* نەوژین
یەکێک لە سزادراوەکانی دەسترێژیکردنە سەر ژنەکەی پردێ کە بڕیاری زیندانی هەتاهەتایی کردنی بۆ دەرچو بو ئازاد کرا، سەرچاوەیەکی نزیک لە دۆسیەکەش بە نەوژینی راگەیاند: بڕیارەکە بە تەواوی نایاسیە گومان دەکەین دەستی سیاسی لەپشت ئازادکرنەکەیەوە هەبێت و بەرتیل درابێت بۆ گۆڕینی سزاکەی.
رۆژی ٩/١١/٢٠٢٠ دادگای تاوانەكانی كەركوك، سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەر ئەو دو تاوانبارە سەپاند کە دەستدرێژی سێكسیان کردبوە سەر ژنێكی خاوهن پێداویستی تایبهت له ناحیەی پردێی سەربە پارێزگای كەركوك.
دادگا لە نوسراوێكیدا كە دەقی بڕیارەكەی لەخۆگرتبو، ئەوکات رایگەیاند: بڕیاری کۆتایان لە بارەی تاوانبارانەوە داوە و سزاکەشیان بەندکردنی هەتاهەتاییە.
بە بەپێی دانپێدانانەکانی تاوانباران، دەستدرێژی سێکسییان کردوەتە سەر ژنێکی خاوەن پێداویستی تایبەت و لەو کاتەشدا گرتەی ڤیدیۆییان تۆمارکردوە و بڵاویانكردەوە.
لە تاوانەکە یەکیان وەک بکەرو ئەوی دیکەشیان کە ڤیدیۆی تاوانەکەی کردوە هەمان سزایان بۆ دەرکرا، چونکە بە پێی یاسا ئەوەشیان کە ڤیدۆی تۆمارکردوە بە هاوبەشی کارەکە لە قەڵەم دەدرێت و دانی بە تاوانەکەدا ناوەو شایەتیش هەبوە بۆ تاوانەکەی.
”گومان دەکەین بە پاڵپشتی سیاسی و بەرتیل سزاکە گۆڕابێت“
سەرچاوەیەکی نزیک لە دۆسیەکە بە نەوژینی راگەیاند: ”دوای ئەوەی بڕیارەکە چوە دادگای تەمیز، سزای ئەو کەسەیان کە ڤیدیۆکەی گرتبو، هەڵوەشاندەوە".
سەرچاوەکە گومانی خۆیشی پیشاندا کە ئەو کارە بە پاڵپشتیی سیاسیی و ھەروەھا پێدانی بەرتیل و پارە کرابێت، بەهۆی ئەوەی وەکخۆی وتی لەلایەن بەرەی تورکمانییەوە تەداخولی راستەخۆ کرا بو و تەنانەت پێشتریش چەند جارێک هەڕەشەیان لەو لایەنانە کردبو کە داکۆکیان لە کەیسەکە کردبو.
لە بارەی گومانی وەرگرتنی بەرتیل و پارەشەوە، سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد: بڕی ئەو پارەیەی کە وەک زانیاری پێمان گەشتوە ١٠ دەفتەر دۆلار '١٠٠ ھەزار دۆلار' بوە.
ئەوەشی خستەڕو کە دەویسترێت کەسە ئازادکراوەکە رەوانەی تورکیا بکرێت بۆ ئەوەی کاتێک کە دوبارە کەیسەکە راستکردنەوەی 'تصحیح' تەمیزی بۆ کرایەوە، ئەو لە عێراق نەمابێت بۆ ئەوەی سزابدرێت.
ئەو ژنه کە دەستدرێژیی کرابوە سەر، سەر باری دەرونی ناجێگیرە، هاوسهرهكهشی خاوهنی پێداویستی تایبهته و مناڵێكی كوڕیان هەیە.
بڕیارەکەی دادگای تەمیز پەڕەی یەکەم وێنە: نەوژین
بڕیارەکەی دادگای تەمیز پەڕەی دوەم وێنە: نەوژین