خه‌مۆكى دوای مناڵبون چییه‌؟

2020/10/28    1927 جار بینراوە
 
* نه‌وژین، شانۆ ئیسماعیل
 
دایک دوای نۆ مانگ لە دوگیانى، هەستێکی خۆشی دەبێت کاتێک کۆرپەکەی لە ئامێزی خۆی دا دەبینێت، بەڵام لەگەڵ ئەم هەستە خۆشەدا به‌شێك له‌ دایکان دوای مناڵبون توشی حاڵه‌تێكى دڵته‌نگیی و خه‌م ده‌بنه‌وه‌ كه‌ به‌ "خه‌مۆكی دواى مناڵبون" ناوده‌برێت.
 
د.لانە هیدایەت، پسپۆڕ لە نەخۆشیەکانی ژنان و مناڵبون، لە دیدارێکى رۆژنامەی (نەوژین)، باسی ئەم گرفتە دەکات، هۆکار و چارەسەره‌كانى رون دەکاتەوە.
 
* خەمۆکی دوای مناڵبون چیە؟ ئایا هەمو دایکێک دوای مناڵبون توشی خەمۆکی دەبێت؟
خەمۆکی دوای مناڵبون حاڵەتێکی دەرونییە دایکان لەماوەی زەیستانی دا توشی خەم و دڵتەنگی دەبن و ئارەزوی گریان دەکەن، مەرج نیە هەمو دایکێک لەدوای مناڵ بون توشی خەمۆکی ببێت.
 
* حاڵەتەکانی خەمۆکی دوای مناڵبون چۆنە؟
ئەم گرفتە لە ژنێکەوە بۆ ژنێکی تر جیاوازە و لە سێ حاڵەت پێکدێت،  حاڵەتی یەکەم پێی دەوترێت (بلو)، خەمۆکی (غەمبار) خەمۆکیەکی کاتییە و دایکەکە هەست بە دڵتەنگی دەکات و حەزبە گریان دەکات، زۆر بیردەکاتەوە چۆن مناڵەکەی بەخێو بکات و ئەرکی دایکایەتی بەجێ بهێنێت،  ئەم حاڵەتە 50%ی دایکان لەدوای مناڵبون دوچاری دەبن.
 
حاڵەتی دوەم پێی دەوترێت (دیپرێژن) واتا "خەمۆکی پەستی"، ئەم حاڵەتە لە حاڵەتی یەکەم قورسترە، لەم کاتەدا دایکەکە توڕەدەبێت و زو هەڵدەچێت هەست بە ماندویی و خەمێکی قوڵ لە ناخی دا دەکات، ئەم حاڵەتە لە (10بۆ 15 %) لە دایکان توشی دەبن.
 
حاڵەتی سێیەم پێی دەوترێت (سایکۆزس) واتا "خەمۆکی شێتی"، ئەم خەمۆکیە مەترسیدارە و دایکەکە وا هەست دەکات تاوانی کردوە مناڵێکی هێناوەتە ژیانێکی ناخۆش، بیر لە کوشتنی  خۆی و کۆرپەکەی دەکاتەوە، بەڵام ئەم حاڵەتە دەگمەنە و لە (%1) لە دایکان دوای مناڵبون دوچاری دەبن، هەندێك لە شارەزایان پێیان وایە لە هەزار ژن یەک ژن توشی دەبێت.
 
* هۆکارەکانی خەمۆکی دوای مناڵبون چیە؟
هەست کردن بە بەرپرسیاریەتی و زۆر بیرکردنەوە و دڵەڕاوکێ وادەکات دایکەکە توشی خەمۆکی بێت، یان وا هەست بکات ناتوانێت و قورسه‌ مناڵ بەخێوبکات، هه‌روه‌ها کەمخوێنی و (ئەنیمیا) ئەم نەخۆشیە هۆکاری خەمۆکیە، ئەگەر دایکەکە کەمخوێن بێت ئەگەری خەمۆکی زیاترە. هه‌روه‌ها ئازاری نەشتەرگەری مناڵبون کاریگەری خەمۆکی دروست دەکات. یاخودهەست کردن بە تەنیایی و پشتگوێخستنی دایک لەلایەن خێزان و هاوسەرەکەی. هه‌روه‌ها گۆڕانی هۆرمۆنەکان لە ماوەی دوگیانی دا به‌تایبه‌تى هەردو هورمۆنی (ئیسترۆجین) و (پرۆجسترۆن) بەرز دەبێتەوە، بەڵام لە دوای مناڵبون نزم دەبنەوە و سوڕی مانگانەی ماوەی زەیستانی دەستپێدەکات. حاڵه‌تێكى تریش هه‌یه‌ كه‌ هەندێك دایک بەهۆی کەمی شیردان، ناتوانن یان نازانن شیر بدەنە کۆرپەكه‌یان، بۆیە دڵتەنگ دەبن.
 
* ئایا بۆماوەیی کاریگەری لەسەر خەمۆکی دوای مناڵبون هەیە؟
بەڵێ، هەندێ لە دایکان دوای مناڵبون بەبێ بونی هیچ کام لەو هۆکارانەی کە باسكران توشی خەمۆکی دەبن، چونکە لە پێکهاتەی جیناتی خێزانییان دا خەمۆکی دوای مناڵبون هەیە و لە دایک و خوشک و پور بۆیان دەمێنێتەوە.
 
* تەمەن تاچەند هۆکارە بۆ توش بون بەم گرفتە دەرونیە؟
بەڵێ، هەندێك لە دایکان کاتێک لەتەمەنێکی بچوک دەبنە دایک، خەم و دڵەڕاوکێیان لا دروست دەبێت لە بەخێوکردنی مناڵ.
 
 
* کۆمەڵگا هیچ رۆڵێکی هەیە لە توش بونی دایک بە خەمۆکی؟
بەڵێ، قسەی دەوروبەر رەخنەی خێزانەکان لە شێوە و روخسار و رەگەزی کۆرپە کاریگەری بەسەر دەرونی دایکەکەوە هەیە.
 
* دایک لەدوای لەدایکبونی هەمومناڵەکانی خەمۆکی دەیگرێت؟
نەخێر، مەرج نیە وابێت.
 
* چۆن چارەسەری خەمۆکی دوای مناڵبون بکرێت؟
لەحاڵەتی یەکەم خەمۆکی غەمبار پێویستە دایک خواردنی باش و تەندروست بخوات و هاوسەرەکەی و خێزانی لەدەوری بن نەهێڵن تەنیا بێ و ئاگایان لێى بێت,  پێویستە دایکەکە دەست لە کۆرپەکەی بدات لە باوەشی بگرێت و شیری پێ بدات بۆئەوەی سۆزی بۆی بجۆڵێت.
 
حاڵەتی دوەم، واتا خەمۆکی پەستی،  نابێ دایک و کۆرپە تەنیا بن و پێویستە هاوسەرو کەسە نزیکەکانی لە دەوری بن، لەم حاڵەتدا بەهۆی پەستی دایک پێویستە خێزانەکان هۆشیار بن و رەخنە لە رەگەزو روخسار کۆرپە نەگرن، چونکە گرفتی دەرونی لەسەر دایکەکە دەبێت, ئەم حاڵەتە پێویستی بە چاودێری وردی پسپۆڕی دەرونی و خێزانەکان هەیە و ئەگەر چارەسەر نەکرێت مەترسی هەیە ببێتە خەمۆکی حاڵەتی سێیەم، بۆیە پێویستە دایکەکە پیشانی پزیشکی پسپۆڕی دەرونی بدرێت و دەرمانی بۆ بنوسرێت و هاوسەر و خێزانەکەی پشتگیری بکەن و گرنگی پێ بدەن.
 
هه‌روه‌ها چارەسەری حاڵەتی سێیەم خەمۆکی شێتی پێوستە دایکەکە ببرێتە نەخۆشخانەی دەرونی و چارەسەری بۆ بکرێت، چونکە ئەم خەمۆکیە مەترسیدارە، ئەگەر پشتگوێ بخرێت مەترسی کوشتنی کۆرپە و خۆکوشتنی دایکەکەی لێ دەکەوێتەوە.
 
* وەک دەڵێن خۆپاراستن باشترە لە چارەسەر، کەوایە چۆن رێگری بکرێت لە توش بون بە خەمۆکی دوای مناڵبون؟
پێویستە دایکان پێش مناڵبون لەدایک و خوشک و کەسانی نزیکی خۆیان، ئەزمون شارەزایی لە بەخێوکردنی مناڵ و ماوەی زەیستانی وەربگرن، هه‌روه‌ك زانیاریی و هۆشیاری له‌و باره‌یه‌وه‌ وه‌ربگرن، یان راوێژ به‌ پزیشك و كه‌سانى پسپۆڕ بكه‌ن.
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,340,375     ژمارەی میوان 3796

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە