسەکان پێیانوایە کاریگەری جیابونەوە دوای10 بۆ 15 ساڵ لەسەر مناڵ بەتەواوی دەردەکەوێت. ئەوکاتانەی مناڵەکە گەورە دەبێت و دەچێتە قۆناغی هەڵبژاردنی هاوسەرێک بۆ ژیانی، یاخود تەمەنی دروستکردنی پێوەندی سۆزداریی.
لەگەڵ ئەوەی زۆرجار دەوترێت ئەو مناڵانەی خێزانەکانیان بەم پرۆسەیەدا تێپەڕیون، توانای بڕیاردانیان لاواز دەبێت و بە ئاسانی ناتوانن پێوەندیی سۆزداری دروست بکەن. بەڵام دەرونناس "Wallerstein" پێیوایە ئەم بۆچونە رێژەییە. لە هەندێک حاڵەتدا ئەو مناڵانەی خێزانەکانیان بەو پرۆسەیەدا تێپەڕیون، لە داهاتودا متمانەیان بە ژیانی هاوبەش نامێنێت و خۆیان لەو پهیوەندییە دەپارێزن، بەڵام ئەمە رەها نییە و رێژەیەک لەو مناڵانەی خاوەن خێزانێکی لێکترازاون، لە پێوەندیی سۆزداریی ناترسن و دەتوانن بە ئاسانی پێوەندیی و متمانە بنیات بنێن.
لەم بارەیەوە دەڵێت: پەروەردەکردنی مناڵێکی تەندروست و هۆشیار، پهیوەستە بە دایک و باوکیەوە و ئەوان دەتوانن هەرچی زوترە مناڵەکەیان لە کاریگەرییە نەرێنیەکان بپارێزن و هاوکاری بن بۆ دروستکردنەوەی ژیانێکی نوێ.
ئهو دهرونناسه، لە لێکۆڵینەوە درێژ و چڕ و پڕەکەی دا بۆچونی هەندێک هەرزەکار و مناڵی لەسەر جیابونەوەی دایک و باوکیان وەرگرتوه. ئەم بۆچونانەش وەکو بەڵگەیەک بەکاردەهێنێت بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستیەی "مناڵان لەدایک و باوک کاریگەر تر دەبن بە پرۆسەکە".
بهو دهرهنجامهش گهیشتوه كه "مناڵ قوربانی پرۆسەکەیە، بۆیە دەبێت گرنگی و سەرنجێکی زۆری پێ بدرێت تاوەکو دوای بڕیارەکە باری ئاسایی ژیانی بەدەست بهێنێتەوە".